رێـڕەو

كشانەوەی ئەمریكا و لێكەوتەكانی

09:35 - 2024-02-14
فەرید دڵشاد
124 خوێندراوەتەوە

لە دوای ساڵی 2003 وە، هێزەكانی ئەمریكا بە رەسمی لە عیراقدان، مانەوەی ئەم هێزانە بەردەوام بوو، تا ئەو كاتەی لە ساڵی 2008 عیراق و ئەمریكا رێكەوتنێكیان بە ناوی رێكەوتننامەی رەوشی هێزەكان ناسراو بە (سۆفا) ئیمزاكرد بۆ كەمكردنەوە و جێهێشتنی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق، رێكەوتنەكە لەلایەن جۆرج بوش، سەرۆكی ئەوكاتەی ئەمریكا و نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عیراقەوە ئیمزاكرا، ئەم رێكەوتنە بەردەوامیی هەبوو تا سەردەمی ئیدارەی باراك ئۆباما، ئەوەبوو لە كۆتاییەكانی ساڵی 2011، ئەمریكا ژمارەی هێزەكانی بۆ سفر سەرباز كەمكردەوە.
كشانەوەی ئەمریكا لێكەوتەی نەرێنی بۆ عیراق بەدوای خۆیداهێنا، رەوشەكەی ناسەقامگیر كرد، ئەوەبوو ژمارەیەک گروپی چەكداری لە دەرەوەی سوپا دروستبوون و گۆڕەپانەكەش چۆڵ بوو بۆ هێزی دەرەکی تا هەژموونی زیاتریان لە عیراقدا هەبێت. جیا لەوەش وردە وردە گروپە تیرۆریستییەكانی وەك قاعیدە و داعش تەشەنەیان كرد، جگە لە داگیركردنی رووبەرێكی زۆری خاكی عیراق، تەنانەت مەترسی بۆسەر هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و بەغدای پایتەختی عیراقی فیدراڵیش دروستبوو، ئەمەش وایكرد جارێكی دیكە ئەمریكا لەژێر ناوی راوێژكار و راهێنەری سەربازیی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە بگەڕێتەوە بۆ عیراق.
لە دوای سەركەوتن بەسەر داعشدا لە ساڵی 2017، جارێكی دیكە داوای كشانەوەی ئەمریكا سەریهەڵدایەوە، لە كابینەكانی حەیدەر عەبادی و عادل عەبدولمەهدی و تەنانەت لە سەردەمی مستەفا كازمیشدا هەوڵی جدی درا و سەردانی واشنتۆنی كرد و خەریك بوو خشتەیەك دابنرێت بۆ كشانەوەی ئەمریكا، بەڵام سەرینەگرت. 
لەدوای دەستبەكاربوونی كابینەكەی محەمەد شیاع سودانی، گوشاری جدی هەیە بۆئەوەی هێزەكانی ئەمریكا بچنە دەرەوە، بەتایبەتی لەدوای جەنگی حەماس و ئیسرائیل هێرشی گروپە چەكدارەكانی ئەمریكا دەستیپێكرد و وەڵامی توندی ئەمریكای بەدوای خۆیدا هێنا.
ئێستا 2500 سەربازی ئەمریكا لە عیراق هەن، ئیدارەی جۆ بایدن پەیامی ئەوەی داوە بە گوێی سودانیدا كە لە عیراق ناكشێنەوە، چونكە لە رێگەی عیراقەوە بەرژەوەندییەكانی لە ناوچەكە دەپارێزێت، هەروەها ئەستەمە گۆڕەپانەكە بۆ چین و روسیا و بە تایبەتی ئێران چۆڵ بكات، بەڵام لە ئەگەری كشانەوەی ئەمریكادا كە ئەگەرێكی زۆر لاوازە، جارێكی دیكە ناسەقامگیری روو لە عیراق دەكاتەوە، بۆشایی ئەمنی زیاتر دەبێت، هەژموونی گروپە چەكدارەكان روو لە هەڵكشان دەكات، ئەوەش مەترسیی زیاتر دروست دەكات، جیا لەوەش ئەگەری سەرهەڵدانەوەی گروپە تیرۆریستییەكان بەهێزتر دەبێت.
سەبارەت بە هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 1991 ئەو قەوارەیەی بۆی دورستبوو لەسەر دەستی واشنتۆن بوو، لە ساڵی 2005 ئەو فیدراڵییەی بۆ هەرێم چەسپێنرا بە پشتیوانی ئەمریكا بوو، هەروەها لە دوای ساڵی 2014 و هاتنی داعش، ئەمریكا بەردەوام هاوكاریی لۆجستی و دارایی هەرێمی كردووە، هەربۆیە لە نەبوونی ئەمریكادا دەستوەردانی وڵاتانی ناوچەكە لە ناوخۆی هەرێم زیاتر دەبێت، گوشاری زیاتر دەكرێت بۆ لەقاڵبدانی هەرێمی كوردستان و ئەو قەوارەیەی كە هەیەتی بەتایبەتی لەلایەن بەغداوە.

وتارەکانی نوسەر