ئەرشەد تەحسین
وەك هەر دامەزراوەیەكی دیکەی سەردەمییانە، كە كۆمەڵێك دەستی كار و هێزی مرۆیی كاری تێدا دەكەن و بەڕێوەی دەبەن، لە دامەزراوە تەندروستییەكاندا، كارمەندانی تەندروستی پشكی شێریان بەركەوتووە و رۆڵێكی یەکجار كاریگەر و بەرچاویان هەیە لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییە جۆربەجۆرەكاندا. لەم پێناوەشدا بەبێ ماندووبوون، شەو و رۆژیان خستۆتە سەریەك لەپێناوی گێڕانەوەی تەندروستی باش بۆ هاووڵاتیان.
كارمەندی تەندروستی، ئەو توێژە ماندوونەناسەی ناو ناوەندە تەندروستییەکان دەگرێتەوە كە راستەوخۆ بەرپرسن بەرامبەر تەندروستی هاووڵاتیان و رەوێنەرەوەی ئێش و ئازاری دەردەداران و هەتوانی زام و برینی بریندارانن.
كارمەندانی تەندروستی ژێنەرەوەی هەستی دەروونی نەخۆشەکانن، بەجۆرێك دەستێكیان لە خزمەتی هاووڵاتیاندایە و دەستەكەی دیکەیان لە خەمی ژیانی خۆیان و خانەوادەكانیان و كێشەی بێ مووچەیی و ژیانی تایبەتیدایە و هەمیشە ئەركی خۆیان بەرامبەر نەخۆش خستۆتە پێش ژیانی تایبەتیی خۆیانەوە.
بەواتایەكی تر، هەم لە هەوڵی چارەسەركردن و كەمكردنەوەی ئێش و ئازاری نەخۆشدان و ئارامگرن بەرامبەر دۆخی ژیان و گوزەرانی خۆشیان، هەربۆیە دەكرێت پێیان بووترێت فریشتەی سۆز و بەزەیی.
زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێیم كارمەندانی تەندروستی دڵی ناوەندە تەندروستیەكانن، چونكە هیچ ناوەندێكی تەندروستی بەبێ كارمەندانی تەندروستی ناتوانێت ببێتە جێگایەكی پڕ سوود بۆ هاوڵاتیان، بەجۆرێك هیچ بەشێك نییە لە ناوەندە تەندروستییەكاندا بەبێ رۆڵ و ماندووبوونی كارمەندانی تەندروستی بتوانێت ئەركی راستەقینەی خۆی جێبەجێ بكات.
لەبەرامبەر ئەم پێگە گرنگ و هەستیارەی كارمەندانی تەندروستی لە ناوەندە تەندروستیەكاندا، جێی خۆیەتی وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەكان رۆڵ و گرنگیی كارمەندانی تەندروستی بەهەند وەربگرن و كاڵا بەقەد باڵای ئەرك و ماندووبوونیان مافەكانیان پێبدەن، بەجۆرێك ببێتە هاندەر بەرەو كاری زیاتر و باشتر پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری، یاسای كاریش بەو شێوەیەیە كە هەتا ئەرك و ماندووبوون زیاتر بێت، ماف و شایستە پیشەییەكان زیاتر دەبن.
بۆیە پێویستە ماندووبوونی كارمەندانی تەندروستی لەبەرچاوبگیرێت و مافەكانیان دەستەبەر بكرێت، بەیاسا مافەکانیان رێکبخرێتەوە و پەراوێز نەخرێن لەڕووی پێگە ئیدارییە باڵاكانی وەزارەتی تەندروستیدا، شایستە پیشەییەكانیان بۆ خەرج بکرێت و ژیانێكی شایستەیان بۆ دابینبکرێت، ئەوەش دەبێتە گرەنتی خزمەتێكی باشتر لەلایەن کارمەندانی تەندروستییەوە.