بێسەروبەریی رێکارەکانی هاتوچۆ

09:59 - 2024-02-11
هیوا محەمەد
262 خوێندراوەتەوە

رۆژانە سەدان ئۆتۆمبیل دێتە ئەم هەرێمەوە، بێ ئەوەی زیادکردنی جادە و شەقامەکان گۆڕانی ئەوتۆیان بەسەردا بێت.
جادەی نێوان شار و قەزا و ناحیەکان و لەوێشەوە بۆ گوندەکان زۆربەیان پڕن لە تاسە و لۆفەی سەخت و نەبوونی رێنماییەکان، بەتایبەتی فسفۆڕ لە شەودا، لە زستاندا زۆریان دەبنە قوڕ یان بە بەفر دەگیرێن و کەنار جادەکان دادەڕمێن.
کامێرای گەڕۆک کەمە، وەستانی ئۆتۆمبیلەکان بێسەروبەرە، راگرتن بە دوو ریز هەیە لە شەقامەکان، شۆفێر لە کوێ ویستی رایدەگرێت. لە هەموو جێیەکی ئەم جیهانە، پۆلیس دەبینین بە سەر ماتۆڕەوە وەکو گەشتی چاودێریی دەگەڕێت، بەڵام لێرە ئەمە نییە و ئەگەر هەشبێت زۆر کەمە. 
ماتۆڕ وەک ئۆتۆمبیل نییە، دەتوانێت زووتر بگاتە جێگەی رووداو یان سەرپێچیکەر رابگرێت، جاری وایە دوو ئۆتۆمبیل کە بە یەکیاندا داوە نزیکەی سەعاتێک چاوەڕیی گەیشتنی پۆلیس دەکەن بۆ پشکنین، شەقامەکەش بە درێژایی کیلۆمەترێک بە چوار ریز گیراوە.
گەشتی پۆلیسی نهێنی و ئاشکرای هاتووچۆ نییە، ئەو ئۆتۆمبیلانە ئاگادار بکاتەوە کە لە جێی قەدەغەکراودا رایان گرتووە.
تەنها لە ناوەندی شار و شەقامە گرنگەکاندا چەند پۆلیسێک هەیە و شەقامەکانی تر لێی نییە، ئەگەرچی لەهەر شوێنێکی شار مادام جووڵەی ئۆتۆمبیل هەیە دەبێت چاودێریی پۆلیسیش هەبێت.
بەبەرچاوی پۆلیسی هاتوچۆوە، سەرپێچی دەکرێت، لە سوور دەدرێت، خراپ رایدەگرێت، کەچی هیچ ناڵێت، لەیەکێک لەو پۆلیسانەم پرسی بۆچی ئێوە چاوپۆشی دەکەن؟ لە وەڵامدا وتی ناتوانم، چەند جارێک تووشی کێشە بووم، چونکە دەسەڵاتیان هەبووە و ناچار من داوای لێبووردنم کردووە، یان مۆڵەتەکە و سەنەویەکەم لێوەرگرتووە کەچی خێرا تەلەفۆنی بۆ یەکێک کردووە و منیان ئاگادارکردۆتەوە کە بیدەمەوە، ئیتر بۆچی من خۆم پیاو خراپ بکەم؟
یەکێکی تر وتی کابرایەک هەیە 10 ساڵە دەیبینم مۆڕەم لێدەکات، چونکە شەوێک بە سەرخۆشی لێی دەخوڕی و منیش دوای پشکنین، مۆڵەت و سەنەوییەکەم لێسەند و وتم سبەینێ وەرە بۆ دائیرە، کەچی بۆ سبەینێ هات و کەسێکی لەگەڵدا بوو بێ چەند و چۆن لێیانم سەندمەوە.
تەنها چاوی کامێراکان بە یەکسانی سەرپێچییەکان تۆمار دەکات، بەڵام ئەویش بۆ خێرایی لێخوڕینە، ئیتر دەیان سەرپێچی دیکە هەیە حسابی بۆ ناکرێت.
پێدەچێت هەندێک لە پۆلیسەکان توانای ئەوەیان نەبێت سەرپێچیکەران رابگرن، ئەویش رەنگە لەبەر دیاردەی مەسئول و کوڕە مەسئول بێت.
هەندێک جار لەو شوێنانەی ترافیکلایت نییە، پۆلیسی هاتووچۆ بە یەکسان رێگەکان ناکاتەوە، جاری وایە سەرقاڵ دەبێت بە تەلەفۆنەوە یان لەگەڵ کەسێک قسەدەکات، ئیتر هەر لایەک کراوە دەبێت و ئەوانی تر دەبێت بوەستن، واتا لەبری 90 چرکە دەبێتە دوو خولەک و زیاتر.
هێڵکاریی شەقامەکان کەمن، لەهەندێ شەقام هەر نەماوە، بەتایبەتی تاسەکان کە دەبێت بەرەنگی دیار رەنگ بکرێت.
لەناوەڕاستی شەقامەکان هەرکەس بە ئارەزووی خۆی تابلۆیەکی ریکلام دادەنێت، ئیتر کە دەتەوێت پێچ بکەیتەوە پێشی خۆت نابینی کە بزانیت ئۆتۆمبیل هەیە یان نا؟
لە هەندێک شوێن لەپڕ کراوەیەکی گەڕانەوە
( یوتێرن) دەگیرێت، بەمەش لۆدێکی زۆر لەولای شەقامەکە دروست دەبێت، یان کراوەیەکی پێچکردنەوە لە شوێنێکدا دروست دەکرێت کە رێک لەوبەرییەوە دوکانێکی زۆر هەیە و هەمیشە بەردەمیان ئۆتۆمبێلی زۆر وەستاون بۆ شت کڕین.
زۆریی ماتۆڕی دیلێڤەری و نەبوونی مەرجەکانی هاتوچۆ تیایاندا و بەبەرچاوی کارمەندانی هاتوچۆوە دەیان سەرپێچی دەکەن.
ئەمانەو زۆری دیکە بوونەتە مایەی بێزاریی ئەوانەی خوازیارن یاسا بۆ هەموان وەک یەک بسەپێندرێت.

وتارەکانی نوسەر