باکگراوند

هەژماری من و متمانە

09:39 - 2024-03-17
جەمال ئارێز
185 خوێندراوەتەوە

(36)

حکومەتی هەرێمی کوردستان نابێت سەری لەوە بسوڕمێت کە خەڵکی کوردستان بەگشتی و مووچەخۆران و فەرمانبەران متمانەیان بە (هەژماری من) نییە، چونکە لە ساڵانی رابردوودا خەڵکی کوردستان بەگشتی لە زۆر وێستگەدا بەریەککەوتنیان لەگەڵ دامودەزگا داراییەکانی هەرێمدا هەبووە و تێیدا زەرەرمەند بوون، ئەوە هەر بەتەنها خەڵکی کوردستانیش نییە کە متمانەی نییە، بەڵکو حکومەتی عیراقیش ئەو بەریەککەوتنەی هەبووە و حکومەتی هەرێم تێیدا کەوتووە و راسب بووە لەمەسەلەی رەسیدی بانکەکانی رەشید و رافیدەین و پارەی بەشە خۆراکدا.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای گرفتەکە و باکگراوندەکەی، سەرەتا دەبێت حکومەتی هەرێم ئەو پرسیارە لەخۆی بکات کە بۆچی خەڵک متمانەی نییە، دیارە دەبێت بزانێت کە ئیدارەدانە بانکی و داراییەکەی پێشینەیەکی خراپی هەبووە لەو بوارەدا کە لەم چەند خاڵەدا کورتی دەکەینەوە ئەگەرچی هەمووی لە ئەستۆی هەرێمدا نییە، بەڵام خەڵک پێیوایە هەموو حکومەتێک میراتگری حکومەتی پێش خۆیەتی بە چاک و خراپەوە. 
*ساڵی 1991 کە رژێم دامودەزگای کارگێڕیی و دارایی لە هەرێم کشاندەوە، بە ئاشکرا رایگەیاند ئەوەی راژەکەی دەگوازێتەوە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو ئەوا لەوێ مووچەیان دەداتێ، بەڵام مووچە نادات بەوانەی لە ئیداراتی هەرێمدا خزمەت دەکەن، بەڵام خانەنشینان بەو پێیەی پێشتر پارەیان لێ بڕراوە و لە (سندوقی زەمان)دا دانراوە، دەتوانن بێنە کەرکوک و موسڵ لەوێ مووچە وەربگرن، ئەمەش تا ساڵی 2001 بەردەوام بوو، کە زۆرێک لە خانەنشینانی هەرێم لەو شوێنانە مووچەیان وەردەگرت، واتە مەسەلەی سندوقی زەمانی خانەنشینی، کە بەداخەوە حکومەتی هەرێم لە 2014دا دەستی خستە ناو سندوقی خانەنشینانیشەوە و ئەوەی تێیدا بوو رەسیدەکەی سفر بۆوە!
*ساڵی 1993 کاتێک رژێمی سەدام دراوی جۆری (25) دیناریی سویسریی کانسڵ کردەوە، خەڵکێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان هەبوون کە پارەکانیان بەو (فیئە) یە لە بانکەکاندا دانابوو یان لای خۆیان بوو، لە ناوچەکانی تری عیراقدا بازرگان و خاوەن پارەکان، ئەو پارانەیان بۆ گۆڕرا بە (فیئە)کانی دیکە، بەڵام ئەوانەی هەرێمی کوردستان هەموو مایەپووچ بوون بە خودی حکومەتی هەرێمیشەوە، بۆیە ئەوکات خەڵک لۆمەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی نەدەکرد، چونکە لە بابەتەکە تێدەگەیشتن کە ئەوە رژێمی بەعسە و دەیەوێت هەرێم لە رووی داراییەوە مایەپووچ بکات، بۆیە هەرێم پاساوێکی رەوای هەبوو لەو تەنگژەیەدا.
*هەر لە ساڵی 2014 بەدواوە، حکومەتی هەرێم دەستی برد بۆ پارەی (خیتاب زەمان)ی کۆمپانیا گەورەکانیش، بەجۆرێک لەبەرامبەر پڕۆژە و کاری کومپانیاکاندا حکومەت چەکی دەدایە کۆمپانیاکان، بەڵام کە دەچوون بۆ وەرگرتنی پارە، هیچ کام لە بانکەکان پارەیان تێدا نەبوو، بۆیە بەڵێندەران بە نیوە قیمەت دەیانگۆڕییەوە، ئەمەش بووە هۆی مایەپووچبوونی سەدان کۆمپانیای گەورە و پەککەوتنی دەیان و سەدان پڕۆژە بە نیوەناچڵی.
دیارە ئەم شێوازە ئیدارەدانەی رەوشی دارایی لەلایەن هەرێمەوە لانیکەم لەدوای 2014 -وە بەسە بۆ نەهێشتنی متمانە لەلای مووچەخۆر بە بابەتی (هەژماری من)، چونکە گومان هەیە سبەی رۆژێ لە هەر تەنگژەیەکدا ببێتە کارتێکی بێ رەسید و ئەو خولانەوەیە لەناو بازنەکەدا هەر بەردەوام بێت. 

وتارەکانی نوسەر