گلەییەکی خۆمانە لەسەر ناحەقییەک

09:37 - 2024-03-17
شوان کەریم کابان
86 خوێندراوەتەوە

ئەم زۆنەی خۆمان کە بەزۆنی سەوز ناسرابوو ئێستا بۆتە رەنگاورەنگ بەهۆی بڕوای تەواوی خاوەن ئەو رەنگە کە یەکێتی یە، بە ئازادیی رادەربڕین و پێکهێنانی حزب و بزووتنەوە و گروپ و رێکخراوی جیاجیا، لەم سنوورە کار دەکەن و هەر هەمووشیان بە ئازادی بێ رێگری کاری خۆیان دەکەن، رەخنەدەگرن، مان دەگرن، بایکۆت دەکەن، کەمپین دەکەن، هەموو شتێک دەکەن بۆ دەربڕینی رای خۆیان. 
ئەم قسانە خوانەکردە منەت نین، بەڵکو وتنی راستییە.

ئازادییەکان لێرە دەستەبەرکراون 
ئازادیی رادەربڕین و ناڕەزایی و رەخنەگرتن لێرە، مێژوویەکی 32 ساڵەی هەیە و تەمەنی ساڵێک لە یادی راپەڕین کەمترە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1992، کاتێک ژمارەیەک هاووڵاتی چوونە بەردەم بارەگای بەرەی کوردستانی لە بینای کۆنی شارەوانی کە ئێستا شوێنی یەکەی خزمەتگوزارییەکانێتی و هەموو یەک دەنگ هاواریان دەکرد «نان و پەنیر و کەرە، بەعس باشترە لەبەرە » ئەمە لەکاتێکدا بوو هێشتا تەمەنی راپەڕین ساڵێکی تەواو نەکردبوو. لەوێوە حیکایەتی ئازادییەکی بەرفراوان لەم سنوورە دەستی پێکرد، چونکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، باوەڕی تەواوی پێیی هەبوو، ئێستاش ئەو بڕوایە لەق نەبووە. ئەم ماف سەلماندنە بۆ هاووڵاتیانی ئەم دەڤەرە کە لە دەستوورەکان و لەجاڕنامەی مافی مرۆڤدا هەیە، لێرە شێوازی جیا و قاڵبی جیای وەرگرتووە. 

زۆریان بە یەکێتی کرد، بەڵام
لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا، حزب هەبووە هەرچی ناشیرینە بە یەکێتی وتووە و بە رادیۆ و تەلەڤزیۆن و رۆژنامەش دڵی ئاوی نەخواردۆتەوە، بەڵکو بڵندگۆی خستۆتە سەر ئۆتۆمبێل و بەنێو شەقام و کۆڵانی شارەکانی ئەم سنوورەدا گێڕاویانە و ئەوەی وتویانە ناوترێت! 
لەم دەڤەرەدا، بزووتنەوە هەیە مایکی تیڤی و رادیۆکەی دەداتە دەست خەڵک و ئەوەی نەشیاوە دەیڵێن. 
لەم دەڤەرەدا، پێنج شەش ساڵە بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانی ناڕازی حزبی و نا حزبی، خوێندن دوو سێ مانگ دوادەکەوێ. لەم زۆنەدا 13 ساڵە، هەر کاتێک بیانەوێ، حزب و بزووتنەوەکانی ئەم سنوورە، ئەندام و لایەنگرانی خۆیان دێننە سەر شەقام و خۆپیشاندن دەکەن، خەڵکی هەندێ شار و شارۆچکە بۆ ئەوەی داواکارییە رەوا و ناڕەزاییەکانیان بگەیێننە حکومەت، بە هەفتە، شەقامە سەرەکییەکانی هاتوچۆ دەگرن. 

لە رەخنە دەرچووە
لەم سنوورە بە بیانووی رەخنەگرتن لە حکومەت و حزب، کار گەیشتۆتە ئەوەی هەندێک بەجنێودان رادەرببڕن، داوابکەن خەڵک هەڵبواسرێ، بڵێن فڵانە کەس بێرێزە، جنێو بە مێژووی گەلەکەمان بدرێ و مێژوو بشێوێنرێ و گاڵتە بە راپەڕین بکرێ.
هەموو ئەمانە بێ هیچ رێگرییەک کراون و دەکرێن، گەرچی ئازادیش ناشیرین کراوە،  لێرە گلەیی لە کەس نەکراوە و ریگریش نەکراوە، بەڵام ئەوەی زۆر ناخۆش و ئازار بەخشە، وەسف کردنی سەدامی دکتاتۆری تاوانباری ئەنفال و کیمیابارانەکان و روخاندنی هەزاران گوند و شارۆچکەی کوردستان و بکوژی سەدان هەزار کورد و عەرەب و کریستیان و هەڵگیرسێنەری شەڕی هەشت ساڵەی عیراق-ئێران و داگیرکەری کوێت، بە باشە کە هیچ بیانوویەک، نەکەم نە زۆر هەیە بۆ ئەو وەسفەی و جوانکردنی. 

لە مینبەری مزگەوتەکانەوە
رۆژی هەینی 15-3-2024 بەلای مزگەوتێکی شاری سلێمانیدا تێپەڕیم، کاتی نوێژ و خوتبەی هەینی بوو، مامۆستا بەڕێزەکە خوتبەی دەدا، بەڕێوە گوێم لێدەگرت و دەشمزانی کە لە زۆربەی مزگەوتەکان مامۆستایانی بەڕێزی ئاینی، وێڕای لایەنە ئاینییەکە، لەسەر لایەنە دونییاییەکەی ژیانیش راوبۆچوونی خۆیان هەیە و ئازادانە گلەیی و گازندەی خۆیان لە کار و کەموکورتییەکانی حکومەت دەکەن، بەڵام ئەوەی سەرنجی راکێشام قسەیەکی سەیری ئەو مامۆستایە بوو کە وتی: ئەوەی ئێستا لە کوردستان رودەدات وەکو ئەو جینۆسایدە وایە کە کورد لەشاری هەڵەبجە لەسەر دەستی سەدام تووشی بوو بە ناویش گلەیی لە چەند حزبێک کرد و قسەکانی بۆنی ئەوەی لێدەهات کەسەر بە حزبێکی تر بێ، جیا لەوانەی ناوی هێنان. 
بەڕاستی ئەمە هەم ناحەقییەکی ئێجگار گەورەیە، هەم سپیکردنەوەی رووی رەشی ئەو دیکتاتۆرەشە. لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە، ئایا بەڕێزانی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاگاداری ناوەرۆکی وتاری هەندێ لەو مامۆستا بەڕێزانەن؟

وتارەکانی نوسەر