هیچ هۆیەك نییە بۆ ئەوەی دوو نوێنەرە كوردەكەی كەركوكی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان نەگەڕێنەوە ناو ئەنجومەنەكە و هاوپەیمانی لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ كەركوك نەبەستن، ئەگەر عەرەب یان توركمان بەهەر هۆیەك بیانەوێت داكێڵی ئەنجومەنی پارێزگا و ئەم حكومەتە خۆجێیەی كەركوك بكەن، رەنگە بیانویەك یان شتێكیان هەبێت و بیانەوێت بەو هەڵوێستە سۆز و مەیلی عەرەب یان توركمان لە هەڵبژاردندا بۆ خۆیان رابكێشن، كە من وای دەبینم ئەویش نەك كارێكی شیاو نییە بگرە گەورەكردنی درز و رەهەندی نێوان پێكهاتەكانی كەركوكە، بەڵام ئەو دوو نوێنەرە كوردە ئەو بیانوەشیان نییە، پێكەوەیی كورد بۆ كەركوك خاڵێكی گرنگی سەركەوتنی كوردە، لە راستكردنەوەی شوناسی شێوێنراوی كەركوك و دەوروبەرەكەی .
لە ماوەی رابردوودا كە رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك بووە، زۆر هەنگاو بە ئاراستەی راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی نراوە، من ئەوە دەگێڕمەوە و دەینووسم كە بە چاو دەیبینم، نەك ئەوەی هەندێك هەر لەبەر نەیاریی چاویان شتەكان وەك خۆی نابینێت، پارتی و یەكێتی هەردووك پێویستە پاڵپشت و هاوكاری خۆ بەڕێوەبەری كەركوك و رێبوار تەها بن، ئەمە بۆ هەموو حزبە كوردییەكانی دیكەش وەسایە، كەركوك ناكرێت بەدبینانە سەیری بكرێت و هەركەس گرەو لەسەر ئەوە بكات چۆن ئەوی تر تێیدا زیانمەند بێت، ئەم جۆرە مامەڵەیە كاریگەریی نەرێنیی بۆ سەر شوناسی كەركوكییانە هەیە، شوناسی كەركوكییانە لە شوناسی حزبییانە و ئایدیۆلۆژیانە گەورەترە.
بە شار كردنەوەی كەركوك، پێویستی بە كۆمەكی هەموو ئەوانەیە كە شارییانە بیردەكەنەوە، بیركردنەوەی شارییانە بە مانای ئەوە نا كە شاریی پێی وابێت گوندی خەڵكی دەرەوە یان پەراوێزی شارن، بیركردنەوەی شاریانە، بە مانای خاوەندارێتی كردن لە جوانی و هەمەچەشنییەكەی شار، پارك و باخچە و جادەوبان و هەرچییەك لە شاردایە بە گۆڕستان و ناوەندە رۆشنبیرییەكان و هەتا دوایی دەبێت وەك موڵكی گشتی سەیر بكرێ، ئێمە لە كەركوك لەو روانگەیەوە هێشتا لەو ئاستەدا نین، ئاستی بەرپرسیارێتی بەو جۆرەی خۆمان لە ئایدیۆلۆژیا و خودپەسەندی بە دوور بگرین و لە خەمی شاردا بین، لە خەمی شاردا بوون كۆمەك كردنە بەو كەسانەی دەیانەوێت سبەینێی شار لە ئێستای باشتر بێت، ناكرێت بێئەوەی بزانین ئاخۆ هەنگاوەكان چۆن دەبن، ئێمە گرەو لەسەر شكست و كەوتنی هاوزمان و هاوشارییەكمان بكەین.
كەركوك پێویستی بە پێكەوەبوون و پێكەوە كاركردنە، ئێستا كە جۆرێك لە جموجۆڵ و چالاكیی ئاوەدانی و جوانكردن هەیە، پێویستە هەموومان دەستی یەكتر بگرین هەر ئەوەی قانعی مەزن دەڵێت: «برابن غایەتان یەك بێت برایی غایە یەكبوونە»، با لەوەدا برابین كە هیچ نەبێت كەمێك خزمەت بەو شارە دێرینە بكەین، لەبەرئەوەی كاتێك ئاوڕ لە دێرینی ئەو شارە و كۆنینە و شوێنەواری دەدەیت و كاتێك ئەو بارودۆخەی دەبینی، دەبێت رەخنە لە ئاوەزی پێكەوەیی خۆمان بگرین، كە بەوجۆرەیە و نامانەوێت شارەكەمان ببێت بە شار.