لەناو رووداوەکاندا

قۆناغێكی نوێ لە دوای بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی

09:38 - 2024-02-26
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
174 خوێندراوەتەوە

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

لە دوای بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عیراق لە بارەی نا دەستووریی 11 كورسی كۆتاكانی پەرلەمانی كوردستان و پاشان دابەشكردنی كوردستان بۆ چوار بازنەی هەڵبژاردن و پرسی موچە و ... هتد، جۆرێك لە دابەشبوونی سیاسی دەبینرێت بە تەواوی پێكهاتە و هێزە سیاسییەكانی كوردستانەوە، هەندێك بە دژە كورد و كوردستانی و دژە دیموكراسی دەبینن و هەندێكی دیكەش بڕیارەكان بە دروست و راست دەبینن، ئەمەی دووەمیان زۆرینەیە و بە پشتبەستن بە بڕیارەكانی دادگا و جێگابوونەوەیان لەناو دیموكراسیدا و هەروەها بەپێی بنەما یاساییەكان، پەسەندی  دەكەن.
گرنگی ئەو بڕیارانەی دادگا لەو جێگەیەدا بەدەردەكەوێت كە ئەمە دەبێتە سەرەتای قۆناغێكی نوێی هەڵبژاردن و فۆرمێكی نوێی هەڵبژاردن لە كوردستاندا، لە بەرامبەریشدا كۆتایی شێوازێكی كۆنی یەك بازنەییە كە نزیكەی سێ دەیەیە بەردەوامە و خەوش و كەموكورتی زۆری تێدایە، ئەوەش وایكردبوو ئەو یەك بازنەییە بە سوودی پڕۆسەی دیموكراسی و تەواوی هێزە بەشداربووەكانی هەڵبژاردنی كوردستان نەبوو.
راستە ئەم قۆناغە نوێیە، بە هەموو باشییەكانییەوە تا ئەو ئەندازەیە سیحری سەردەمێكی نوێمان پێنابەخشێت كە بڵێین هەرێمی كوردستان دەبێت بە دیموكراسیترین جوگرافیای ناوچەكە لە پرسی هەڵبژاردن و ئازادی دەنگدان و رەخساندنی دەرفەت بۆ هەر هێزێكی سیاسی كە قەبارەی خۆی لەناو پانتاییە سیاسییەكەی هەرێمی كوردستاندا بدۆزێتەوە، بەڵام لانیكەم ئەم قۆناغە نوێیە باشترە لە شێوازە كۆنە یەك بازنەییەكە و بە ئەندازەیەكی باش قەبارە و پێگەی هەندێك هێز دادەبەزێنێت بۆ ئاستی راستەقینەی خۆی، هاوكات قەبارەی هەندێك هێزیش هەڵدەكێشێت بۆ پێگەی راستەقینەی جەماوەریی خۆی، واتە لەم شێوازی فرە بازنەییەدا هەموو هێزێك بە ئەندازەیەكی باش بڕی دەستكەوتی سیاسی و دیموكراسی و خزمەتگوزاریی و شۆڕشگێڕی خۆی دەچنێتەوە لەو خەباتەی پێشكەشی گەل و نەتەوەی خۆی كردووە.
ئەو پێشوازییە فراوانە لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عیراق، لە چوارچێوەی ئەو تێڕوانینە گشتییە_زۆرینەییەدایە كە پێیانوایە لە ماوەكانی رابردوودا یەك بازنەیی بەتایبەت و هەڵبژاردن بە گشتی، نەیتوانیوە هێزی لاسەنگ و ناتەندروست لە كوردستاندا هاوسەنگ بكاتەوە، ئەوەش جگە لەوەی كە بەردەوام سەرەنج و رەخنەی جدی هەبووە لەسەر یاریكردن بە ژمارەی دەنگ و كورسی و رێژەی دەنگدانەوە.
لە روانگەی ئەو پەرچەكردارە ئەرێنییانەوە كە هاووڵاتیان پیشانیانداوە و بڕیارەكانیان بە باش و گونجاو زانیوە، ئەوە دەردەخات كە ئەم بڕیارانە تەنها پەیوەست نییە بە هێزی سیاسییەوە وەك داینەمۆی ناو پڕۆسەکە، بەڵكو بە دیوەكەی دیكەیدا ئەم بڕیارانەی دادگا بڕیارە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیش وەك دەنگدەر، دووریش نییە ئەم بڕیارانە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا رێژەی دەنگدەر بگۆڕێت و كێرڤەكە بەرزبكاتەوە بۆ ئاستی چاوەڕواننەكراو، چونكە شێوازی هەڵبژاردنی یەك بازنەیی لە پێشوودا، ئەو بڕوایەی لە لای هاووڵاتیان دروستكردبوو، دەنگدان كاریگەری نەبێت و بە ئاشكرا یاری بە دەنگەكانی ئەوانەوە بكرێت.

وتارەکانی نوسەر