لەناو رووداوەکاندا

ئەمریکا، لە قەسیدەکەی ویتمانەوە بۆ پەیامەکەی ئوستن

09:50 - 2024-02-05
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
431 خوێندراوەتەوە

واڵت ویتمان شاعیری ئەمریکی، لە یادی شۆڕشی ئەمریکیدا کە 4 تەمموزی 1776ە، قەسیدەیەک دەنووسێت و پێشکەشی گەلی ئەمریکی دەکات، لە یەکێک لە دێڕەکانیدا دەڵێت «سأجعل هذە الارض خالدة‌، سأخلق علیها اسمی‌ جنس»، نووسەری قەسیدەکە لە بەرەبەیانی رزگاریی ئەمریکاوە، باس لەوە دەکات کە ئەو خاکەی ناوی ئەمریکایە، دەبێت بە زەوییەکی نەمر و باڵاترین رەگەزی مرۆڤی لەسەر دروست دەبێت، دوای ئەو مێژووە درێژە، ئێستا وادەبینرێت کە خاکی ئەمریکا نەمر بێت و رەگەزی تاکی ئەمریکییش باڵا و نموونەیی بێت، بۆیە دەیانەوێت سەردار و گەورەی جیهان بن، هەرچی لوید ئوستن وەزیری بەرگی ئەمریکایشە، هەفتەی رابردوو، بە روون و رەوان پێیوتین»ئەوان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ناکشێنەوە».
کەواتە ئێمە کاتێک قسە لەسەر کشانەوەی ئەمریکا دەکەین، دەبێت قسە لەسەر هێز و بەرژەوەندی، یان قسە لەسەر بوون و کشانەوەی تارمایی و سێبەر بکەین، ئەمریکا لە دوای زلهێزێکی گەورەی وەک بەریتانیاوە، بەکردەیی هاتۆتە خۆرهەڵات و نزیکەی دوو سەدەیە لێرەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بایی هێندە چۆتە ناو ئەم جوگرافیا سیاسییە بەرژەوەندیدارە دابەشبووە جەمسەرییەوە، هەموو ئانوساتێک تارماییەکەشی ببینرێت.
کاتێک ئەمریکا دەڵێت: لە خۆرهەڵات ناکشێینەوە، واتە لە نیوەگۆ خۆرئاواییەکەی زەویدا بە گەورەیی دەمێننەوە، ئەمەش میراتی ئەو هەڵکشانەیەتی کە بەریتانیا دوای ئەوەی تووشی دوو جەنگی شۆڕشگێڕەکان و جەنگی ساڵی 1812 دەبێتەوە، بۆ بەرژەوەندیی موستەعمەراتەکانی پێشووی، ئەم جوگرافیایە رادەستی ئەمریکا دەکات، بەمەش دەردەکەوێت رۆچوونی ئەمریکا بە خۆرهەڵاتدا تەنها قسە نییە و قوربانیی زۆریشی بە خۆی داوە تا بتوانێت هەنگاوی گەورە بۆ مانەوە بنێت.
هەر لەو بارەیەوە، شارەزایانی بواری ئابووری دەڵێن: لەکاتێکدا بەریتانیا سێ دەیە توانی لە خۆرهەڵاتدا بمێنێتەوە و درێژە بە داگیرکاری بدات، بەڵام ئەمریکا توانی دوو سەدە بە هەژموونی هێز، یان تارمایی و جووڵەی هێزی زیرەک (دیپلۆماسی)، بەردەوام بێت.
کەواتە قسەکردن لەسەر کشانەوەی ئەمریکا لە عیراق بێت یان لە خۆرهەڵاتدا، لەلایەک کشانەوەیەکە پێش هەموان ئەمریکا خۆی بڕیاری لێدەدات و کاتەکەی دیاریدەکات وەک چۆن رایگەیاندووە لە خۆرهەڵاتدا دەمێننەوە و گوێ بە پەیامی هیچ وڵات و هێزێکی دژە ئەمریکایی نادەن، لەلایەکی دیکەشەوە کشانەوەی ئەمریکا هەرگیز کشانەوەی یەکجاری نییە بەو مانایەی کە چ وجودی سەربازی بێت یان سێبەر و تارمایی بکشێتەوە، چونکە هەموو لایەک دەزانن ئەمریکا بە تەنها وڵاتێکی بەرژەوەندیخواز نییە لەهەر کوێیەکدا لینکەکەی پچڕا لەگەڵ وڵاتێکی دیکە، ئیدی جێیبهێڵێت، بەڵکو راستترە وا لە ئەمریکا تێبگەین کە ئەم زلهێزە خۆی بە تەنها جەمسەرێک و هەژموونێک و ئابوورییەکی جیهانە و لە هەموو شوێنێکدا هەیە، ئەم بوونەش بۆ هەموو وڵاتێک روون بۆتەوە کە بوونێکی خۆسەلماندنە، نەک خۆسەپاندن.
کەواتە وێنای ئەمریکا، لە قەسیدەکەی واڵت ویتمانەوە بۆ پەیامەکەی لوید ئوستن، پێگە و هێزی ئەمریکا روون دەکاتەوە کە، قورسایی ئەمریکا لەوە زیاترە بتوانرێت بۆ هەمیشە لە خۆرهەڵاتدا وەدەربنرێت و خۆری ئاواببێت.

وتارەکانی نوسەر