دوای چه‌ندین مانگ له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عیراق، كه كه‌ركوك و ناوچه دابڕێنراوه‌كانیشی گرته‌وه، كه یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌نگێكی زۆر و سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی تێیدا به‌ده‌ستهێنا، به‌ڵام لایه‌ن و پێكهاته‌كانی كه‌ركوك نه‌گه‌یشتوون به رێكه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانی ئیداره‌یه‌ك و دیاریكردنی پارێزگارێك بۆ كه‌ركوك، به‌ڵام یه‌كێتی به‌وپێیه‌ی هێزی یه‌كه‌م و براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه، كار بۆ ئه‌وه ده‌كات ئیداره‌یه‌كی هاوبه‌ش پێكبهێنرێت و سه‌رجه‌م لایه‌ن و پێكهاته‌كانی كه‌ركوك به‌شداریی تێیدا بكه‌ن.
هێزی سه‌ره‌كی له كه‌ركوك
له هه‌ڵبژاردنه‌كەی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكدا، ده‌ره‌نجامه‌كان بۆ یه‌كێـتی و كوردیش به‌جۆرێك له جۆره‌كان دڵخۆشكه‌ربوون، جارێكی تریش رێژه‌ی راسته‌قینه‌ی هێزه سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كانی پارێزگاكه‌شی ده‌رخست، كه تێیدا له كۆی 16 كورسی دیاریكراو بۆ كه‌ركوك، یه‌كێتی 5 كورسی و پارتی 2 و مه‌سیحی 1ی به‌ده‌ستهێنا، له‌به‌رامبه‌ریشدا پێکهاتەی عه‌ره‌ب به هه‌موو لیستەکانیانەوە 5 كورسی و توركمانیش 2 كورسییان به‌ده‌ستهێنا.
ئه‌گه‌رچی به‌شێك له هاووڵاتیانی كوردی شاره‌كه‌ش ده‌نگیان نه‌داو رێژه‌یه‌كی زۆری ده‌نگیش به فیڕۆدرا، به‌هۆی په‌رته‌وازه‌یی هێزه سیاسییه كوردییه‌كان و به‌شداریی هه‌ندێک لایه‌نی سیاسیی كوردی ترەوە له كه‌ركوك كه رێژه‌ی ده‌نگه‌كانیان به‌شی كورسی ئه‌نجومه‌نی نه‌ده‌كرد، به‌ڵام یه‌كێتی رۆڵی سه‌ره‌كی ده‌بێت له دیاریكردنی پارێزگاری كه‌ركوك و ئیداره‌ی پارێزگاكه‌شدا، هاوشێوه‌ی ساڵی 2005 كه كورد تێیدا زۆرێنه‌ی ده‌نگه‌كانی ئه‌وكاتی ئه‌نجومه‌نی به‌ده‌ستهێنا كه 26 كورسی بوو له كۆی 41 كورسی ئه‌نجومه‌نەکە.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا و به‌هۆی ناكۆكیی نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانەوە له كه‌ركوك، له‌ناو عه‌ره‌ب و توركمانه‌كان و به جۆرێك له جۆره‌كانیش له‌ناو ماڵی كوردیدا له‌نێوان یه‌كێتی و پارتی، تائێستا رێكه‌وتن له‌سه‌ر دانیشتنێك نه‌كراوه بۆ دیاریكردنی پارێزگار و هه‌روه‌ها پێكهێنانی ئیداره‌یه‌ك بۆ كه‌ركوك، كه كورد به مافی خۆی ده‌زانێت و عه‌ره‌ب و توركمانیش داوای ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش وایكردووه محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانیش بێته سه‌ر خه‌ت و دانیشتن له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری پێكهاته‌كانی شاره‌كه‌دا بكات به‌مه‌به‌ستی هاندانیان بۆ وه‌لانانی كێشه‌كان و رێكه‌وتن له‌سه‌ر دانانی پارێزگارێك بۆ كه‌ركوك.
مامه‌ڵه‌ی گونجاو له كه‌ركوك
هه‌رچه‌ندە دۆزی كه‌ركوك دۆزێكی هه‌ستیاره و ته‌نها ململانێی ناوخۆیی له‌سه‌ر نییه و ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی و ئیقلیمیشی تێدایه، به‌ڵام ده‌كرێت لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتیانی شاره‌كه و ده‌وروبه‌ری، دانوستان بكه‌ن و هه‌وڵ بۆ دروستكردنی كه‌شێكی ئاشتیانه بده‌ن له شاره‌كه، هه‌وڵ بده‌ن رێگری له دروستبوونی كێشه بكه‌ن تێیدا، چونكه دواجار هه‌موان زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن لێی، ناشكرێت كێشه‌كانی ئه‌م شاره به‌و جۆره بمێنێته‌وه، به‌هۆی ململانێی لایه‌ن و هێزه سیاسییه‌كانەوە، كه وایكرد له‌دوای ساڵی 2005ه‌وه هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی تێدا نه‌كرێت، به پێچه‌وانه‌ی پارێزگاكانی تری عیراقه‌وه، ئه‌مه چ جای كاریگه‌ریی خراپی به‌سه‌ر هاووڵاتیانی ناو كه‌ركوكیشه‌وه كه رق و كینه‌ی له‌ناو به‌شێكیاندا چاندووه، به‌جۆرێك له جۆره‌كانیش دانیشتوانی بێبه‌ش كردووه له خزمه‌تی شایسته، به‌تایبه‌تی دوای ساڵی 2017 و سه‌پاندنی پارێزگارێكی شۆڤێنی به‌وه‌كاله‌ت به‌سه‌ر هاووڵاتیانی كه‌ركوكدا، كه هه‌موو هه‌وڵێكی بۆ دژایه‌تی هاووڵاتیانی كوردی كه‌ركوك بووه، له‌بری دروستكردنی كه‌شێ ئاشتیانه و پێكه‌وه‌ژیان له‌ناو دانیشتوانی پارێزگاكه‌دا.
سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی به هه‌وڵی سه‌رۆك بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی له‌سه‌ر هه‌مان رێچكه‌ی سەرۆک مام جه‌لال ده‌ڕوات و هه‌وڵی نزیككردنه‌وه‌ی نێوان پێكهاته‌كان ده‌دات، به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی ئیداره‌یه‌كی هاوبه‌ش له پارێزگای كه‌ركوك
به‌رگریكردن له كه‌ركوكییه‌كان
وه‌ك چۆن له سه‌رەتای دروستبوونییه‌وه له ناوه‌ڕاستی حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، به‌رگریكاری سه‌رسه‌خت بووە له ناوچه‌ی كه‌ركوك، له‌و پێناوه‌شدا ده‌یان و سه‌دان شه‌هیدی بەخشیوە، به‌هه‌مان شێوه له‌دوای روخانی رژێمی به‌عس و پێكهێنانی عیراقی نوێشەوە، به هیمه‌تی سەرۆک مام جه‌لال و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، ئەم حزبە كاری جددی بۆ كه‌ركوك و ناوچه ته‌عریبكراوه‌كان كردووە، به مه‌به‌ستی ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخ تێیاندا و گێڕانه‌وه‌شیان بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، له‌رێگه‌ی ماده‌ی 58 و دواتر جێگیركردنی ماده‌ی 140 له ده‌ستووردا.
مام جه‌لال و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له دوای 2003ەوە هه‌موو هه‌وڵێكی خۆیان دا بۆ به‌گریكردن له ناسنامەی كه‌ركوك و ناوچه جێناكۆكه‌كان، له رووی سیاسیی و سه‌ربازیشه‌وه، نه‌یانهێشت مه‌ترسیی له‌سه‌ر پارێزگاكه و هاووڵاتیانی دروست ببێت.
ئیداره‌یه‌كی هاوبه‌ش
پێویسته كار به سیاسه‌ته‌كانی سەرۆک مام جه‌لال بكرێت له كه‌ركوك، واتا به سیاسه‌تی چه‌پكه گوڵه‌كه، چونكه كه‌ركوك له چه‌ندین پێكهاته و نه‌ته‌وه پێكدێت و ته‌نها كوردی تێدا نییه.
وه‌ك چۆن مام جه‌لال دوای ساڵی 2003 به‌و جۆره مامه‌ڵه‌یه، كاری له‌سه‌ر باشكردنی په‌یوه‌ندیی نێوان پێكهاته‌كانی شاره‌كه كرد و رێگری له دروستكردنی كێشه له شاره‌كه كرد، ئێستا سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی و به‌هه‌وڵی سه‌رۆك بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی کە له‌سه‌ر هه‌مان رێچكه ده‌ڕوات و هه‌وڵی نزیككردنه‌وه‌ی نێوان پێكهاته‌كان ده‌دات، به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی ئیداره‌یه‌كی هاوبه‌ش له كه‌ركوك، كه پارێزگارێكی شایسته‌ی كورد لە پشکی یه‌كێتی بۆ دابنرێت و باقی هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانیش به كورد و عه‌ره‌ب و توركمان و مه‌سیحییه‌وه به‌شداربن تێیدا، بۆئه‌وه‌ی خزمه‌تی شایسته به دانیشتوانی پارێزگاکە بكرێت.
یەکێتی هەوڵی پێکهێنانی ئیدارەیەکی سەرکەوتوو بۆ کەرکوک دەدات