مام جەلال ئەوەی دەویست کە ئێستا تورکیا داوای دەکات

09:51 - 2025-01-23
سەردەشت محەمەد
210 خوێندراوەتەوە

سەردەشت محەمەد

 

ناوەڕاستی ساڵی 2014 رەوانشاد سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی، چەند پەیامێک دەگەیەنێتە بەرپرسانی قەندیل، ناچمە ناو تەواوی وردەکاری  پەیامەکانی مام جەلالەوە، تەنها یەک پەیامیان بۆمن گرنگە کە لێرەدا دەیخەمەڕوو، ئەویش ئەوەیە، مام جەلال لە رێگەی ئەو کەسانەوە کە پەیامەکانی دەگەیەنن، داوا لە سەرکردەکانی قەندیل دەکات، کە هەرچی زووە لە رۆژئاوادا هەنگاوی بە پەلە بنرێت، بۆ خۆدوورخستنەوە لە پەکەکە.
 بۆ ئەمەش مام جەلال پێشنیاری ئەوە دەکات دەستبەجێ هێزەکانی رۆژئاوا ئاڵای پەکەکە و هەرچی وێنەی ئاپۆ هەیە لە بارەگا و شوێنە گشتییەکان لای ببەن و لە بری ئەوە رەمزێکی نوێ بۆ خۆیان دروست بکەن، ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ دەربازبوونی هێزە کوردییەکانی رۆژئاوا لە هەڕەشەکانی تورکیا.
 ئەگەرچی سەرکردەکانی قەندیل،  ئەم پەیامەی مام جەلال بە گرنگ وەسف دەکەن و دوا بە دوای ئەوە  هەندێک گۆڕانکاری دەکرێت، بەڵام تائێستاش تورکیا هەر بەچاوی دوژمنکارانەوە لە کوردانی رۆژئاوا و بەتایبەت هەسەدە دەڕوانێت و  وەک باڵێکی سەربازی پەکەکە لە هەسەدە دەڕوانێت، ئەنقەرە ئەمەشی کردووە بە بیانویەک بۆ هێرشکردنەسەر رۆژئاوا.
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دە ساڵ بەسەر ئەو پەیامەی مام جەلال دا، ئێستا یەکێک لە خواستەکانی نەک بە تەنها تورکیا، بەڵکو وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکاش ئەوەیە، وادەخوازن هەسەدە بە یەکجاری خۆی لە پەکەکە داببڕێت، ئەم خواستەی تورکیا  لە کۆبونەوەکەی چەند رۆژی رابردووی نێوان مەسعود بارزانی و مەزڵوم عەبدی دا زیاتر بە دەرکەوت، کاتێک کە میدیاکان باسیان لەوە دەکرد یەکێک لە تەوەری گفتوگۆکان، قسەکردن بووە لەسەر دۆزینەوەی رێگاچارەیەک بۆ لێکنزیکبوونەوەی تورکیا و هەسەدە، بۆ ئەمەش گرنگە هەسەدە گۆڕانکاری لە سیاسەتی خۆیدا بکات و خۆی لە قەندیل دووربخاتەوە.
هەرچەندە من باوەڕم وایە، دوورکەوتنەوەی هەسەدە لە پەکەکە زەمانەتی ئەوە ناکات، کە تورکیا پاشەکشە بکات لە هێرشکردنە سەر رۆژئاوا، لە هەر کاتێکدا کە بۆی رێبکەوێت، بەڵام ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆئەوەی لانیکەم، لەم قۆناغە هەستیارەی ئێستادا، هەسەدە ئەو بیانووە نەدات بەدەست تورکیاوە بۆئەوەی زیاتر دەستکراوەبێت بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوا.
ئێستا سوریا چەندە پێویستی  بە ئاشتیی و ئاشتەواییە بۆ دووبارە خۆڕێکخستنەوە، رۆژئاوا دوو هێندە پیویستی بە سەقامگیری و ئاشتی و راگرتنی جەنگە، چونکە هەموومان دەزانین لە جەنگدا مەودایی بیرکردنەوە بەرتەسکتر دەبێت و هێزە شەڕکەرەکان تەنها بیر و خەیاڵیان لای راوەستان و کۆتایی هاتنی جەنگە، خۆ ئەگەر جەنگ کۆتایی بێت و ئاشتی بەرقەراربێت ئەوکات هەنگاوەکان بۆ بە بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر خێراتر و دروست تر دەبێت، بەتایبەت بۆ هێزێکی وەک هەسەدە، کە خاوەن بەرنامە و ئەجیندایەکی روونە بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن و خۆدوورخستنەوە لە شکست.
 ئەمە لەم دۆخە ناهەموارەی رۆژئاوا زۆر بە روونی هەست پێدەکەین و دەبینین سیاسەتی حەکیمانەی سەرکردەکانی هەسەدە، چۆن توانیویەتی سەرنجی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا بۆخۆی رابکێشێت و وابکات کە پشتگیری ئەوان بۆخۆی بە دەست بێنێت، هەرچەندە لەوەش تێدەگەین کە ئەوروپا و ئەمەریکاش بەدوای بەرژەوەندی خۆیانەوەن و پارێزگاریکردن لە هەسەدە بە دیوێکی دیکەدا، پارێزگاریکردنە لە بەرژەوەندیی خۆیان لە سوریا بە گشتی و رۆژئاوا بەتایبەتی.

وتارەکانی نوسەر