(90)
ئالان لایتمان، نووسه‌ری ئه‌مریكی، ساڵی 1993 رۆمانی خه‌ونه‌كانی ئه‌نیشتاین-ی نووسیوه و بووه به‌یه‌كێك له كتێبه پڕفرۆشه‌كان، بۆ سی زمان وه‌رگێڕدراوه، ساڵی 1999 به عه‌ره‌بی خوێندوومه‌ته‌وه.
رۆمانه‌كه سی فه‌سڵه، به 14ی نیسان ده‌ستپێده‌كات و 28ی حوزه‌یران ته‌واو ده‌بێت، هه‌ر فه‌سڵێك باسی یه‌كێك له‌و جیهانه سه‌یروسه‌مه‌رانه ده‌كات كه ره‌نگه زانای به‌ناوبانگ ئه‌نیشتاین خه‌وی پێوه دیبێت له‌و ماوه‌یه‌دا كه سه‌رقاڵی نووسینی تیۆره به‌ناوبانگه‌كه‌ی بووه (تیۆری رێژه‌یی) هه‌ر فه‌سڵێك به پرسیارێك ده‌ستپێده‌كات له‌باره‌ی زه‌مه‌نه‌وه، بۆ نموونه: (چی ده‌بێت ئه‌گه‌ر زه‌مه‌ن بازنه‌یی بێت؟ (ئه‌و جیهانه به‌وردی و بێكۆتایی خۆی دووباره ده‌كاته‌وه.. هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ئێستا رووده‌ده‌ن له ئاینده‌دا دووباره ده‌بنه‌وه..ل17).
كۆمێنت: (كه‌م كه‌س هه‌یه د‌رك به دووباره‌بوونه‌وه‌ی كرده و رووداوه‌كان بكات، ئه‌وانه‌ش به‌دبه‌ختن، چونكه ده‌زانن هه‌مان هه‌ڵه دووباره ده‌كه‌نه‌وه و ناشتوانن هیچ شتێك بگۆڕن).
ئه‌گه‌ر زه‌مه‌ن ناكۆتا بوایه؟ مرۆڤ بۆ هه‌تاهه‌تا ده‌ژیا، هه‌موو ئیشه‌كانی دوا ده‌خست په‌له‌ی نه‌بوو، چونكه ئه‌و زه‌مه‌نه بێكۆتایه به‌شی هه‌موو ئیشه‌كانی ده‌كات..ل86).
كۆمێنت: (دواجار مرۆڤ هیچی نه‌ده‌كرد، كه‌سانێك وه‌ڕس ده‌بوون، ده‌گه‌یشتنه ئه‌و ئه‌نجامه‌ی تاقه رێگه‌یه‌ك بۆ ژیان مردنه، مرۆڤ مه‌گه‌ر به مه‌رگ له‌و باره قورسه‌ی رابردوو رزگاری بێت).
به‌و شێوه‌یه نووسه‌ر خه‌یاڵی به‌پیتی خۆی ده‌خاته‌كار و پرسیار ده‌كات، ره‌هه‌ندێكی هونه‌ری و مرۆڤانه ده‌به‌خشێته تێڕامانه زانستی و فه‌لسه‌فییه‌كانی، سی فه‌سڵ تیایدا زه‌مه‌ن كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كییه، زه‌مه‌ن یاریی به مرۆڤ ده‌كات كۆمێنت: (ئه‌نیشتاینی زانا وه‌كو ئه‌دیبێك له زه‌مه‌ن راماوه و بیری لێكردۆته‌وه، بۆیه تیۆره‌كه‌ی له خه‌یاڵی هونه‌رمه‌ندێك ده‌چێت وه‌ك له خه‌یاڵی زانایه‌ك..)
ئالان لایتمان، شاعر و رۆماننووس و زانای فیزیكه، خاوه‌نی پێنج رۆمان و یه‌ك كۆمه‌ڵه شیعر و چه‌ندین كتێبی زانستی جۆراوجۆره، دكتۆرای له فیزیكی تیۆریدا هه‌یه، چه‌ندین خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بیشی پێبه‌خشراوه.
میدیاكان زۆریان له‌باره‌ی رۆمانه‌كه‌وه وتووه، رۆژنامه‌ی تایمز ده‌ڵێت: (رۆمانێكی ئینتیباعییه، ده‌قێكی جوان و سانایه، سه‌ركه‌وتوانه گوزارشت له بیروبۆچوونه سه‌یروسه‌مه‌ره‌كانی ئه‌نیشتاین ده‌كات.).