دوای بڕیاره‌كانی دادگای باڵای فیدرالی له به‌غدا، به‌كه‌مكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و كۆتاكان و هه‌روه‌ها پێدانی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بەشێوەی راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن به‌غداوه، دوو به‌ره له كوردستان دروستبوون، به‌ره‌یه‌كی به‌رفراوان كه له‌گه‌ڵ بڕیاره‌كه‌دان و به‌ره‌یه‌ك كه دژ به بڕیاره‌كه‌ن، گوایه مه‌ترسی بۆ سه‌ر هه‌رێم و قه‌واره‌كه‌ی له عیراقدا دروست ده‌كات.
بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان
ئێمه ده‌زانین هه‌رێمی كوردستان ساڵانێكه و به دیاریكراویش دوای ساڵی 2014، به‌ده‌ست خراپی باری ئابوورییه‌وه ده‌ناڵێنێت، به‌هۆی كێشه سیاسییه‌كانی كه ئه‌وكات له نێوان هه‌رێم و به‌تایبه‌تی پارتی و حكومه‌تی عیراق دروست بوو له سه‌رده‌می نوری مالیكی‌دا.
له‌گه‌ڵ ئاڵۆزبوون و توندبوونی لێدوانی هه‌ردوولاش به‌رامبه‌ر به‌یه‌كتر، بێ‌باك بوونی هه‌ندێك لایه‌نی هه‌رێمیش به‌رامبه‌ر به به‌غداو پشت به‌ستن به هه‌نارده‌ی نه‌وت له رێگه‌ی توركیاوه، به‌غدا سیاسه‌ته‌كانی توندتركرده‌وه و رێگری كرد له ناردنی پشكی هه‌رێم له بودجه‌ی گشتیی و هه‌موو هه‌وڵه‌كانی خۆشی خسته‌گه‌ڕ بۆ له‌قاڵبدانی هه‌رێم و په‌نای بۆ دادگای پاریسیش برد، بۆ راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم له‌رێگه‌ی به‌ندەری جیهانه‌وه، كه تێیدا سه‌ركه‌وتوبوو، ئه‌وه‌ش وه‌ره‌قه‌ی فرۆشتنی نه‌وتی له ده‌ستی هه‌رێم ده‌رهێنا.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا، له‌بری ئه‌وه‌ی یه‌كڕیزیی ناو ماڵی كورد دروستبكرێت، كێشه‌كان زیاتر بوون به‌هۆی هه‌وڵه‌كانی پارتی بۆ قۆرخكردنی هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان له هه‌رێمدا، سزادانی ناوچه‌ی سلێمانی و ده‌وروبه‌ری له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه كه پارتی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، ئه‌وه‌ش وایكرد، ناو ماڵی كورد له ته‌نگژه‌ی سیاسیی گه‌وره‌دا بژی و دواجاریش ببێت به‌هۆی لاوازبوونی هه‌رێم له‌سه‌ر ئاستی عیراق، له‌كاتێكدا كورد گەمەکاری سه‌ره‌كیی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسیی عیراق و پێكهێنه‌ری عیراقی نوێی بوو.
ئه‌و ناته‌بایی و نه‌بوونی یه‌كڕیزییه‌ش، هه‌م قه‌یرانی سیاسیی و هه‌م قه‌یرانی ئابووری بۆ هه‌رێمی كوردستان چڕتر کردەوە، هێز و لایه‌ن و كه‌سایه‌تی خاوه‌ن نه‌فه‌سی شۆفێنی سوودیان له‌وه بینی بۆ دژایه‌تی كردنی كورد و هه‌وڵی خۆیان خسته‌گه‌ڕ بۆ له‌ناوبردنی ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی كورد کە له‌دوای 2003 وە به‌ده‌ستی هێناوە.
نه‌بوونی یه‌كڕیزی، هه‌رێمی لاوازكرد
ئاڵۆزی و كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا و نه‌بوونی یه‌كڕیزی وایكرد له ساڵی 2017، كه‌ركوك و ناوچه جێناكۆكه‌كانیش له‌ده‌ست بده‌ین، هێزی پێشمه‌رگه‌ش له‌و ناوچانه بكشێته‌وه.
به‌ڵام له‌و ساته‌ش به‌دواوه، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، هه‌م له‌به‌غدا و هه‌میش له‌ناو كه‌ركوك هه‌وڵی زۆری‌دا، زیانه‌كان كه‌متر بكاته‌وه و خه‌ڵكی ناوچه جێناكۆكه‌كان به‌ته‌نها بەجێنه‌هێڵێت.
سه‌رۆك بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیش، كه‌وتنه دانوستان له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان له به‌غدا له سوننه و شیعە و له‌ناو ماڵی كوردیشدا، هه‌وڵێكی زۆریاندا بۆ یه‌كخستنی كورد، بۆئه‌وه‌ی پێکەوە به‌رگریی له مافه ده‌ستوورییه‌كانی كورد بكه‌ن له عیراق، كه مه‌ترسیی له‌سه‌ر هه‌بوو و هێشتاش هه‌یه.
یه‌كێتی به شێوه‌یه‌كی به‌هێز له‌سه‌ر گۆڕه‌پانه سیاسییه‌كه‌ی عیراق ده‌ركه‌وته‌وه و به هاوپه‌یمانی ته‌ندروست له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تردا توانرا حكومه‌تی عیراق به سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د شیاع سودانی پێكبهێنرێت، به‌چه‌ند مه‌رجێكی كورد، له نموونه‌ی ناردنی پشكی هه‌رێم و چاره‌سه‌ركردنی دۆزی نه‌وت و غاز، كه ناكۆكییه‌كانی ناو ماڵی كورد و هه‌وڵی قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان بە شێوەی تاکلایەنە و سەرەڕای پابه‌ندنه‌بوونی هه‌رێم به پابەندییەکانییەوە وایكرد سستی له جێبه‌جێكردنی مه‌رجه‌كاندا بنوێنرێـت له‌لایه‌ن به‌غداشەوه.
به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتی له سه‌روو هه‌موو شتێكه‌وه‌یه
هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتی، له به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و به‌تایبه‌تی مه‌سه‌له‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، چاره‌سه‌ری بۆ دۆزرایه‌وه، به‌وه‌ی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه دوور بگیرێت له كێشە سیاسییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا، مووچه له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵەوە به فه‌رمانبه‌ران بدرێت له رێگه‌ی كارتی زیره‌كه‌وه، ئه‌و بڕه‌ش له پشكی هه‌رێم ببڕێت له بودجه‌ی گشتی وڵات. بڕیاره‌كه‌ی دادگای باڵاش بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و كاره، دڵخۆشییه‌كی زۆری له‌لای فه‌رمانبه‌ران و هاووڵاتیانی هه‌رێم دروستكرد، هه‌رچه‌ندە لایه‌نی تر و به‌تایبه‌تی پارتی دیموکراتی کوردستان ناڕه‌زاییان له‌سه‌ر ئەوە ده‌ربڕی، گوایه ئه‌و بڕیاره‌ی دادگای باڵا و بڕیاری تایبه‌ت به كۆتا و كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، له ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم كه‌م ده‌كاته‌وه و مه‌ترسیش بۆ سه‌ر قه‌واره‌كه‌ی دروست ده‌كات.
ئه‌و ناڕازیبوونه‌ش له‌لایه‌ن پارتییه‌وه حاڵه‌تێكی سه‌یره، له‌كاتێكدا ئه‌ركی پێدانی مووچه له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم لاده‌بات، كه زیاتر له 10 ساڵه كێشه‌ی له‌و رووه‌وه هه‌یه و نه‌یتوانیوه به شێوه‌یه‌كی شایسته مووچه دابین بكات و به‌رده‌وام یان پاشه‌كه‌وتی كردووه یان لێیبڕیووە بە رێژەیی یاخود دوایخستووه.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا و به پێچه‌وانه‌وه، یه‌كێتی بڕیاره‌كه‌ی زۆر بەلاوە په‌سه‌نده، چونكه له‌گه‌ڵ روئیا و داواكانی یه‌كێتیدا دێته‌وه كه هه‌مان داوای هاووڵاتیان و فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانه، خودی یه‌كێتیش وه‌كو چۆن له سه‌ره‌تاوه له خانووە قوڕه‌كانه‌وه ده‌ستیپێكرد، هه‌رده‌م به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتیانی له پێش به‌رژه‌وه‌ندیی حزبیشه‌وه داده‌نێت، هه‌رچییه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتیانی كورد بێت، ده‌یكات جا له‌ناو هه‌رێم بێت یان له ناوچه جێناكۆكه‌كان.
هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌وه، وه‌كو چۆن سەرۆک مام جەلال هه‌موو هه‌وڵێكی ده‌دا بۆ به‌رگری له ماف و ده‌سكه‌وته‌كانی كورد له عیراقی فیدراڵ‌دا، به‌هه‌مان شێوه و له‌سه‌ر هه‌مان رێچكه سه‌ركردایه‌تی ئه‌م حزبه هه‌وڵده‌دات به‌رگری له مافی كورد و قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان بکات له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر لایه‌نێك كه بیه‌وێت زیانی پێ بگه‌یه‌نێت.
ده‌بێت دوای بڕیاره‌كانی ئه‌م دواییه‌ی دادگای باڵاش، كار بۆ چاره‌سه‌ركردنی كیشه هه‌ڵواسراوه‌كانی تر بكرێت، له‌نێوان هه‌رێم و به‌غدادا، هه‌روه‌ها هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانیش بكرێت، چونكه دواخستنی زیاتری، كاریگه‌ریی خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر وێنای هه‌رێم وه‌كو ناوچه‌یه‌كی دیموكرات له عیراق و ده‌وروبه‌ریدا.
بڕیارەکانی دادگای باڵا لەبەرژەوەندی هاووڵاتیان و هەر‌ێمی کوردستانە