ئایا سوریا دەچێتە بەرەی ئەمریكا؟

09:38 - 2025-05-22
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
37 خوێندراوەتەوە

ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەبەردەم ئەنجومەنی پیرانی وڵاتەكەیدا وتی «رەنگە دەسەڵاتی راگوزەری سوریا چەند هەفتەیەك لە رووخانەوە دووربێت»، پێش ئەم پەیامە و بەتایبەت لەدوای دیدارەكەی ئەحمەد شەرع و دۆناڵد ترەمپ-ەوە لە ریازی سعودیە، باس لەوە دەكرا كە رەنگە سوریا بچێتە بەرەی ئەمریكا، ئیسرائیل و سعودیەوە، بەڵام ئەگەر ئەم پەیامە لە واقیعدا ئەگەری روودانی هەبێت، ئەوا وادیارە دیدارەكەی ریاز بە دڵی ئەمریكییەكان نییە و دیمەشق داواكانی ترەمپ-ی رەتكردۆتەوە.
لەدوای 8/12/2024ەوە كە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سوریادا كۆتاییهات، دۆخی سوریا وایدەخواست كە پێگەی ناوچەیی و سیستمی سیاسی و جیۆسیاسی و دەستووریی خۆی بگۆڕێت، مانەوەی سوریا وەك وڵاتێكی روو لە خۆرهەڵات یان دابڕاو لە جیهانی ئەوروپی و ئەمریكی، یان وەك وڵاتێك شەتەكدراو بەمێژووەوە، جگە لە كرانەوە و بازدانێكی مێژوویی، بەهیچ شتێكی دیكە نابێتە سوریایەكی نوێ، تەنانەت رەنگە وەك زۆر وڵاتی دوای شۆڕش و ئینقیلابەكانیش، تووشی داخران و چوونەوە ناوخۆ ببێتەوە.
پەیامەكەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا پەیامێكی راگوزەر نییە و جێگەی بایەخە و لەهەموو كاتێكدا چاوەڕوانی ئەوەی لێدەكرێت ببێتە واقیع، چونكە ئەوەی سوریا دەكاتە بەرەی ئەمریكا داواكارییە قورسەكانی ترەمپە و رەنگە ئەوەش بۆ دیمەشق قورس بێت، بەڵام دەكرا دیدارەكەی شەرع و ترەمپ وەك دەرفەتێكی مێژوویی بۆ سوریا وەربگیرێت و بادانەوەیەكی سیاسیی و بەرژەوەندخوازیی و جیۆسیاسیی بكات لە توركیاوە بگەڕێتەوە و بچێتە بەرەی ئەمریكا، ئەوەش بە دوو مەرج:
یەكەم: كاركردن لەسەر هەموو ئەو چاكسازییانەی كە پەیوەستە بە ناوخۆی سوریاوە، بۆئەوەی سوریا ببێتە  وڵاتێكی بەرەی ئەمریكا، پێویستە ئەحمەد شەرع هەموو ئەو پنتانە چاك بكاتەوە كە ترەمپ لە دیدارەكەی ریازدا هێڵی سووری بە ژێردا هێنابوو و داوای لە شەرع كردبوو چاكیان بكاتەوە، لەوانە: دەستوورێكی عەلمانی، پێكەوەژیانی ئاشتییانە، مامەڵەكردن لەگەڵ كوردەكانی خۆرئاوای كوردستان و دەسەڵاتی خۆسەری لە باكووری سوریا، هاتنی كۆمپانیای ئەمریكی بۆ ئەو وڵاتە و تا سەرمایەگوزراریی خۆیان بكەن.
دووەم: ئەوەی پەیوەستە بە دۆخی دەرەوەی سوریاوە، مامەڵەكردنێتی لەگەڵ زلهێزەكانی نزیك لە ئەمریكا لە ناوچەكەدا، بۆ سوریا بەتەنها توركیا گرنگ نییە، بەڵكو ئیسرائیل و سعودیەش گرنگن، چوونە بەرەی ئەمریكا واتە چوونەبەرەی ئیسرائیل و سعودیە، ئەگەر ئەحمەد شەرع بیەوێت لە یارییەكە بەردەوام بێت و بۆ ئاستێكی زۆر بچووك نەهێنرێتەخوارەوە و پەیامەكەی (رۆبیۆ) نەبێتە راستی و پاشان لە لیستی تیرۆریش دەربهێنرێت، ئەوا دەبێت وڵاتێك بێت بە  تەواوی جموجۆڵ و وەرچەرخانە مێژووییەكەیەوە بە دڵی ئەمریكا و ئیسرائیل و سعودیە بێت، هەر وڵاتێكی ناوچەكە ئیسرائیل و سعودیە ئۆكەی لەسەر نەدەن و قبووڵی مەرج و ویستەكانی ئەو دوو وڵاتە نەبێت، ئەوا ناتوانێت بچێتە بەرەی ئەمریكا.
بۆئەوەی سوریا وەك وڵاتێكی تەواو ئەمریكی دەربكەوێت، ئەوەندە بەس نییە شەرع بتوانێت ترەمپ ببینێت، بەڵكو بەشە گرنگەكەی بە ئەمریكاییبوونی سوریا ئەوەیە، دەسەڵاتی نوێی سوریا بەتەواوی بوونیەوە بەرەو ویست و بەرژەوەندییە باڵاكانی ئەمریكا هەنگاو بنێن و بەرگری لەو بەرژەوەندییانەش بكات لە خاكی سوریادا، ئەگەر بەپێچەوانەشەوە شەرع هیچ هەنگاوێك بەمەبەستی نزیكبوونەوە لە ئەمریكا نەهاوێژێت، ئەوا ئەو ئەگەرە دەبێتە راستی كە ماركۆ رۆبیۆ ئاماژەی پێدەدات.

وتارەکانی نوسەر