ئێستا هەرچۆنێک بێ، مێژووی تێکۆشان شکۆی خۆی هەیە

09:54 - 2024-03-05
شوان کەریم کابان
110 خوێندراوەتەوە

 شوان کەریم کابان  

ئەگەر دوورتر نەڕۆین و شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری لە تورکیای عوسمانی، بەسەرەتای شۆڕشەکانی کورد و کوردستان دابنێین، ئەوا مێژوویەکی چڕی پڕ لە تێکۆشان و پڕ لە قوربانیدان و شکۆ، بە نسیبی خەڵکی کوردستان دەبێت.
هەموو جووڵانەوە و شۆڕشەکان، لە سات و سەردەمی خۆیاندا گرنگ بوون و زادەی بارودۆخی سەردەمەکە بوون و دید و هێز و توانایان لەوێوە هەڵێنجاوە، ئامڕازەکانی شۆڕش، بە وشە و بیر و چەک دەربڕی سەردەمەکە بوون،  قوربانییەکانیش بە قەبارەی شۆڕش و تەمەنەکەی بوون. 
لە هەموو شۆڕشەکاندا، چ کارەسات و نەهامەتییەکان چ سەرکەوتنەکان، بۆخۆیان لە بیرەوەریی و زهنیەتی زۆربەماندا پیرۆزیی خۆیان هەیە و بوونەتە بەشێکی زیندووی مێژووی نەتەوەییمان. 
کارەساتەکان، سەرکەوتنەکان، سات و رۆژی خۆیان هەیە بۆ یادکردنەوە. لای ئەوانەی پێی دەزانن و مەبەستیانە، ئەو رۆژ و مێژووانە، سەرچاوەی عیبرەت و پەند لێوەرگرتنن، مناسەبەتێکن بۆ بەخۆداچوونەوە و دەرس وەرگرتن و هەڵسەنگاندن. 
لەم رۆژەدا یادی رووداوێکی گەورە و گرنگ لە مێژووی خەباتی گەلی کوردستان دەکەینەوە کە یادی 33 ساڵەی راپەڕینە. 

راپەڕین قۆناغێکی نوێ بوو
راپەڕین ئەزموونێکی نوێی خەبات بوو، هەم بۆ شۆڕش هەم بۆ خەڵکی کوردستان، هەلومەرجی کۆتاییەکانی ساڵی 1990 و سەرەتای 1991 بارودۆخێکی لەباری هێنابووە ئاراوە بۆ هەنگاونان بەرەو قۆناغێکی نوێی خەبات و تاقیکردنەوەی شێوازێکی تری تێکۆشان هەم بۆ خەڵک و هەم بۆ شۆڕش. 
بەندە باشم بیرە، ساڵی 1982، سەرۆک مام جەلال، هەڤاڵانی ئیزگەی راسپارد، چیتر سروودی دەمی راپەڕینە لە ئیزگەوە پەخش نەکەن و هەڵیگرن بۆ سات و کاتی خۆی.
پاش هەشت ساڵ لە مانگەکانی کۆتایی 1990، کاتێک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پلانی راپەڕینی داڕشت و لایەنەکانی بەرەی کوردستانی بۆ بەشداربوون ئاگادار کرد و ئیزگەی دەنگی گەلی کوردستان کەوتە بڵاوکردنەوەی وتار و بانگەواز و رێنماییەکانی شۆڕش بۆ ئامادەکاری بۆ راپەڕین، ئەوسا هەموو لە مەبەستی ئەو راسپاردەیەی سەرۆک مام جەلال تێگەیشتین، چونکە ئەوکاتە رۆژانە لە 10 جار زیاتر ئەو سروودە لێدەدرا. 
راپەڕین ئەزموونێکی نوێ بوو لە شۆڕشدا، یەکەم جار بوو راستەوخۆ خەڵک و شۆڕش پێکەوە رووبەڕووی دامودەزگاکانی ئەو سەردەمەی رژێمی بەعس بوونەوە، گومانی تێدا نییە، هەمیشە خەڵک و شۆڕش دوانەی لەیەک دانەبڕاو بوون، شۆڕش خەڵک دروستیکردووە، پێشتر خەڵکی کوردستان بەشێوازی تر پەناو پشتی شۆڕش بوون و رۆڵیان گەورە و بەرچاو بووە، بەڵام ئەمجارە هاوبەشی راستەوخۆ و بەشدار بوون. 
راپەڕین سەرکەوت، بەرهەمەکەشی هەرێمی کوردستان بوو کە پاش روخانی رژێمی بەعس بووە فیدراڵ و لە دەستووری عیراقیشدا دانی پیادانرا. 
ئێستا هەموومان دەزانین، هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی ناهەمواردا تێدەپەڕێ، کۆمەڵێک کێشەی ناوخۆیی و دەرەکی هەیە، ئەمە وایکردوە هەندێ کەس بە ئەنقەست و مەبەست و پیلان مێژووی شۆڕشەکان بە راپەڕینیشەوە ناشیرین و کەم بایەخ بکەن، هەندێکی تریش لە نائومێدیدا بەگومانەوە لەو مێژووە بڕوانن. 
خەڵک مافی خۆیەتی گلەیی و گازندەی لەم بارودۆخە هەبێ، بەڵام ترسناکە بکەونە داوی دوژمنان و ناحەز و نەیاران و ئەوانەی بە مەبەست دەیانەوێ مێژووی خەبات و قوربانیدانی گەلەکەمان ناشیرین و لەکەدار بکەن.
 سڵاو لە گیانی پاکی سەرۆک مام جەلال و کاک نەوشیروان، داڕێژەران و جێبەجێکارانی پلانی راپەڕین، سڵاو لەگیانی پاکی شەهیدانی راپەڕین و گشت شەهیدانی کوردستان، سڵاو لە خەڵکی کوردستان، سڵاو لە هەموو ئەو حزب و لایەنانەی بەشداری راپەڕین بوون، سڵاو لە یادی راپەڕین .

راپەڕین هێزی پێشمەرگە و خەڵکی پێکەوە گرێ دا

وتارەکانی نوسەر