رێـڕەو

سودانی هاوكێشەی سیاسی شیعەكان دەگۆڕێت؟

10:07 - 2024-02-21
فەرید دڵشاد
121 خوێندراوەتەوە

هەندێک چاودێری سیاسی لەبارەی سودانییەوە دەڵێن: ئەو پیاوە هێمن و لەسەرخۆیەی بوو بە خاڵی بەیەكگەیشتنی لایەنە  شیعەكان،  ئێستا مەترسی ئەوەی ‌لێدەكرێت ببێت بە هۆکاری پەرتبوون، ئەو بەرەو بەهێزبوونی پێگەكەی هەنگاو دەنێت، ترسی لای چوارچێوەی هەماهەنگی دروستكردووە و رەنگە مێزەكە بەسەریاندا قڵپ بکاتەوە و لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگێكی زۆر بەدەستبهێنێت.
بڕیارە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عیراق ساڵی 2025 بەڕێوەبچێت، محەمەد شیاع سودانی كار بۆ ئەوە دەكات ببێتە سەركردەیەكی كاریگەر، ئەو لە رێگەی خزمەتگوزارییەوە هەر زوو سەرنجی هاووڵاتیانی بۆ لای خۆی رادەكێشی، سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەوە دەترسن بەشداریی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمان بكات.
سودانی لەسەر ئاستی ناوخۆ هێزی خۆی نیشان داوە و دەڵێت": ساڵی 2024 دەبێت ساڵی تەواوكردنی پڕۆژەكان بێت". حكومەتەكەی دروشمی نەهێشتنی هیچ پڕۆژیەكی تەواونەكراوی بەرزكردۆتەوە، بڕیاریداوە حەوت هەزار پڕۆژەی نوێ‌ جێبەجێ‌ بكات، كە لەناویاندا پڕۆژەی زەبەلاح هەیە وەك: میترۆی بەغدا و شەمەندۆفێری خێرای نێوان كەربەلا و نەجەف.
لەلایەكی ترەوە كورد و سوننەكان لێی رازین، بە تایبەتی خەریكە كێشەكانی هەولێر و بەغدا لەسەردەمی ئەودا بەرەوكۆتایی دەچن، هەروەها هیچ هەنگاوێك یان لێدوانێكی دژی سوننەكان نەداوە، لەسەر ئاستی دەرەوە، زۆرێك لەو وڵاتانەی سەردانی كردوون جەمسەربەندیی دژ بەیەكی تێدابووە، بەڵام توانیوێتی هاوسەنگی بپارێزێت بەتایبەتی لە نێوان ئەمریكا و ئێران.
هەرچەندە سودانی بەشداریی هەڵبژاردنە خۆجێییەكانی عیراقی نەكرد، كە ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو پاساوەكەی ئەوە بوو سەرقاڵی كاروباری حكومەتە، بەڵام هەموو ئەو خاڵە بەهێزانەی سەرەوە هانیدەدەن بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو بكات، بەپێی راپرسییەك، چاوەڕوان دەكرێت سودانی بە پێکهێنانی هاوپەیمانییەک  60 كورسی پەرلەمان بۆ خۆی مسۆگەر بكات.
سودانی دەتوانێت وەك یاریزانێكی بەهێز لەناو پەرلەمانی داهاتوودا دەربكەوێت، بەپێی زانیارییەكان بەنیازە بۆ هەڵبژاردن هاوپەیمانی لەگەڵ هەریەك لە ئەسعەد عێدانی پارێزگاری بەسرە و نوسەیف ئەلختابی پارێزگاری كەربەلا و محەمەد ئەلمەیاحی پارێزگاری واست پێكبهێنێت، كە ئەم پارێزگارانە ئێستا دووركەوتوونەتەوە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، لە هەڵبژاردنە خۆجێییەكاندا 26 كورسیان بەدەستهێناوە.
هەروەها سودانی دەیەوێت نزیكبێتەوە لە تشرینییەكان و ئەو لایەنانە کە كورسیان بەدەستنەهێناوە و حزبە كلاسیكییەكانی نزیك لە ئێران وەك حزبی فەزیلە و ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، ئەم هێزانەش لە هەڵبژاردنە خۆجێییەكاندا 25 كورسیان بردەوە، پێشبینیش دەكرێت بزووتنەوەی فوراتین كە حزبەكەی سودانییە 10 كورسی بباتەوە، بەمەش هاوپەیمانییەكەی سودانی دەبێتە خاوەنی 60 كورسی پەرلەمان.
ئەو چاودێرانە پێیانوایە، چوارچێوەی هەماهەنگی نیگەرانن لە بەهێزبوونی سودانی، دەیانەوێت بە بەڵێنی كاندید كردنەوەی بۆ خولی دووەمی سەرۆكایەتی حكومەت، پەشیمانی بكەنەوە لەوەی بەشداری هەڵبژاردنەكان بكات، لەئەگەری بەشداریكردنی، رەنگە هاوكێشەی سیاسی شیعەكان بگۆڕێت .
لەسەرو ئەوانەشەوە سودانی كەسایەتییەكی تایبەتی هەیە و خاوەنی رەگەزنامەی بیانی نییە و هیچ دۆسێیەكی گەندەڵی لەسەر نییە ئەوەش متمانەی لای هاووڵاتیان زیاتر دەكات.

وتارەکانی نوسەر