بابەتی پارێزگارێك بۆ كەركوك، بەکوێ گەیشت؟

10:09 - 2024-04-21
گۆران فەتحی
62 خوێندراوەتەوە

كەركوك بەو پێیەی شارێكی فرەنەتەوەو پێكهاتەیە، هەردەم مشتومڕی لەسەر بووە لەنێوان حكومەتەكانی عیراق و شۆڕشی كورددا، دوای روخانی رژێمی بەعسیش، كەركوك بوو بە چەقی ناوچە جێناكۆكەكان لەنێوان هەرێم و بەغدا، بەڵام زۆرێنەی كورد لەو شارە وایكردووە دوای 2003 پارێزگارەكانی كەركوك كوردبن، تەنها پارێزگاری عەرەبی بەوەكالەتی ئێستا نەبێت، هەوڵی كورد و یەكێتیش بۆ ئەوەیە پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك دیاری بكرێت، بەڵام ناكۆكی لەگەڵ لایەنە عەرەبی و توركمانییەكان وایكردووە ئەو مەسەلەیە دوابكەوێت، هەرچەند سەرۆكایەتی وەزیرانی عیراقیش هاتۆتە سەر خەت بۆ ئەوەی لایەنەكان رێكبخات بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی كەركوك.

دواكەوتنی دانانی پارێزگار و پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی، زیان بەهاووڵاتیانی كەركوك دەگەیەنێت

لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی شارەوانییەكانی عیراقدا لەكەركوك، یەكێتی پێنج كورسی و پارتیش 2 كورسی و مەسیحییەكانیش یەك كورسییان بەدەستهێنا، لەبەرامبەردا عەرەب و توركمان 6 بە 2 كورسییان بەدەستهێناوە، ئەمەش وایكرد هیچ لایەنێكی سیاسیی یان پێكهاتەیەك نەتوانێت ببێت بە خاوەنی زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجوومەن بۆ دیاریكردنی پارێزگاری نوێی كەركوك.
لەپاڵ ئەو هۆكارەو نەبوونی متمانە و ململانێی سیاسییش لەنێوان پێكهاتەكانی شارەكە، دوای چوار مانگ لە كۆتاییهاتنی هەڵبژاردن، نەتوانراوە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بكرێت بۆ دیاریكردنی پارێزگاری نوێ و دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەكانی پارێزگاكە لەنێوان پێكهاتە و لایەنە سیاسییەكاندا، لەگەڵ ئەوەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران دوو كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرجەم لایەنە براوەكانی كەركوك كردووە بۆ ئەوەی هانیان بدات بۆ رێكەوتن لەسەر پێكهێنانی حكومەتی محەلی، بەڵام بەربەستی سەرەكی كە پۆستی پارێزگارە رێگر بووە لەوە.
لێرەدا پێویستە بوترێت، لیستی كەركوك هێز و ئیرادەمانە(یەكێتیی و شیوعی)، یەكەمی هەڵبژاردنەكانە بۆیە خۆی بەشایستەی ئەو پۆستە دەزانێت، بەتایبەت كە دووەم لیست لەدوای ئەو لەرووی دەنگ و كورسییەوە لیستی هاوپەیمانی عەرەبیییە،کە سێ كورسی بەدەستهێناوە، بۆیە دەكرێت پارێزگار بۆ یەكێتی بێت، سەرۆكی ئەنجوومەنیش بۆ لیستی هاوپەیمانی عەرەبی بێت، پۆستەكانی تریش بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن لەنێوان لایەنە براوەكان دابەش بكرێـت.
ئەوەی دەمێنێتەوە بێڵێین ئەوەیە، دواكەوتنی دانانی پارێزگار و پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی زیان بەهاووڵاتیانی كەركوك دەگەیەنێت و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریش بەو خراپییەی ئێستا دەهێڵێتەوە، لەسایەی پارێزگاری بەوەكالەتی ئێستای ئەو پارێزگایە.

وتارەکانی نوسەر