خەبات و تێکۆشانی ژن

09:35 - 2024-03-13
حەبیبە بابان
546 خوێندراوەتەوە

حەبیبە بابان 

(ژن گوڵە دەبێت گوڵیش بەدەستەوە بگرێت- هەڤاڵ مام جەلال)
خەبات و تێكۆشانی ژنان ناكرێت لە رۆژێكدا بەرجەستە بكرێت و كۆبكرێتەوە و قسەوباسی جۆراجۆری لەسەر بكرێت، لە رووی چەندایەتی و  چۆنایەتییەوە، چونكە بێگومان ژن ئەو بوونەوەرەیە پڕ وزە و میهرەبانەیە كە هەر لەسەرەتای پێگەیشتنییەوە، دەكەوێتە ململانێیەكەوە و نایەوێت خۆی بە دەستەوە بدات، هەمیشە هەوڵدەدات و تێدەكۆشێت و خەبات دەكات لەپێناوی ئەو خەونە رەنگاو رەنگانەی كە لەلایەن كۆمەڵگەكەیەوە لێی زەوت دەكرێت و دەسەڵاتی دەپوكێنێتەوە، بۆیە زۆرێك لە ژنان لە قۆناغە جیاوارەكانی ژیانیاندا بوونەتە جەنگاوەرێكی بەهێزی نێو مەیدانی شۆڕش و بەرگری و بەرەنگاربوونەوە.
ئێمە ئەگەر بەراوردێك بكەین لەگەڵ قۆناغی پێشوو و ئێستای کۆمەڵگەکەماندا، ژن لە بوارە جیاوازەكاندا بەجۆرێك شەپۆلەكانی ئاڕاستە كردووە، بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی، توانیویەتی تاڕادەیەك پێش بە قۆرخكارییەكان بگرێت، هەر كاتێك ژن لەهەر قۆناغێكی ژیان و مەیدانی كار و پێشكەوتنەكانیدا  پێشی پێ گیرا بێت، ئەوا بێگومان كۆمەڵگەی پێ دواكەوتووە، چونكە كۆمەڵگەیەك پێشكەوتن بە خۆیەوە نابینێت ئەگەر ژن تیایدا دواكەوتوو بێت. 
 ژن ئەگەر نیوەی كۆمەڵگە بێت، ئەوا دایكی نیوەكەی تریشە، هەڤاڵ مام جەلال وایدەوت، هەڵوێستەكردن لەسەر ئەم وتەیەی مام، پێمان دەڵێت ژن تەواوی كۆمەڵگەیە، واتا ژیان بەبێ ژن ژان و مەحاڵە، بۆیە پێویستە رێگە بە ژن بدرێت و هاوپێچەكانی ژیانی لێ ئاڵۆز نەكرێت و لە توانای ژن نەدرێت و بچووك نەكرێتەوە، چونكە لاوازكردنی  ژن و بچووكردنەوەی واتا لاوازكردنی كۆمەڵگە، لاوازكردنی پیاو. 
ژن جوانە و سروشتێكی مهیرەبانی هەیە، بۆیە دەبێت بە میهرەبانییەوە مامەڵە لەگەڵ ژن بكرێت، بۆئەوەی ببنە پێشەنگی جوانی كۆمەڵگە و پەروەردەی جوان و تاكی تەندروست بەرهەم بهێنن و بتوانن بە پێشەنگی درێژە بە كاروانی خەبات و مانەوە بدەن، لە جەنگەڵستانی  ژیاندا بهێڵن ژن ئەو گوڵە بێت كە هەڤاڵ مام جەلال وەسفی جوانییەكەی نەخشاندووە بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی  كوردی پڕ بێت لە گوڵستانی خەون و خەبات و ئومێدی ژنان.

سەرۆک مام جەلال هەمیشە پاڵپشتیی لە پێشخستنی رۆڵی ژنان کردووە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا

وتارەکانی نوسەر