باکگراوند

لە ئاغاخان و چادرچییەوە بۆ پلاسخارت

10:01 - 2024-03-10
جەمال ئارێز
171 خوێندراوەتەوە

(35)

سەنگ و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان هێندەی پەیوەستە بە خۆمانەوە، هێندە پەیوەست نییە بە دەرەوە و کۆمەڵی نێودەوڵەتییەوە، چونکە ئەوە خۆمانین سەنگ و قورسایی بۆ خۆمان دروست دەکەین و هەر خۆشمانین ئەو سەنگ و قورسایی و دەسەڵاتە لە خۆمان دادەماڵین.
ئەگەر خشتەیەکی بەراوردکاری لە نێوان باکگراوندی دۆخی هەرێمی کوردستان لە 1991-ەوە بهێنینە سەر مێزی دانوستانەکانمان و لەو هەڵکشان و داکشانە وردببیینەوە کە لە 33 ساڵی رابردوودا بەسەر دۆخەکاندا هاتووە، ئەوا دەگەینە ئەو راستییەی هێشتا نابێت بێ ئومێدبین لە چارەنووسی هەرێمەکەمان.
لە ساڵانی 1991 – 1998 سەرەڕای نوێباویی ئەزموونی سیاسیی هەرێمی کوردستان و سەرەڕای ئەوەش کە هێشتا حزبی بەعس لە بان مەقان و قوشتەپە و کانی قرژاڵە و باعەدرێ و فایدە و زۆر سنووری هێڵی تەماسەوە هەڕەشەی بەردەوام بوون لەسەر هەر سێ پارێزگای سلێمانی و هەولێر و دهۆکی ئازادکراو و هەرێمی کوردستانیش جگە لەلای خۆمان لە هیچ یاسا و رێسا و دەستوورێکدا شەرعییەتی نەبوو، رژێمی ئەو کاتی بەغداش هیچ پابەندییەکی رەسمیی بە بڕیارە نێودەوڵەتییەکانی وەک (688) و دیاریکردنی هێڵی (36) و ناوچەی دژەفڕینەوە دەرنەبڕیبوو، بەڵام چونکە تاڕادەیەکی زۆر لە ستراتیژ و گوتاری سیاسیدا یەکگرتوو بووین دۆخەکە لەسەر دەستی سیدار چاترچی و سەدرەدین ئاغاخان راگیرابوو، کە دوو نمایندەی زۆر ئاستی خوارەوەی رێکخراوەکانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان بوون بۆ کاروباری مرۆیی و فریاگوزاریی ئاوارەکان.
 کاتێکیش بەرەکانی شەڕی ناوخۆ وردە وردە خامۆش بوونەوە، ئاستی هەرێم وا پاشەکشەی کرد، ناچاری هێزەکانی (PMF) ی تورکمان بووین بە فەرماندەیی حەسەن قاپڵان تا لەسەر هێڵەکانی تەماسی نێوان سەنگەرەکانی یەکێتی و پارتی-دا ناوبژیمان بکەن و حەسەن قاپڵان بەراورد بە نەبوونی یەک گوتاری ببووە فەرماندەی (ناتۆ) و لەسەر ئاستی زۆر باڵا لە هەرێم پێشوازیی لێ دەکرا.
لەگەڵ هەنگاونانەوە بۆ یەک گوتاری و یەک هەڵوێستی ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان گەڕایەوە بۆ مادلین ئۆلبرایت وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و رۆبەرت دویچ و دەیڤید وێڵشی جێگرانی  وەزیری دەرەوەی ئەمریکا.
ئەو یەکگرتوویی و هاوبەشییە سەرکردایەتیی کوردی گەیاندە ئاستی جۆرج دەبلیوو بوش و باراک ئۆباما و جێگرەکانیان و وەزیرانی بەرگری و دەرەوەی ئەمریکا و زۆربەی وڵاتانی جیهان بوونە نوێنەرانی پلە دوو کە بە دەورولای کورددا دەهاتن. 
دوورکەوتنەوەی کورد لە یەکتر و نەمانی گوتاری سیاسیی هاوبەش، جارێکی تر گێڕاینێیەوە بۆ بەردەم قاپیی تیلەرسن و برێت مەکگۆرک و دواجار بۆ بەردەم جینین پلاسخارت کە رەنگە هەمان دەسەڵاتەکانی سیدار چاترچی و سەدرەدین ئاغاخانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوویان هەبێت. 
بەڵام هێشتا نەچووە بچێت، ئێستاش یەک گوتاریی سەرکردایەتیی کورد و دابەزین لە هەندێک خواستی حزبی بۆ مەسەلە نیشتمانی و نەتەوەییەکە و گوێگرتن لە داوای دۆستان، هاوشان لەگەڵ مافە چەسپیوەکانی  گەلی کوردستان لە دەستووری هەمیشەییدا، ئەگەری زۆرە دووبارە لە پلاسخارتەوە کێرڤی پەیوەندییەکان سەربخاتەوە بۆ کۆشکی سپی و ئەلیزێ و تێن داون ستریت، ئەوەش تەنها بە ئاشتەوایی ناوخۆ دەستەبەر دەبێتەوە.
 

وتارەکانی نوسەر