لە چەند رۆژی رابردوودا بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم و سەدان رۆژنامەنووسی پارێزگاکانی عیراق و هەرێمی کوردستان، مۆنیۆمێنتی «پارێزەرانی حەقیقەت» لە سەکۆی ئازاد لە ناو پارکی ئازادیی سلێمانی دانرا. سەرەڕای سەرنج و تێبینیمان لەسەر شێوازی رێوڕەسمەکە، کە دەبوایە کەسوکار و هاوڕێیانی شەهیدانی رۆژنامەنووسیش ئامادەییان هەبوایە، بەڵام لەم بابەتەدا زیاتر تیشک دەخەمە سەر گرنگیی دانانی مۆنیۆمێنتەکە.
گرنگی و دانانی مۆنیۆمێنتێکی لەو جۆرە و ناونانی بە مۆنیۆمێنتی (پارێزەرانی حەقیقەت) لەشاری سلێمانی، دەرخەری ئەو راستییەیە کە شاری سلێمانی لەکۆی 19 پارێزگای عیراق و هەرێمی کوردستان، زیاتر ئازادیی تێدا دەستەبەر کراوە، یان دەسەڵاتەکەی زیاتر باوەڕی بە ئازادی هەیە، یاخود پەنجەرەیەکە بەڕووی ئاسۆیەکدا بۆ ئازادی. ناونانی مۆنیۆمێنتەکەش بۆخۆی شانازییەکی دیکەیە بۆ سلێمانی و بۆ خاوەنی بیرۆکەکەش کە هی خودی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتە کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ی.ن.ک - یشە.
تائێستا حزبێک هەیە سەردەشت عوسمان بە تیرۆریست ناودەبات و رێگە نادات دوای تیرۆرکردنیشی پەیکەرێکی لە هەولێر بۆ دابنرێت
داننان بەوەی کە ئەم رۆژنامەنووسانە (پارێزەری حەقیقەت) بوون، خۆی لەخۆیدا ئازایی و لەخۆبوردوویی دەوێت و داننانە بە راستی و باوەڕبوونە بە ئازادی و دیموکراسی، هاوکات دڵنەوایی و ئارامی و سوکناییشە بۆ هاوڕێ و کەسوکاری رۆژنامەنووسە شەهیدەکان، چونکە تائێستا حزب هەیە لە هەرێمی کوردستاندا شانازی دەکات بە تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمە و وەدات حسێن و لە کۆڕ و کۆبوونەوە تایبەتەکانی خۆیاندا «دەڵێن دەستمان خۆش بێت، چونکە ئەوان بێڕێزیان کردبوو بە پیرۆزیەکانمان»، ئێمە وەکو هاوڕێ و کەسوکاری سەردەشت عوسمان، لە ماوەی 14 ساڵی رابردوودا بەردەوام هەوڵمانداوە، کە پەیکەرێکی سەردەشت عوسمان لە شوێنێکی شیاوی هەولێر دابنرێت، بەڵام پارتی و پارێزگارەکەی لە هەولێر هەرگیز رێگەیان نەداوە، تەنانەت بۆ رێوڕەسمی ساڵیادەکانیشی ئامادەنیین مۆڵەتی هۆڵێکمان پێبدەن، هەر ئەمەش نا، بەڵکو تائێستا ئەوان ناڵێن سەردەشت رۆژنامەنووس و پارێزەری حەقیقەت بوو، بەڵکو جارێک دەیکەن بە «تیرۆریست» و جارێکیش دەیکەن بە «جنێوفرۆش»، گوایە دەستی بۆ پیرۆزیەکانی پارتی بردووە. بۆیە دانانی مۆنیۆمێنتێک بۆ شەهیدانی قەڵەم و شەهیدانی رۆژنامەنووس و ناونانی بە (پارێزەرانی حەقیقەت) بوێری و لەخۆبوردوویی دەوێت و جێگەی دەستخۆشییە.
لایەنێک لە رێورەسمی کردنەوەی مۆنیۆمێنتی پارێزەرانی حەقیقەت
ناوی کاوە گەرمیانی لەسەر مۆنیۆمێنتی پارێزەرانی حەقیقەت، کە لەزۆنی سەوز تیرۆرکراوە و لەڕووی دەسەڵاتەوە یەکێتی لێی بەرپرسیارە، ئازایەتییەکی دیکەیە چەسپاندنی باوەڕبوونە بە ئازادی و ناوی هەردوو شەهیدی رۆژنامەنووس گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین کە لە23ی ئابی ئەمساڵدا بەهۆی هێرشی درۆنیی تورکیاوە شەهیدکران، دیسان جێگەی شانازی و دەستخۆشییە، ئەمەش لەکاتێکدایە میدیاکانی پارتی و حزبی دەسەڵاتدار لە هەولێر رەوایەتی دەدەن بە شەهیدکردنیان کە گوایە کادیری پەکەکە بوون، بۆیە وەک رۆژنامەنووسێکی سەربەخۆ دڵخۆشم بەم مۆنیۆمێنتە و ئەم دانپێدانەدا، چونکە کەمێک ئارامی بەدڵ دەبەخشێت و خەمی گەورەی شەهیدانی هاوڕێی رۆژنامەنووسم کەم دەکاتەوە، کاتێک ناوی هاوڕێکانمان دەبینین لەسەر مۆنیۆمێنتێکی مۆدێرن ناویان هەڵکەندراوە و دەسەڵات بە پارێزەرانی حەقیقەتیان ناودەبات.
ئەگەر تا دوێنێ تەنیا لای من و خەڵکانی ئازادیخواز بە رۆژنامەنووسە شەهیدەکانی هاوڕێم دەوترا شەهیدانی حەقیقەت و قەڵەم و ئازادی، بەڵام ئەمڕۆ دڵخۆشم بەوەی لەلایەن دەسەڵاتێکەوە لەسلێمانیی پایتەختی رۆشنبیری بە شەهیدانی پارێزەری حەقیقەت ناودەبرێن.
هەرخۆی سەکۆی ئازاد و پارکی ئازادی -یش کە بیرۆکەکەی مام جەلالە، شانازییەکی تری بۆ سلێمانی تۆمارکرد، چونکە دەکرێت لە ئایندەدا ئەم سەکۆ و مۆنیۆمێنتە ببنە سەرچاوەیەکی گەشتیاریی لە تەواوی عیراق و کوردستان و ناوچەکەوە سەردان بکرێت، وەکو شارێک کە وەک دەروازەیەک بۆ تروسکایی ئازادیی لێی بڕوانرێت.