کۆمێنت

خوێنی ئەوانی تر

10:10 - 2024-02-08
شیرین. ک
157 خوێندراوەتەوە

شیرین. ک

(88)


پێش سەردەمی ئینتەرنێت رەنگە زۆربەی خوێنەران نەیانزانیبێت سیمۆن دۆ بۆڤوار بە رۆمان دەستیپێكردووە و ساڵی 1954 خەڵاتی گۆنكۆری ئەدەبیشی پێبەخشراوە، بەڵكو شوناسی سیمۆن دۆ بۆڤوار لە دوو چەمكدا كورتكرابووەوە كتێبە بەناوبانگەكەی (رەگەزەكەی تر) و جان پۆڵ سارتەر-ی هاوڕێی، زۆربەی خوێنەران پێیان وابووە رۆڵی سەرەكی سیمۆن پەیوەندییەكەی بووە لەگەڵ سارتەردا، لەكاتێكدا عەشقی راستەقینەی سیمۆن لەگەڵ نووسەری ئەمریكی (نیڵسۆن ئالگرین)دا بووە، بە رۆمانی (ماندارین) ئەو پەیوەندییەی تۆمار كردووە، رۆمانەكە شایەتحاڵی قۆناغێكی دژوارە لە ژیانی رۆشنبیری فەرەنسا و ئەوروپاش پاش دووەم جەنگی جیهانی و سەرەتاكانی جەنگی سارد كە رۆشنبیران بەسەر دوو باڵی دژبەیەكدا دابەشبوو بوون و لە ململانێیی فیكریدا بوون، بەڵام هەر ئەم رۆمانە پێگەی دۆ بۆڤۆاری لە ژیانی رۆشنبیریی فەرەنسادا قایمكردووە، هەروەها كۆمەڵێك رۆمانی تری هەیە كە تەرجەمەی زمانی عەرەبیش كراون (رۆشنبیرەكان، ناوبراو، خوێنی ئەوانی تر، وێنە جوانەكان و هتد..
لە رۆمانی خوێنی ئەوانی تردا كە ساڵی 1945 بڵاویكردۆتەوە، ساڵی 2021 خوێندوومەتەوە بە نموونەیەكی باڵای جۆری ئەدەبی بەرگریی دادەنرێت، كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر كۆی مەشهەدی رۆشنبیریی و ئەدەبی سەدەی بیست هەبووە، كۆمێنت: (رۆمانەكە باسی ئەو گۆڕانكارییە نێگەتیڤانە دەكات كە جەنگ لە ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگەدا دەیكات، كاتێك جان بلۆمار-ی پاڵەوانی رۆمانەكە هێلین-ی خۆشەویستی دەنێرێت بۆ جێبەجێكردنی ئەركێكی شۆڕشگێڕانە و لە ئەنجامدا دەمرێت، ئینجا لە خۆی دەپرسێت: ئایا پرەنسیپە باڵاكانمان ئەوە دەهێنێت قوربانی بدەین بە خۆمان یان خۆشەویستەكانمان!؟ دۆ بۆڤوار لە بەشەكانی دواتری رۆمانەكەدا وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت شۆڕش ئەوەیە خوێنی شۆڕشگێڕان تیایدا بەفیرۆ ناڕوات، بەڵام لە جەنگدا خوێنی ئەوانەی دەكوژرێن، خوێنی ئەوانی ترە و خوێنیان بە فیرۆ دەڕوات..).
دۆ بۆڤوار لە چاوپێكەوتنێكدا كە چەند ساڵێك پێش مەرگی لەگەڵیدا كراوە سەبارەت بە رۆمانەكانی دەڵێت: ئەوەی بەلامەوە گرنگە و چێژی لێ وەردەگرم، كردنی رۆمانەكانمە بەفیلمی سینەمایی بەم كارە لە جەماوەرێكی نوێ نزیك دەبمەوە، جگەلەوەی بەم كارە سینەماییانە مانایەكی نوێ دەدرێتە بە رۆمانەكانم.

وتارەکانی نوسەر