هه‌ڵبژاردنه‌كان له توركیا بەگشتی و هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەتایبەتی، هه‌رده‌م گرنگی زۆری بۆ كورد هه‌بووه له‌و وڵاته به‌و پێیه‌ی گه‌وره‌ترین پارچه‌ی كوردستان له‌خۆده‌گرێت، توركیایه‌ك كه دوای دامه‌زراندنی كۆمار تێیدا له‌لایه‌ن مستەفا کەمالەوە له بیسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، به جیاکاری رەگەزی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كورددا وه‌كو نه‌ته‌وه كردووه، مامه‌ڵه‌یه‌ك کە تا ئاستی ره‌تكردنه‌وه‌ی ناسنامه چوو.
له ساڵانی نه‌وه‌ده‌كاندا جۆرێك له كرانه‌وه له‌و وڵاته روویداو وایكرد، كورد به شێوه‌یه‌كی به‌هێز و سه‌ره‌تا له‌رێگه‌ی پارتی چه‌پ و دواتر پارتی كوردییه‌وه، له‌رێگه‌ی ده‌نگدانه‌وه كورسی په‌رله‌مان به‌ده‌ستبهێنێت، هه‌ڵبژاردن دوای هه‌ڵبژاردنیش كورد توانی له‌ناو ئه‌و وڵاته هێزی خۆی بنوێنێت، هه‌م به هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ هێزه براوه‌كان و هه‌میش له‌ناو په‌رله‌مان، هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ش ده‌رفه‌تێكە بۆ كورد بۆ ئەوەی ژمارەیەکی زیاتری شاراوانییەکان بەدەستبهێنێت.
كورد له پاكتاوكردنه‌وه بۆ په‌رله‌مانی توركیا
دوای نه‌مانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی كه زیاتر له شه‌ش سه‌ده‌ی خایاند، له‌رووی سیاسییه‌وه له 1ی نۆڤه‌مبه‌ری 1922 و نه‌مانی وه‌كو ده‌وڵه‌تێك له 24 یۆلیۆی 1923 دوای په‌یمانی لۆزان، هه‌روه‌ها دوای ئه‌وه‌ی مستەفا كه‌مال كۆماری توركیای راگه‌یاند له 29ی ئه‌كتۆبه‌ری 1923، ئاڵای توركبوونی به‌رزكرده‌وه، هه‌موو هه‌وڵی خۆی چڕكرده‌وه بۆ پاكتاوكردنی نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌كانی ئه‌و وڵاته له‌ناو بۆته‌ی نه‌ته‌وه‌ی توركدا، به‌تایبه‌ت كورد كه بوونیان له‌سه‌ر خاكی توركیا له‌پێش توركه‌وه‌یه.
كورد بۆ پارێزگاری له‌خۆی چه‌ند شۆڕش و راپه‌ڕێنیكی كرد، له‌نموونه‌ی راپه‌ڕینی شێخ سه‌عید له 1925 و شۆڕشی ئاگری داخ له 1927-1930 به‌سه‌رۆكایه‌تی جه‌نه‌راڵ ئیحسان نوری پاشا و راپه‌ڕینی ده‌رسیم و زازاكان له 1937-1939 به‌سه‌رۆكایه‌تی شێخ ره‌زا، به‌ڵام سوپای توركیا و به‌یارمه‌تی وڵاتانی كۆڵۆنیاڵ و زلهێزی ناوچه‌یی و جیهانه‌وه، ئه‌و شۆڕشانه‌ی سه‌ركوت كرد و به ده‌یان هه‌زار هاووڵاتی كوردیش بوونه قوربانی، سه‌دان گوند و شارۆچكه‌ی كوردیش خابوور كران و سوتێنران، له‌وه به‌دواش بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی په‌نجا تا شه‌ست ساڵ، كورد له توركیا له‌هه‌موو مافێكی بێبه‌شكرا و ناسنامه‌شی كرا به توركی چیایی له‌لای حكومه‌ته یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كانی ئه‌و وڵاته‌وه، هیچ سه‌ركرده‌و پارتێكی كورد بۆی نه‌بوو به ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه کاندید بۆ شارەوانییەکان یان پەرلەمان دابنێت.
پارتی دادوگەشەپێدان دوای زیاتر له بیست ساڵ حوكمڕانی، بۆ یه‌كه‌مجار بوو به حزبی دووه‌م له‌و وڵاته و پارتی گه‌لی كۆماری پێشی كه‌وتووه، سه‌باره‌ت به‌كوردیش ئه‌وا (پارتی ده‌م) كه نوێنه‌ری كوردی باكووره، توانیویه‌تی له 11 شاری كوردستانی توركیا براوه‌ی یه‌كه‌م بێت
گۆڕانكاری ساڵانی نه‌وده‌كان
به‌هۆی حوكمی عه‌سكه‌ر و كوده‌تا له‌دوای یه‌كه‌كانی ئه‌و وڵاته، ئازادییەکان سنوورداربوون، تا هاتنه پێشی حزبی چه‌پ و ئیسلامی، كه ئه‌وه‌ش وایكرد هه‌ندێك كورد له رێگه‌ی ئه‌و حزبانه‌وه ببنه ئه‌ندامی په‌رله‌مان، دواتریش جۆرێك له نزیكبوونه‌وه له‌نێوان كورد و حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات له‌توركیا هاته كایه‌وه، به هه‌وڵی مام جه‌لال له‌گه‌ڵ سه‌رۆك تۆر گۆت ئۆزال له‌ساڵانی نه‌وه‌ده‌كاندا، ئه‌وه‌ش وایكرد جۆرێك له‌كرانه‌وه له‌دۆزی كورد له‌و وڵاته دروستبێت و رێگه‌ش به تروسكاییه‌ك ئازادی بۆ كورد له‌باكووری كوردستان بدرێت كه ئه‌وه‌ش دوای ساڵانی 2000 زیاتر ره‌نگی دایه‌وه.
كه‌مه كه‌مه‌ش نوێنه‌ری كورد و به‌ناسنامه‌ی كوردییه‌وه چوونه نێو په‌رله‌مانی توركیا و دواتر له‌رێگه‌ی پێكهێنانی حزبی كوردیشه‌وه توانرا له‌ناو قوبه‌ی په‌رله‌مانی كورد جێی ببێته‌وه و لە هەڵبژاردنی شاراوانییەکانیش سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
له‌گه‌ڵ به‌هێزبوونی كورد له‌رووی حزبی و مه‌ده‌نییه‌وه له‌و وڵاته، بۆ یه‌كه‌مجار كورد توانی له‌رێگه‌ی هه‌ده‌په‌وه كه له 2012 دامه‌زرا، توانی له هه‌ڵبژاردنی 2015 له‌مپه‌ڕی 10% ی په‌رله‌مانی توركیا بشكێنێت و %13.12 به‌ده‌ستبهێنێت و چه‌ندین نوێنه‌ری ئه‌و حزبه بنێرێته په‌رله‌مانی توركیا و وه‌زاره‌تێكیش وه‌ربگرێـت حكومه‌ت، له‌گه‌ڵ دروستكردنی ته‌نگوچه‌ڵه‌مه بۆ هه‌ده‌په‌و ده‌ستگیركردنی سه‌رۆكه‌كه‌شی، به‌ڵام كورد له‌باكوور سارد نه‌بووه‌وه‌و له‌رێگه‌ی جیاجیا و پارتی جیاوه، هه‌وڵه‌كانی چڕكرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هێزی خۆی له‌سه‌ر ئاستی توركیا نیشان بدات و بۆ هه‌ڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2024 له‌رێگه‌ی (پارتی ده‌مه‌وه) به‌شداری هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی كرد.
پارتی ده‌م سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا
به‌پێی ئه‌نجامه به‌راییه‌كانی هه‌ڵبژاردنی توركیا، پارتی گه‌لی كۆماری (CHP)
%37.16 و پارتی داد و گه‌شه‌پێدان %36 و پارتی ده‌م (DEM) و پارتی ره‌فای نوێ %5.68 یان به‌ده‌ستهێناوه.
پارته‌كه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان دوای زیاتر له بیست ساڵ حوكمڕانی، بۆ یه‌كه‌مجار بوو به حزبی دووه‌م له‌و وڵاته و پارتی گه‌لی كۆماری پێشی كه‌وتووه، سه‌باره‌ت به‌كوردیش ئه‌وا (پارتی ده‌م) كه نوێنه‌ری كوردی باكووره، توانیویه‌تی له 11 شاری كوردستانی توركیا براوه‌ی یه‌كه‌م بێت، ئه‌مه‌ش قورسایی و هێزی كورد و ئه‌و پارته نیشان ده‌دات، واشده‌كات چه‌ندین شارەوانیی باکوری کوردستان بەدەستبهێنێت، ئه‌وكات ده‌توانێت له‌رێگه‌ی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ هێزی براوه، رۆڵێكی گه‌وره ببینێت له‌سیاسه‌تی توركیا و به‌رگریكارێكی باشیش بێـت له‌مافه‌كانی كورد له‌و وڵاته، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر له‌بیرمان بێت، له‌هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2019 پاڵپشتی كورد له ئه‌كره‌م ئیمام ئۆغڵۆ وایكرد شاره‌وانی ئه‌سته‌نبوڵ بباته‌وه، له‌به‌رامبه‌ر نوێنه‌ری پارتی داد‌و گه‌شه‌پێدان.
کورد وەکو هێزێکی کاریگەر لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا