ئیرادە، هەستانەوە، دووربینی

10:02 - 2024-03-07
شوان کەریم کابان
103 خوێندراوەتەوە

لاپەڕەکانی مێژوو پڕن لە باس و گێڕانەوەی تێکۆشانی کەسەکان لەپێناوی ژیانێکی مرۆڤانە و شایستەتر و ئەو هەوڵانەش بێ ئازار و قوربانی و باج نەبوون، هەمیشە کارەکتەرەکانی ئەو تێکۆشانانە، رووبەڕووی زەحمەت و کۆسپی زۆر بوونەتەوە تا ئاستی لەناوچوونیش، بەڵام پەیڕەوی ژیان وابووە کە مرۆڤە خاوەن ئیرادەکان تەسلیمی ئەو واقیعە نەبوون، بەڵکو بەردەوامییان داوە بە تێکۆشان و بەربەستەکانیان تێکشکاندووە و رێگایان گرتۆتەوەبەر. 
خەبات و تێکۆشانی گەلەکەشمان لەم راستییە بەدەر نەبووە، تازەترین نموونەش، مێژووی شۆڕشی نوێی گەلەکەمانە بە رابەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. 
یەکێتی لە سەرەتای دروستبوونییەوە رووبەڕووی نەهامەتی گەورە بۆتەوە، هەر لە گرتن و لەسێدارەدانی ژمارەیەک سەرکردە، تا شەهیدکردنی دەیان کەس لە مەفرەزە سەرەتاییەکانی و شەهیدبوونی چەندین سەرکردە و فەرماندە و کادر، تا کارەساتی هەکاری و ئەمجا شەڕ پێفرۆشتنی ناوخۆ و چەندین نەهامەتی تر، بەڵام لەهەموو ئەو زەحمەت و شکست و نەهامەتیانە قورستر و پڕ ئازارتر، کیمیابارانی هەڵەبجە و دەیان ناوچەی تر و تاوانی ئەنفالەکان بوو لەسەر دەستی رژێمی بەعسی روخاو، دەرهەق گەلەکەمان و روخان و تێکدانی هەزاران شارۆچکە و گوند و ئاوایی کوردستان.
هەروەها زەرەرمەندبوونی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و لەدەستدانی پانتاییەکی زۆری ناوچە رزگارکراوەکان و ناچاربوون بە پاشەکشێ.
ئەو زەبر و برینە قووڵە نەیتوانی ئیرادەی گەلەکەمان بڕوخێنێ، هەر زوو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کەوتەوە خۆڕێکخستنەوە و سەرلەنوێ بەگەڕخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و دانانی پلانی نوێ بۆ روبەڕوبوونەوەی پیلانەکانی رژێمی بەعس کە خۆی لە درێژەدان بە تاوانەکانی ئەنفال و وردە وردە چۆڵکردنی شارۆچکە و ئەمجا شارەکانی کوردستان و بڵاوەپێکردنی خەڵکەکەی بە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عیراقدا دەبینییەوە. 
بۆیە هەمیشە سەرکردایەتی بەدوای هەلێکی لەباردا دەگەڕا بۆ قۆستنەوەی و بە بەهێزی چوونەوە مەیدانی روبەڕوبوونەوە. 
لە سەرەتای هاوینی 1990، سەرۆک مام جەلال لە دیمانەیەکی رۆژنامەنووسیدا لەگەڵ رۆژنامەیەکی فەرەنسیدا وتی: سەدام سەرکێشییەکی گەورە دەکات و پێدەچێ پەلاماری کوێت بدات! 
هەرواش بوو  دووی ئابی 1990 پەلاماری کوێتی دا و داگیریکرد. هەر ئەوکاتەش سەرۆک مام جەلال بڕوای بەوە بوو کە سەدام لە کوێت ناکشێتەوە و جیهانیش لێی قبووڵ ناکات. بەوەش هەلە لەبارەکە هاتە ئاراوە، بۆیە لە کۆتاییەکانی 1990 دا، یەکێتی پلانی راپەڕینی داڕشت و حزبە ئەندامەکانی بەرەی کوردستانیشی لە پلانەکە ئاگادارکردەوە. ئەوەبوو بە هاوکاریی جەماوەری کوردستان راپەڕین لە رانیەوە دەستیپێکرد و پاش چواردە رۆژ شاری کەرکوکیش رزگار کرا، ئەوە بۆ هەموو لایەک سەلمێنرا کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەن ئیرادەیەکی بەهێز و دووربینییەکی وەهایە کە بە ئاسانی هەر نسکۆ و هەڵنووتنێک، دەکاتە هەڵسانەوەیەک کە لە لاپەڕە پرشنگدارەکانی مێژووی گەلەکەماندا بنووسرێتەوە و هەر هەنگاوێکیش کە ناوێتی و دەینێت، لەپێناوی بەرژەوەندیی گەلەکەماندایە.

وتارەکانی نوسەر