زیاتر له شەش مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق تێپەڕی، کە لە 18-12-2023 ی بەڕێوەچوو، ئەوەی کەجێگەی داخە تا ئێستا پۆستی پارێزگاری ئەم شارە یەکلانەبۆتەوە، کە ئیستیحقاقی کوردە و لەنێو کوردیشدا ئیستیحقاقی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە.
بەداخەوە گوێ نەگرتن و خۆبەگەورە زانین و دوورنەبینی هەندێک لایەن و نەخوێندنەوەی زیانەکانی ئەم پەرتەوازەییە، وایکرد دەنگێکی زۆری کورد بەفیڕۆ بڕوات لە هەڵبژاردنەکان
یەکێتیی نیشتیمانی دەستپێشخەربوو
زۆرمان هاوارکرد بۆ یەکڕیزی و یەکێتی نیشتیمانیش دەستپێشخەربوو، بەڵام بەداخەوە گوێ نەگرتن و خۆبەگەورە زانیین و دوورنەبینی هەندێک لایەن و نەخوێندنەوەی زیانەکانی ئەم پەرتەوازەییە، وایکرد دەنگێکی زۆری کورد بەفیڕۆ بڕوات لە هەڵبژاردنەکان، ئێستاش دوای شەش مانگ هێشتا پۆستی پارێزگاری کەرکوک یەکلانەبۆتەوە، کە ئیستیحقاقی کورد و یەکێتییە، یەکلانەبوونەوەی ئەم پۆستەش زیانێکی زۆری لەو بەرنامە و پڕۆژانەدا داوە، کە یەکێتی بۆ خزمەتی شارەکە دایڕشتووە، لەولاشەوە تێکدانی باخ و داگیرکردنی خانووی کوردان و زەوی جووتیاران دەرئەنجامی ئەم پەرتەوازی و یەکلانەکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوکە و ئەگەر زووش فریای بارودۆخەکە نەکەوین رەنگە شتی تریش رووبدات.
با هەڵەکە راست بکەینەوە
لەم رۆژەدا لێدوانێکی حەسەن تورانی سەرۆکی بەرەی تورکمانیم خوێندەوە کەدەڵێت «ئێمە و عەرەب و هەروەها پارتیش لەسەر ئەوە رێککەوتووین کە پۆستی شارەکە بەخول بێت». پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە بۆچی دەبێت پارتی لەگەڵ ئەوەبێت پۆستی پارێزگاری کەرکوک بەخول بێت و هەردوو ساڵ جارێک لای پێکهاتەیەک بێت؟ لەکاتێکدا کورد زۆرینەی هێناوەو بەیاسا حەقی خۆیەتی چوار ساڵی ئەم خولە پۆستی پارێزگار لای خۆی بێت، ئەرێ بەڕاست کاتی ئەوەنییە پارتی و سەرکردایەتی پارتی ئەو هەڵانەی بەرامبەر بەکورد و کەرکوکییەکان کردی هەر لەپرسی ریفراندۆم هەر لەپرسی فرە لیستی ئیتر راستی بکاتەوە و هەوڵەکانی بەئاراستەی یەکڕیزی کورد و یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ کورد وەگەڕبخات.
ئەوەی لەڕابردوو کورد کردی هەڵە بوو
لەهەڵبژاردنی خولی رابردووی ئەنجومەنی پارێزگاکان کەتێیدا دیسان کورد زۆرینەبوو، کورد لەپێناو ئارامی شارەکە و پێکەوەژیان کورسی شارەکەی سی و سێ سی و سێ لەنێوانی کورد و عەرەب و تورکمان دابەش کرد، بەڵام نەوەکو رێزی ئەم دڵ باشیەی کورد نەگیرا، دواتر قۆسترایەوه دژ بە کورد، بۆیە پێویستە جارێکی تر کورد ئەم هەڵەیە دووبارە نەکاتەوە و پۆستی پارێزگار کە ئیستیحقاقی کورد و یەکێتیە بۆ کوردبێت و ئەوانیتریش بەپێی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان حەقی خۆیان پێبدرێت.
ناکۆکی لایەنە سیاسییەکان دیاری کردنی پارێزگارێک بۆ کەرکوک دوا دەخات