شانازیکردنی پارتی بە خیانەتی 31ی ئابەوە شتێکی نوێ نییە، ئەوان شانازی بە ئاشبەتاڵ و قیادە موەقەتەشەوە دەکەن و مێژوو دەشێوێنن. ئەگەر 31ی ئاب پێش هاتنی مۆبایل و کۆمپیوتەر و فەیسبووک بوایە، بیانەوێت چەواشەی بکەن، بەڵام ئەوان زۆر بێشەرمانە لە سەردەمی هاتنی مۆبایل و کۆمپیوتەر و سۆشیال میدیاشدا هەر شانازی دەکەن بە خیانەت و هەڵاتنەکانیانەوە.
خیانەت و هەڵاتن
ئەوەتا لە سێی ئابی 2014 و تەسلیمکردنی ژنان و کچانی کوردانی ئێزیدیش بە داعش هەر شانازی دەکەن، لە 16ی ئۆکتۆبەر و راکردنیان لە کەرکوک، مەخموور، سحێلا و پردێ هەر شانازی دەکەن و مێژوو دەشێوێنن. دەتوانن مێژوو بیشێوێنن، بەڵام ئەوەی ناتوانن بیشێوێنن ئەوەیە کە هەولێرییەکان ئەوانیانان ناوێت. هەموو ساڵێک لە یادی خیانەتی 31 ی ئابدا، پارتی لەبری داوای لێبوردن و بەڵێندان بەوەی کە جارێکی تر خیانەت لە میللەتەکەیان ناکەنەوە، دێن دوور لە هەموو بەهایەک شانازیی بەوەوە دەکەن گوایە شەقام و باڵەخانەکانی هەولێریان خۆشکردووە، بەڵام لە خۆیان ناپرسن ئایا بۆچی هەولێرییەکان ئەوانیان خۆشناوێ؟ ئایا بۆچی هەولێرییەکان چارەی ئەوانیان ناوێت؟
رێژەی دەنگیان هەر کەمە
بۆچی لەخۆیان ناپرسن دوای پێنج خولی پەرلەمانی و نزیکەی 30 ساڵ لە باڵادەستییان لە هەولێر و ئەو هەموو خروقات و تەزویرەی، کە لە هەڵبژاردنەکاندا دەیکەن، ئەو هەموو هەڕەشە و زوڵم و چاوسوورکردنەوەیەی کە له هەولێریەکانی دەکەن، بەڵام هێشتا رێژەی دەنگەکانیان لەناو سەنتەری هەولێردا 30 ٪ تێپەڕناکات و هەمیشە باری لاری هەولێرتان بە ساختەکارییەکانی قەزای مێرگەسۆر و بلێ و بارزان راست دەکەنەوە، کە سەرچاوەی دەنگ و ساختەکاریەکانتانە.
هەولێرییەکان هۆشیارن
ئێوە لاف و گەزاڤ بە شەقامی 120 و 150 مەترییەوە لێدەدەن، بەڵام هەولێرییەکان هۆشیارن باش تێگەیشتوون کە ئەو شەقامانە لەبەر خاتری چاوی رەشی ئەوان دروست نەکراوە، بەڵکو بە پارەی میللەت و بۆ تاڵانکردنی زەوییە بازرگانییەکانی دەوروبەری دروستکراوە، هەولێرییەکان بە شەقام و باڵەخانەی بەرپرس و کۆنە بەعسییەکانی دۆستی ئێوە دڵ خۆش نیین و نابن، ئەوان ئاو و ئازادییان دەوێت، بۆیە چیتر لاف و گەزاڤ بە شەقام و باڵەخانتانەوە لێمەدەن و خیانەتی 31ی ئابتان بە شەقام و باڵەخانەی جوان بۆ داناپۆشرێت.
تانکەکانی گاردی کۆماریی رژێمی بەعس لە ناوجەرگەی هەولێر - 31 ی ئاب