شیکردنەوە لە سیاسەتەوە بۆ ئابووریی و کەشناسی و پزیشکی

10:19 - 2024-02-28
هێمن مامەند
224 خوێندراوەتەوە

پێشبینیە هەڵەکانی  شارەزایان و کەسانی پسپۆڕ لە بوارەکانی خۆیاندا بێزارکەرن، بەڵام پێشبینی هەڵەی پزیشک، مرۆڤ تووشی داڕمان وبێ ئومێدی و نەخۆشی دەروونی  دەکات و هاوکات کۆمەڵێک کێشەی تری تەندروستی و کۆمەڵایەتیشی لێدەکەوێتەوە.
 ساڵانێکی زۆرە لەگەڵ پێشبینیه هەڵەکانی یان شیکارییە هەڵەکانی سیاسی و چاودێرانی سیاسی راهاتووین، رەنگە هەندێکجار هەڵەی پێشبینی سیاسییەکان بەهۆی خێرا گۆڕینی هاوکێشه سیاسییەکانەوە بێت یان هەندێک جاریش بەهۆی کورتبینی و لێتێنەگەیشتنی سیاسییەکانەوە بێت لە رووداوەکان، هاوکات پێشبینیە هەڵەکانی یان راست دەرنەچووەکانی شارەزایانی کەشناسیشمان هەیە و لەم ساڵانەی دواییشدا  پێشبینیە هەڵە و چەوتەکانی هاتنی مووچەشمان بینی، کە مووچەخۆران و تەواوی خەڵکی کوردستانیان بێزارکرد، بەوەی  لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو یان لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو یان لە کۆتایی هەفتە، بەغدا پارەکە دەنێرێت.
 بەهەرحاڵ ئەم جۆرە پێشبینیانەی سیاسی و کەشناسی و وەزارەتی دارایی و ئەوانی تر، ئەگەرچی بێزارکەرن، بەڵام هیچیان هێندەی پێشبینی و شیکاریی پزیشکێک نییە بۆ نەخۆشەکەی و ئازاربەخش نییە، کە لێکەوتەی تری نەخۆشی و نەخۆشی دەروونی و هەندێک جاریش کێشەی کۆمەڵایەتیی لێدەکەوێتەوە.
من لەم باسەدا سێ پێشبینی و شیکاریی پزیشکانتان بۆ باس دەکەم ، کە بەسەر کەسی نزیکی خۆم و هاوڕێی خۆمدا هاتووە، کە چەندە ئازاربەخشن و حەق نییە پزیشک بەمجۆره نەخۆشەکەی بێئومێد و  بێ هیوا و بێ تاقەت بکات.
یەکەم: بەسەرهاتێکی خوشکە گەورەکەی  خۆمە، خوشکە گەورەکەم لە ساڵی 2012 لە تەمەنی 34 ساڵیدا  شووی بە کوڕێکی تەمەن 38 ساڵە کرد، دوای ساڵێک لە زەماوەندەکەیان وەک زۆربەی ژنان حەزی کرد ببێت بە دایک، دوای ئەوە لەگەڵ هاوژینەکەی دەچنە لای دکتۆر (ع)  کە یەکێکە لە پزیشکە بەناوبانگەکانی هەولێر، بە شێوازێکی زۆر ناشرین و بێڕێزی بە خوشکەکەم و هاوژینەکەی  دەڵێت "نەنکم لە قەبرێ بێتەدەر و زیندووبێتەوە و منداڵی ببێت، تۆ منداڵت نابێ". 
ئەم قسەیە بۆ خوشکەکەم و هاوژینەکەی زۆر ناخۆش و بە ئازار دەبێت، بەجۆرێک خوشکەکەم بە هاوسەرەکەی دەڵێت با جیاببینەوە و تووشی حاڵەتی دەروونی خراپ دەبێت، بەڵام هاوسەرەکەی پێیدەڵێت پێویست ناکات منداڵ نەبوون کێشە نییە، من تۆم بۆ منداڵ ناوێت، ئیتر خۆشبەختانە دوای ساڵێک خوشکەکەم بوو بە دایک و ئێستا خاوەنی سێ منداڵە.
 لەم رۆژانە پێمووت حەقە دەستی هەرسێ منداڵەکەت بگریت و بچیتە عیادەکەی دکتۆرەکە و بە کۆرس خۆت و منداڵەکانت پێیبڵێن: "ئەی دکتۆری نەشارەزا چیتر بە هەڵە خەڵک ئازار مەدە".
دووەم: لەم رۆژانە لە ماڵی هاوڕێیەکم بووم قسەوباس هاتە سەر پزیشک و شیکار و پێشبینیە هەڵەکانی پزیشک، منداڵێکی تەمەن 12 ساڵەی زۆر بزێویان هەبوو، هەرگیز نەیدەزانی راوەستان چییە، باوکی منداڵەکە یان بابڵێین هاوڕێیەکەم وتی: "ئەم ئەفەندییە کە نازانێت وەستان چییە، لە تەمەنی حەوت مانگیدا دکتۆرەکەی پێی راگەیاندین کە نەخۆشی ئێسکە نەرمەیەتی و هەرگیز ئەمە رێ ناکات و ناتوانێت بڕوات، ئەوکاتەش من و دایکی لەداخاندا شەکرەمان بەرزبۆوە و لە رێگا تا گەیشتینەوە ماڵەوە هەر خوا رەحمی کرد لە رووداوێکی گەورەی هاتوچۆ رزگارمان بوو، به پێکەنیشەوە وتی: "شوکور ئێستا نازانێت دانیشێت ئەوەندە عەجول و بزێوە".
سێیەم: هەر لەم رۆژانە لە شوێنی کارەکەم  لەگەڵ  خاتوونێکی  هاوڕێم گفتوگۆمان دەکرد، قسەوباس هاتە سەر پێشبینی و هەڵە شیکارییەکانی پزیشکەکان، ئەم خاتوونە بەڕێزە کە خوشکێکی ئازیزە و هاوژینەکەشی  هاوڕێمە، وتی: "لە قۆناغی دوانزەی ئامادەیی بووم تووشی نەخۆشییەک بووم دکتۆرەکان پێیانوتم لەدوای چاکبوونەوەت ئەگەر شووش بکەیت، هەرگیز نابیت بە دایک، بۆیە منیش تووشی حاڵەتێکی دەروونی زۆر خراپ هاتم و بەم هۆیەشەوە نمرەی کەمم هێنا و پەیمانگە وەریگرتم، جگە لەمەش بێئومێد بووم لە شووکردن و کاتێک هاوژینەکەی ئێستام هاتە داوام، پێموت دکتۆرەکان پێیان راگەیاندووم کە من ناتوانم ببم بە دایک و منداڵم نابێت، بەڵام ئەو وتی: "کێشە نییە و من تۆم دەوێت.
کاتێک شوومکرد بە غەمگینی جلی بووکێنیم پۆشی، بەجۆرێک کاریگەریی خراپی خستە سەر مێشک و دەروونمەوە، بەڵام  خۆشبەختانە پێشبینی دکتۆرەکان هەڵەبوو، ئێستا خاوەن منداڵێکی جوانیین.
زۆر پێشبینی و هەڵەی شیکاری پزیشکان هەن، بەڵام با ئەوەندە بەس بێت، ئەوەی گرنگە حەق نییە دکتۆرەکان پێشبینی هاوشێوەی پێشبینیەکانی مووچە و کەشناسی و سیاسییەکان بدەن و خەڵک و نەخۆشەکانیان تووشی خەمۆکی و کێشەی کۆمەڵایەتی و دەیان کێشەی تر بکەنەوە.

وتارەکانی نوسەر