حزبەکانمان کوردستانین نەک کوردی!

09:49 - 2024-03-06
جەمال ئارێز
184 خوێندراوەتەوە

مشتومڕی هەنووکەی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان جگەلەوەی بۆتە جەدەلی بێزەنتی لەبارەی ماف و ئەرکی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی نیشتەجێی کوردستانەوە، لێدوان و رەد و بەدەلەکانیش بۆتە کەرەستەیەکی بێتامی میدیاکان.
بابەتی کورسیی پێکهاتەکان و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی  قسەی زۆری لەبارەوە کرا، بەشێک لە کەسانی سەر بەو پێکهاتانە دەڵێن ئەو پەرلەمانتارانەی بەناوی ئەوانەوە چوونەتە پەرلەمانی کوردستان، نوێنەرایەتی ئەوانیان نەکردووە، بەڵکو خزمەتی ئەجێندای حزبێکی دیاریکراوی  دەسەڵاتیان کردووە لە هەرێمدا و بەشێکیش لە پێکهاتەکان نیگەرانن کە تا ئێستا نوێنەری ئەوان نەچۆتە پەرلەمانەوە و هەموو ئەوانەی چوون هی ناوچەیەکی دیاریکراو بوون. 
دیارە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی مایەی مشتومڕ و تانەلێدان نییە، بەڵام 
لێرەدا دەبێت بپرسین ئەگەر حزبەکانی کوردستان خۆیان بە (کوردستانی) دەزانن نەک (کوردی) و بەفیعلی لە خەمی پێکهاتەکاندان و بە هاووڵاتیی کوردستانیان دەزانن، ئەوا دەتوانن بە رێژەیەکی دیاریکراو کە خۆیان لە سەرکردایەتیی حزبەکانیان لەسەری رێکدەکەون، شوێن بۆ پێکهاتەکانیش بکەنەوە لەو لیستەدا کە دینێرن بۆ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق. 
بەم هەنگاوە پێکهاتەکانیش جۆرێک لە دڵنیایی زیاتریان دەبێت کە ئەم حزبانە شینی دەنگ و سەنگی ئەوانیانە وەک هاووڵاتیی کوردستان، نەک شینی کورسییەکانیان بۆ تێپەڕاندنی ئەجێندای خۆیان لە بەرامبەر یەکتریدا.
دیارە هەریەک لە حزبەکانی کوردستان ژمارەیەک کاندید پێشکەش دەکەن، با چەند کاندیدێکی خۆیان لە بازنەکانی نفوزی ئەو پێکهاتانە لە کەسانی سەر بەو پێکهاتانە بێت، چونکە دادگای فیدراڵی رێگر نییە لە دەرچوون و سەرکەوتنی کاندیدانی پێکهاتەکان لەناو لیستی حزبە کوردستانییەکاندا.
خۆ دیسانەوە ئەگەر حزبەکان کوردستانین و کوردی نین، ئەوا بۆ دڵنیاکردنەوەی پێکهاتەکان، با لەمەودوا لە تەرکیبەی سەرکردایەتیی خۆیاندا کۆتای پێکهاتەکانیان هەبێت، نەک حزبی کارتۆنیان بۆ دروست بکرێت، دیارە لێرەدا مەبەستمە بڵێم با پێکهاتەکان ئازادبن لە دروستکردنی حزبی تایبەت بەخۆیان، نەک حزبی داتاشراو، بەوەش لەلایەک حزبەکانی ئەو پێکهاتانە خاوەنی شەخسییەتی سیاسیی خۆیان و ئەجێندای سیاسیی خۆیان دەبن، لەلایەکی دیکەشەوە ئەگەر ئەو پێکهاتانە لەناو هەڕەمی بڕیاردانی حزبە کوردستانییەکاندا حزووریان هەبێت، خۆیان زیاتر بە کوردستانی دەزانن، وەک لەوەی چاویان لە وڵاتانی ئیقلیمی و شوێنی دیکە بێت.
ئەم مشتومڕەی ئێستا لە ئارادایە، خەریکە لە جەدەلێکی سیاسیی ئاساییەوە ملدەنێت بەرەو جەدەلێکی ئیتنیکی و تایفی و زۆر لێدوان لە میدیاکانەوە دەبیستین کە بۆنی رەگەزپەرستی و شۆڤێنیزمی لێدێت لە کوردیش و لەوانیشەوە کە ئەوە لە سەدەی رابردوودا و تا ئێستاش لە باشووری کوردستاندا دیاردەیەکی نامۆ بووە، چونکە لانیکەم هەر لە شۆڕشی نوێدا شەهید سۆرانی مەسیحی لە هەولێر و د. ئاتێللای تورکمان لە ناوچەی گەرمیان بەسن بۆئەوەی دڵنیابین لەوەی ئەو پێکهاتانە خۆێنیان بۆ کوردستان بەخشیووە، ئێستا ئەگەر دڵنیابن لە مافی هاووڵاتیبوونی خۆیان چۆن دەنگی پێ نابەخشن؟ ئەوە ئەگەر نەگەڕێینەوە بۆ سەردەمی حوکمڕانیی مەلیک مەحمود کە ناوی کەریمی عەلەکە ئەستێرەیەکی درەوشاوەی ئەو رۆژگارە بووە.

وتارەکانی نوسەر