لەناو رووداوەکاندا

هەرێم مەترسیی هەڵوەشانەوەی لەسەرە؟

09:23 - 2024-03-11
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
111 خوێندراوەتەوە

ناوبەناو گوێمان لە بابەتی مەترسیی هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێم دەبێت، ئەمەش لەدوای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عیراقەوە زۆرتر بە گوێی هاووڵاتیانی کوردستاندا دەدرێت، نۆتی دەربڕینی مەترسییەکە و دژایەتی بۆ لێکەوتەی بڕیارەکانی دادگا، روون و رەوان پێماندەڵێت، قسەکردن لەسەر وەهمی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم، بەرنامە بۆ داڕێژراوە و شتێکی وەها لە گۆڕێ نییە، بەغدا وەک ناوەندی دەسەڵاتی سیاسی لە رێگەی بڕیارەکانی دادگای باڵاوە یەک ئامانج ببینێت و هەنگاوی بۆ بنێت، ئەویش هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم بێت.
مەترسیی هەڵوەشانەوەکە جدی بێت یان نا، لێرەدا پرسیارە هەرە گرنگەکە ئەوەیە، ئێمە بۆ گەیشتینە ئەم رۆژە و کێ وایکرد هەرێم هێندە لاواز ببێت لە بەرامبەر بەغدا، تا ئاستی هەڵوەشاندنەوە؟ 
ئەم دۆخە بەرهەمی ئەو بیرکردنەوە و لۆژیک و دەستتێوەردانە سیاسییەیە کە دادگاکانی هەرێم و دەسەڵاتەکان و کۆمسیۆن و پەرلەمانی کردە حزبی و هەموو شتێک بەزۆرینەیی پەرلەمان تێدەپەڕێنرا و هیچ حیسابێک بۆ هێزە خەباتکار و هاوبەشە دڵسۆزەکانی ناو حکومەت و پەرلەمان نەکرا، ئەمەش وایکرد تاکە هیوای هەر هێزێکی دیکەی کوردستانی دژی نادادی و نایەکسانییەکان لە هەرێم، تەنها دادگای باڵای عیراق شک ببات.
ئەگەر لە هەرێمی کوردستان، دادگا بە حزبی نەکرایە، کۆمسیۆن بە ویستی هێزی سیاسی نەجوڵێنرایە، لە پەرلەمانیش بەزۆرینەیی پڕۆژەیاساکان تێنەپەڕێنرایە، هیچ کوردێک نەبوو پێیخۆش بێت دادگا لە بەغداوە بڕیاری لەو شێوەیە بدات، ئەوە ئەو دۆخە ناتەندروستەیە کە بەسەر کۆی جومگە حکومڕانی و یاسایی و ...هتد، لە کوردستاندا هێنراوە بۆیە لە بەغدا هەر بڕیارێک لە دژی کارە نایاسایی و نادیموکراسییەکان لە هەرێم بدرێت، زۆرینەی هاووڵاتیان لە کوردستان چەپڵەی بۆ لێدەدەن و پێیانخۆشە، بەڵام ئەو پێخۆشبوونە بە تەواوی پێچەوانەیە بە پێخۆشبوونێک کە هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی بەدوادابێت.
لێرەوە دەردەکەوێت، لە هەر بارێکدا مەترسییەکە راست و جدیش بێت، بەبێ هۆ و بەبێ سەرچاوە ئەم مەترسییە نەهاتۆتەگۆڕێ، ئەوەی پاڵنەری خوڵقاندنی ئەم نائومێدبوونە جەماعییەیە کە هێزی سیاسی کوردستانی و فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم ناچار دەکات رووبکەنە بەغدا و سکاڵاکانیان بگەیەنن بە دادگای فیدراڵی عیراق، خاڵیکردنەوەی دادگا و کۆمسیۆن و دەسەڵاتە جۆربەجۆرەکانی هەرێمە لە مانا و کاریگەری راستەقینەیان و بوونیان بە موڵکی هێزێکی سیاسی.
هەر هاووڵاتییەک ئەگەر دۆستی سەروەری یاسا و لەگەڵ رەتکردنەوەی تاکبڕیارییە، دەبێت بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عیراق دڵخۆش بێت و تێبگات ئەوەی دادگا راستی کردۆتەوە «مەفهومی موخالەفە»ی هەیە، پێشتر هەمووی بە نایاسایی و بە ویستی تاک و هێزی سیاسی بووە و بۆ هەموان نەبووە، دادگایەکیش ئەم دۆخە ناتەندروستە راست بکاتەوە و هەندێک بڕیاری نایاسایی و چەند کورسییەکی کۆتا هەڵوەشێنێتەوە، بۆ خراپی کردووە؟ بۆ مەترسییە لەسەر قەوارەی هەرێم؟ هەرگیز مەترسی نییە و بەڵکو گەڕانەوەی پێگەی راستەقینەی پێکهاتەکانیشە و لێرەوە دەتوانن نوێنەری راستەقینەیان لەناو حزبەکانەوە بنێرنە پەرلەمان.

وتارەکانی نوسەر