پشتەوەی سەردانەكەی سودانی بۆ واشنتۆن

09:49 - 2024-03-27
فەرید دڵشاد
93 خوێندراوەتەوە

دوای روخانی رژێمی پێشووی عیراق و دروستكردنی سیستمی نوێی سیاسی عیراق، پەیوەندییەكانی واشنتۆن و بەغدا زۆرجار بەرز و نزمی بەخۆیەوە بینیوە، هۆكاری سەرەكی ئەمەش بەهۆی ململانێكانی واشنتۆن و تاران بووە لەسەر چۆنێتی بەڕێوەبردنی كاروباری ناوخۆی عیراق. زۆرێك لەو كابینانەی حكومەتی عیراق، كە پێكهێنراون، جۆرێك لە نزیكییان لە ئێران پێوە دیاربووە، محەمەد شیاع سودانی هەرچەندە كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی نزیك لە ئێران بوو كە بوو بە سەرۆك وەزیران، بەڵام جیاواز لەوانەی پێشووتر هەر لەسەرەتاوە بەجۆرێك كاری كرد كە ئەو سەر بە هیچ بەرەیەك نییە و دەیەوێت عیراق لەگەڵ هەموو وڵاتاندا پەیوەندییەكانی بە یەك ئاست بڕوات.
لەسەر ئاستی دەرەوە، سودانی تا ئەم ساتە سەركەوتوو بووە لە بەستنی پەیوەندییەكی هاوسەنگ لەگەڵ ئەمریكا و ئەوروپا و ئێران و تەنانەت لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەكانیشدا، ئەمەش لە بەرژەوەندیی عیراقییەكان شكاوەتەوە، بەجۆرێك پەیوەندیی حكومەتی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریكا لەپاش هەڵگیرسانی جەنگی غەزە، چووە دۆخی گرژی و پێكدادان و مووشەك هاویشتن و هێرشی درۆنییەوە، كەچی سەرباری ئەمە هێشتا سودانی بە رەسمی بانگهێشتی ئەمریكا دەكرێت و بڕیارە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو لە كۆشكی سپی لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا كۆببێتەوە و مەبەستیش لێی بەهێزكردنی ئەو پەیوەندییە دوو قۆڵییەی نێوان هەردوو وڵاتە، بەتایبەتی لە بواری ئەمنی و ئابووریدا.
لەسەر ئاستی ناوخۆ سودانی توانیوێتی پەیوەندییەكی هاوسەنگ لەگەڵ لایەنەكاندا بپارێزێت، لەلایەك دڵی چوارچێوەی هەماهەنگی رازیكردووە، لەلایەكی تریشەوە تائێستا بەرەی دژی چوارچێوەی هەماهەنگی كە موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر و لایەنگرەكانێتی هیچ دژایەتییەكی خۆیان بۆ سودانی رانەگەیاندووە. 
لەبەرامبەر كوردیشدا، كابینەكەی سودانی تاكە كابینەیە هەنگاوی ریشەیی بۆ چارەسەری كێشەكان ناوە، بەتایبەتی لە بابەتی مووچە و بودجەدا، كە بابەتی چارەسەری كێشەكانی كورد بەلای ئەمریكاوە گرنگە، بەتایبەتی كە لە راپۆرتێكی ئاژانسی ئەلمۆنیتەری ئەمریكاییدا هاتووە: "چارەسەركردنی كێشەكانی  بەغدا و هەولێر لە پێشەنگی بەرنامەكانی واشنتۆنە بۆ پێشوازیكردن لە سودانی".
هەموو ئەو هەنگاوانەی سودانی وادەكات سەردانەكەی بۆ ئەمریكا لە دۆخێكی باشدا بێت، هەرچەندە لە ناوخۆی ئەمریكا جۆرێك لە نیگەرانی هەیە كە پێیانوایە، سودانی هیشتا لەسەر هێڵی ئێرانە، بەڵام بەلای كۆشكی سپییەوە هێشتا سودانی باشترین كارەكتەرە لەناو شیعەكاندا بۆ مامەڵەكردن لەگەڵی و پێکەوە کارکردنی هاوبەش، هەربۆیە سەردانەكەی سودانی بۆ واشنتۆن ئەوە دەگەیەنێت كە تائێستا عیراق بەلای ئەمریكاوە گرنگە، هەروەها عیراقیش هەمان پێگە و رۆڵی گرنگی جارانی هەیە لە ناوچەكە، لەبەرئەوە چاوەڕوان دەكرێت، سەردانەكەی سودانی بۆ ئەمریكا لەم دۆخەدا هاوكاریی عیراق بكات لە بواری سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی و ئابووری.
ئەم سەردانە دەستكەوتێكی بۆ خودی سودانیش ئەوەیە كە پێگەی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بەهێزتر دەكات، هاوكار دەبێت بۆئەوەی جارێكی دیكە بچێتەوە سەر كورسی سەرۆكایەتی کابینەی حکومەت و لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2025دا دەنگێكی زۆر بەدەست بهێنێت.

وتارەکانی نوسەر