زووم

گەڕانەوە بۆ سامدال

11:16 - 2024-02-11
رۆزا دڵشاد مەریوانی
203 خوێندراوەتەوە

چی دەبێت کاتێک لەوپەڕی ناوبانگ و ئەستێرەبووندا دەڕوخێیت و هەموو ئەوانەی دەیانناسیت و بە هاوڕێیان دادەنێیت پشتت تێدەکەن، بەڵام هەمیشە تاکە رێگە بۆ دەربازبوون و خۆ بنیادنانەوە ئەو جێیەیە کە تۆی پێگەیاندووە  پێش ئەوەی بەناوبانگ و سەرکەوتوو بیت، ئەو شوێنەیە لێیەوە دەرکەوتوویت و ژیاویت و گەورە بوویت، بێ هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتی لەوێ چواردەورەکەت خۆشیان ویستووی.
ئەمە چیرۆکی درامایەکی کۆری نوێیە و بەم دواییانە لەسەر پێگەی نێت فلیکس تەماشام کرد ئەویش درامای «گەڕانەوەیە بۆ سامدال ری» کە کچە ئەستێرەی بەتوانا «شین های سۆن» رۆڵی پاڵەوانی تێدا دەگێڕێت شانبەشانی ئەستێرەی کۆری «جی چان ئووک» ئەم کچە بە رۆڵەکانی ناسراوە هەمیشە کارەکتەر و بابەتی ئاڵۆز و جیاواز پێشکەش دەکات کە دەبنە جێی سەرنجی بینەران و رەخنەگران هاوکات توانایەکی ناوازەی هەیە بۆ بەرجەستەکردنی کارەکتەرە جیاوازەکان و خۆی لە یەک جۆر کارەکتەردا لە قاڵب نەداوە و من بۆ خۆم سەرسامی رۆڵەکانیم و زۆر درامای ئەم ئەکتەرەم تەماشا کردووە و چێژم لێیان بینیووە.
ئەم درامایە باس لە کچە فۆتۆگرافەرێکی بەناوبانگ دەکات کە بۆ گۆڤار و ئەستێرەکان وێنە دەگرێت و لە لووتکەی ناوبانگ و کردنەوەی پیشەنگای کۆی کار و سەرکەوتنەکانێتی لەماوەی هەشت ساڵدا، بەڵام لەپڕ هەموو شتێک تێکدەچێت و ناوبانگ و ژیانی وەک ئەستێرەیەک کۆتایی دێت، بۆیە بەناچاریی دەگەڕێتەوە بۆ شوێنی لەدایکبوونی کە گوندی سامدال- ە لە دوورگەی جیجۆ، پەیامی دراماکە ئەوەیە کاتێک دەگەیتە خاڵێک وادەزانیت دنیا هەمووی بۆ تۆیە و ناوبانگ و سەرکەوتن لە کاردا هەموو شتێکە، دەکرێت زۆر بە ئاسانی بە ناوزڕاندنێک لە میدیا و سۆشیال میدیادا شکست بێنیت و ئەوەی چەندین ساڵ بنیادت ناوە لەدەستی بدەیت، کاتێک ئەوە روودەدات ئەو کاتە دەزانیت کێ دۆستی راستەقینەیە و کێ بۆ بەرژەوەندی تایبەتی لەگەڵتدا بووە، هەمیشەش خێزان و دۆست و کەسە نزیکەکانت تاکە رێگەن بۆ دووبارە هەستانەوە و خۆبنیادنانەوە، هەروەها چەندە بەناوبانگ و سەرکەوتوو بیت ناکرێت ئەو بەشەی ژیانت بسڕیتەوە و رۆژێک دێت پێویستت پێیان دەبێت. لە ئەڵقەکانی کۆتاییدا کچە پاڵەوانەکە دەڵێت «بۆیە ئێستا هەر کاتێک پێویستم بەوە بێت هەناسە بدەم دەگەڕێمەوە بۆ جیجۆ» کە شوێنی لەدایکبوونی پاڵەوانەکەیە، واتا کاتێک ئاڵۆزیی و کێشەکانی ژیان تەنگمان پێ هەڵدەچنێ و هەستدەکەین چیتر ناتوانین وەک مرۆڤێک هەناسە بدەین و لەسەر سروشتی خۆمان بین کە دەچینەوە نێو خێزان و کەسوکار و خۆشەویستانمان خەمەکانمان دەڕەوێتەوە و دووبارە دەتوانین باشتر و روونتر بیربکەینەوە و بەخۆماندا بچینەوە.

وتارەکانی نوسەر