دەترسم بڵێن راپەڕین ئێمە كردوومانە!

11:30 - 2024-02-22
شوان کەریم کابان
172 خوێندراوەتەوە

ساڵی 2009، لە خولی سێیەمی پەرلەماندا كاتێك بۆ یەكەم جار ئۆپۆزسیۆن بە بەرفراوانی گەیشتە پەرلەمان و ئەوكات ژمارەی ئەندامانی فراكسیۆنی كوردستانی لە نیوەی ئەندامانی پەرلەمان زیاتربوو لەگەڵ پێكهاتەكان «كە ئەمڕۆ بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عیراق نەما»، دەبووە 70 كورسی، هەر یاسایەك، جا فراكسیۆنی زۆرینە، یان لایەنێكی ئۆپۆزسیۆن، یان بە هاوبەشی پێشكەش بكرایە، یان لەلایەن حكومەتەوە بهاتایە و خوێندنەوەكانی بۆ بكرایە و دواتر پەسەندبكرایە، یەك هەفتە، لەگەڵ رێزمدا، هەموو میدیاكانی ئۆپۆزسیۆن و یار و یاوەرەكانیان، دەیانكردە هەڵڵا، كە ئەوە دەستكەوتی ئۆپۆزسیۆنە و ئەوە ئەوان كردوویانە و دنیایان پڕدەكرد. گەر هەر بڕیارێك یان یاسایەك لە هەر بارێكدا و بۆ هەر مەبەستێك بووبێت و هەر فراكسیۆنێك پێشكەشی كردبێت، ئەگەر فراكسیۆنی كوردستانی دەنگی پێنەدایە، پەسەند نەدەكراو تێنەدەپەڕی. ئەم قسەیەم بە رەهایی دەكەم.
ساڵی 2023، بەچڕی و خەستی؛ هەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی، هەر بەڕێگەی بەغداوە بوو بۆئەوەی چارەسەرێك بۆ كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بدۆزرێتەوە، لەسەروشیانەوە مەسەلەی بودجە و مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و بۆ ئەم مەبەستەش دەیان كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسە حزبی و حكومییەكان كرد. بەهەمان شێوە پێشتر چەندین جار هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت بە سەرۆكایەتیی وەفدی حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدای كردووە بۆ هەمان ئامانج. ناكرێت ئەوەش نادیدەبگرین، چەند جارێكیش وەفدی جیاجیای حكومەتی هەرێم لە ئاستی باڵادا سەردانی بەغدایان كردووە بۆ هەمان مەبەست.
هەڤاڵێكمان هەیە، تەمەندرێژبێت، ناوی زیادی شەهید جەبارە و ئێستا ئەندامی سەركردایەتییە و لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانیشە، كە ئەندام پەرلەمان بوو سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی بوو، ئەوكات بەو سیفەتەی سكاڵایەكی لەبارەی یاسای هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان لە دادگای فیدراڵی عیراق تۆماركرد، لەهەمانكاتدا سكاڵایەكی تریش لەسەر كورسیی كۆتاكان تۆماركرا. دوێنێ 21/2/2024 دادگای فیدراڵی چەند مادەیەكی یاساكەی بە نادەستووری لەقەڵەمدا و سكاڵاكەی هەڤاڵ زیاد سەریگرت و بردییەوە و لەهەمانكاتیشدا كورسیی كۆتاكانیش بەپێی شكاتەكەی تر نەما. كەچی وەك پیشەی هەمیشەییان؛ هەندێك بزووتنەوە و تاقم كەوتنە بەستنی كۆنگرەی رۆژنامەوانی، بە حیساب ئەم كارە ئەوان كردوویانە، لەكاتێكدا وەك لە روونكردنەوەكەی بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا هاتووە، دوو ساڵە پێچەوانەی ئەو سكاڵایە قسەدەكەن و پڕوپاگەندە دەكەن، بەدڵنیاییەوە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیش لەبارەی پابەندكردنی حكومەتی عیراق بە ناردنی بودجە و مووچە بۆ هەرێم، هەر بەو هەرا و هوریایە دەكەنە دەستكەوتی خۆیان و وەك ئەركی هەمیشەییان دەكەونە چەواشەكاری.
بمبوورن، یادی راپەڕین نزیكە، دەترسم بەو بۆنەیەوە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بگرن و بڵێن راپەڕینیش ئێمە كردمان!

وتارەکانی نوسەر