قسەکردن لەسەر یەکێتی، لە دەرەوەی واقع!

09:51 - 2024-02-11
شوان کەریم کابان
166 خوێندراوەتەوە

بەمەبەستی بچووککردنەوەی یەکێتی، بەرتەسک کردنەوەی ئامادەیی لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا، یان لە قاڵبدانی رۆڵی گەورە و بەرچاوی، دێن یەکێتی لە دەرەوەی واقع و دوور لەو راستییانەی ھەن و بەدەر لە رووداوەکان ھەڵدەسەنگێنن و دەیخەنە بەر نەشتەری توێژینەوە و ھەڵسەنگاندن. 
ھەندێ لایەن و بزووتنەوە و تاقم و دەستەی سیاسی گروپی دروست بوو بۆ ھەڵبژاردن، قسە لەسەر ئەوە دەکەن، یەکێتی ژمارەی دەنگەکانی کەمی کردووە! ئەم قسەیە راستە؟ بێگومان راستە! ئەی ئەوانە ھۆکارەکەی وەک خۆی دەڵێن و دەخەنە روو؟ یان بە مەرامی تایبەت و بۆ مەبەستی خۆیان دەیان  درۆ دەھۆننەوە، لەوانە؛ خەڵک متمانەی بە یەکێتی نەماوە! خەڵک لێی تووڕەیە! جەماوەری کەمی کردووە. 
وەک پێشتر گوتمان، راستە یەکێتی دەنگەکانی کەمی کردووە، بەڵام ھۆکارەکان چین و ئایا ئەمە ھەروەک خۆی ماوەتەوە؟ بە رای بەندە پێنج ھۆکاری سەرەکی ھەن. 
یەکەم : یەکێتی لە 2009 تاکو ئێستا بە رەسمی و لابەلا سێ چوار بەشی لێبۆتەوە و بۆتە ھۆی جیابوونەوەی دەیان ھەزار ئەندام و لایەنگر لێی. 
دووەم : لە سنووری  یەکێتیدا، ژمارەیەکی زۆری حزب و گروپ و بزووتنەوەی سیاسی و دەیان رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی ھەن کە ژمارەیەکی زۆریان چالاکیی خۆیان لەوەدا دەبیننەوە کە نووکی رمی رەخنە و گلەیی و گازندەیان رووی لە یەکێتی بێت و ئەمەش بێگومان کاری لە بەشێکی خەڵک کردووە. سێیەم : یەکێتی لەگەڵ چەند لایەنێکی تردا بەشداری حکومەتە لە کابینەی نۆدا کە کەموکورتی و خوار و خێچی و لاریی لە زۆر بواردا ھەیە و لەھەمووشیان گرنگتر، کەمتەرخەمی لە دابینکردنی مووچە و بژێوی خەڵکی کوردستان، بۆیە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گلەیی و رەخنەی زۆری خەڵکی بەردەکەوێ و بەشێکی خەڵکی لێ زویرە، گەرچی ئەم ٪20 ی ھۆکاری ئەو کەموکورتیانە نییە! 
چوارەم: خەڵک لە ھەڵسوکەوتی ھەندێ لە بەرپرسانی کۆن یان ئێستای یەکێتی، ناڕازین بەھۆی خراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتیانەوە. پێنجەم : تەوەلا بوونی خەڵک لە بەشداریکردن لە دەنگدانەکاندا. 
ئەمانە ھۆکاری راستەقینەی کەمبوونەوەی دەنگەکانی  یەکێتین، نەک بەھۆی ئەو بەیت و بالۆرانەی نەیارەکانی دەیڵێنەوە، بەڵام وێڕای ئەوەش، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دوو ھەڵبژاردنی گرنگدا تاقیکرایەوە، یەکێکیان ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق کە تیایدا سەرکەوت وێڕای گەلەکۆمەکێی ناوخۆش! دووەم ھەڵبژاردنی پارێزگاکانی عیراق کە یەکێتی سەرکەوتنی گەورەی لە کەرکوک و موسڵ و دیالە بەدەستھێنا کە لەمەشیاندا زۆرێک لەوانەی دەرەوەی یەکێتی، دەنگیان بە نەیارانی یەکێتی دا. 
بەپێی ئاماری مەکتەبی رێکخستنی یەکێتی کە لە کۆنفرانسی دووەمی خۆیدا ئاماژەی پێدا، دەیان ھەزار دەنگی زیاد کردووە و خەڵک متمانەی گەورەی داوەتەوە بە یەکێتی، ئەمەش راستییەکی گرنگ و گەورەمان بۆ بەرجەستە دەکات ئەویش ئەوەیە، ئەم سەرکەوتنانە، رەنگدانەوەی بەرچاو و فراوان و ئیجابی دەبێت لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کە بڕیارە بکرێت و ھەموو نەیارەکان و دوژمنەکانی یەکێتی، بێئومێد و شکست خواردوو دەکات!

وتارەکانی نوسەر