دوێنێ رۆژی جیهانی زمانی دایک بوو، رۆژێک کە بەبڕوای من ئەگەر بۆ هەر گەل و نەتەوە و کۆمەڵگایەکی دیکە بەرزڕاگرتنی زۆر جێگەی گرنگی و بایەخ پێدان نەبێت، ئەوا بۆ گەلی کورد زۆر پێویست و گرنگە کە ئەو یادە زۆر بەرز و پیرۆز رابگرێت، چونکە ئەگەر بە مێژووی کورددا شۆڕببینەوە ئەوکات تێدەگەین هیچ وەخت و سەردەمێک نەبووە هێندەی ئێستا زمان و کەلتور و رۆشنبیری و خاک و سەروەریی کورد لە ژێر مەترسی داگیرکاری و لەناوچووندا بێت.
راستە مێژووی کورد پڕە لە داگیرکاری و لەناوبردن، بەڵام ئەوەی ئەم لەناوبردن و داگیرکارییانەی ئێستا لە رابردوو جودا دەکاتەوە ئەوەیە کە ئێستا زۆرێک لە تاکی کورد بێئاگا خۆی پێشی داگیرکەران کەوتووە.
ئەگەر لەڕابردوودا داگیرکەران بەدوای داگیرکردن و دابەشکردنی خاک و نەهێشتنی هەستی نەتەوایەتی و لەناوبردنی کەلتور و زمانی کوردییەوە بوون و هەموو هەوڵێکیان بۆ سەرخستنی پیلانەکانیان بووبێت، ئەوا ئێستا خودی تاکی کورد بێئاگا و بێ هەستکردن بەو مەترسیانە و خۆپاراستنیان لێیان سەرقاڵی جێبەجێکردنی ئەو پیلانانەی دوژمنن، ئەوەی جێگەی مەترسییە جێبەجێکردنی ئەو پیلانانەش هەموی لەژێر ناوی بەرەوپێشچوون و کرانەوەدا دەکرێت، هەربۆیە دەبینین یادێکی وەک ڤالانتاین کە نەک سوودو قازانجی بۆ ئێمە نییە، بەڵکو کەلتور و خێزانی کوردیشی بەرەو لێکترازان و لەناوبردن بردووە. کەچی زۆر بەبایەخ تر و گرنگتر لە رۆژی جیهانی زمانی دایک لێی دەڕوانرێت و تەنانەت بەشێک لە میدیاکان زیاتر گرنگی پێدەدن.
رۆژی جیهانی زمانی دایک، رۆژێک کە بەبڕوای من ئەگەر بۆ هەر گەل و نەتەوە و کۆمەڵگایەکی دیکە بەرزڕاگرتنی زۆر جێگەی گرنگی و بایەخ پێدان نەبێت، ئەوا بۆ گەلی کورد زۆر پێویست و گرنگە کە ئەو یادە زۆر بەرز و پیرۆز رابگرێت
قەبارەی مەترسییەکان لە سەر ناسنامەی ئێمەی کورد هێندە گەورەن ناتوانین بائاسانی مەزەندەیان بکەین، لە هەر دەروازە و رێگایەکەوە دەڕۆین دەبینین بە دەیان و سەدان پیلان بۆ لەناوبردنمان لە بەردەماندا دانراوە، هەرئەمەشە وامان لێدەکات کە بڵێین بەڵێ رۆژی زمانی دایک بۆ ئێمە لە هەموو یاد و رۆژێکی دیکە دەبێت بەرزتر رابگیرێت و دەبێت رۆشنبیران و خەمخۆرانی ئێمە پلانی باشتریان هەبێت بۆ بەرزڕاگرتنی ئەم یادە،
ناکرێت ئێمە ئەم یادە لە رۆژێک و چەند سەعاتێکدا کۆتایی پێبهێنین، بەڵکو دەبێت بەرنامە و پڕۆگرامی هەفتەییمان بۆ ئەم یادە هەبێت، دەکرێت هەرشار و شوێنێکی ئەم کوردستانە بکەین بە سەکۆیەک بۆپێشکەشکردنی دەیان بەرنامە لەسەر خستنەڕووی گرنگی پارێزگاری کردن لەزمان و کەلتورمان، چونکە ئەوەی ئێمەی تائێستا راگرتووە و لەنێو ئەم هەموو داگیرکەرەدا بەزیندوویی هێشتونیەتییەوە زمانەکەمانە نەک رۆژی ڤالانتاین.