یۆگا و رێککردنەوەی خەو

10:35 - 2024-02-28
مەحمود شێرزاد
279 خوێندراوەتەوە

لە شەوانی ئێستادا کەس لە کاتی سروشتی خۆیدا وەنەوزان بۆ خەو نادا، کەس نابینی سەعات «نۆ» بۆ «دە»ی شەو تۆ قسەی بۆ بکەی و ئەو خەونووچکە بیباتەوە و ئاگای لێت نەمێنێ، لەم شەوانەی ئێستادا چاوی هەندێ کەس تا سەعات دوازدە و... چواری بەیانی کراوە و زیت و وریایە، کەسەکە پاڵکەوتووە و سەیری شاشەیەکی رووناکی ناو دەستەکانی دەکات.
لە ناوچەی موکریان بەسەرهاتی کەسێک دەگێڕنەوە بە ناوی (کەریم دەودەو)، ئەو بەوە ناوبانگی دەرکردبوو لە سەعات «نۆ»ی شەو، واتە لە کاتی خەودا دەچێ بۆ شەونشینی لە ماڵان، جاران خەڵک لە سەعات «نۆ»وە دەخەوتن، بەس ئەو لەو کاتەدا وەژوور دەکەوت، جارانیش یەک ژوور بوو، هەموو ئەندامانی خێزان لە یەک ژوور دەخەوتن، تا سەعات «دە» منداڵەکان هەر یەک لە شوێنی خۆی خەو بەلایدادێنا و دەخەوت، تا «دە و نیو» دایکی منداڵەکانیش وردە وردە ملی بۆ خەو بەلارەوە دەنا و لە شوێنی خۆی خەوی لێدەکەوت، (کەریم دەودەو) تازە سەرەتای گەرم داهاتنێتی، چایی دەخواتەوە و سیغار (جگەرە) بە سیغار دادەگیرسێنێ، سەعات بۆتە «یازدە» بۆ «یازدە و نیو» هەموو خەویان لێکەوتووە و تەنیا باوکی منداڵەکان ماوە، ئەویش دەمێکە وەنەوزان دەدا و ئاگای زۆر لە مەجلیس و قسەکانی (کەریم دەودەو) نەماوە، نازانێ بڵێ چی؟ کەریم دەودەو کە دەزانێ بینەر و بیسەر خەریکە نامێنن و دواکەس خەریکە خەوی لێدەکەوێ، بە هەناسەساردی و نابەدڵییەوە بە باوکی منداڵەکان دەڵێ: (فڵانی ئەوە خەوت دێ! دەک ماڵت نەشوێ! کوێڕا خەو دایگرتی، خۆ هێشتا مریشک هەڵنەنیشتوون، دەی قەیناکا، تۆش بخەوە و منیش چایەکی دیکە دەخۆمەوە و سیغارێکی دیکە دەکێشم و دەڕۆم). 
ئەم بەسەرهاتە دەریدەخا کاتی خەوی سروشتی کەیە و خەڵکی چەند دەیە لەوەپێش کەی خەوتوون. من خۆم وا بووم، تا تەمەنی حەفدە و هەژدە ساڵی قەت سەعات یازدەی شەوم نەبینیبوو، لەبیرمە هەمیشە بیرم دەکردەوە دەبێ دنیا سەعات «دوازدە» و «یەک» و «دوو»ی شەو چۆن بێ؟! دیارە ئێستا جار و بار تا ئەو کاتانە نەخەوتووم، بەڵام ئێستاش پێش سەعات «دە» دەخەوم.
ئەگەر دەتەوێ خەوت رێکبکەیتەوە ئەم سیستمەی یۆگا جێبەجێ بکە: (دەبێ بەیانیان زوو لە خەو هەستی، سەعات چوار و پێنجی بەیانیش خەوتبی، دەبێ پێش خۆرهەڵاتن لەخەو هەستی، بچیتە بەر پەنجەرە و کازیوەی بەیانی لە چاوت بدا تا (غودەی سنەوبەری)ت خۆی رێک بکاتەوە، تا ماوەیەک دەبێ ئەو کارە بکەی. پاشان نابێ بە رۆژ بخەوی، نابێ لە دوانیوەڕۆە قاوە بخۆیتەوە، ئێواران سەعات شەش و بۆ حەوت ژەمی ئێواران بخۆی و دوای ئەوە جگە لە ئاو هیچ نەخۆی و نەخۆیتەوە، شەوان نابێ سەیری شاشە بکەی و موبایل بەدەستەوە بگری، لە کۆتاییدا دەوری «نۆ» بۆ «دە» دەتوانی «تێڕامان»ی لەش خاوکردنەوە بکەی، ئەگەر تا یەک مانگ لەسەر ئەم بەرنامەیە بەردەوام بی، خەوت رێک دەبێتەوە و شەوان زوو خەوت دێ و دەخەویت).  

وتارەکانی نوسەر