لەناو رووداوەکاندا

دەركەوتەی نوێ لە خولی شەشەمی پەرلەماندا

09:50 - 2024-03-18
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
149 خوێندراوەتەوە

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

لەگەڵ كردنەوەی دەرگای كۆمسیۆن بۆ تۆماركردنی ناوی لیست و هاوپەیمانی و كاندیدە سەربەخۆكان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیارە لە 10/6/2024 بەڕێوەبچێت، گەلێك ناوی سەیر بە پیشەی جیاواز جیاواز دەبینین كە وەك كاندیدی خولی نوێی پەرلەمان، خۆیان تۆماركردووە و پێیانوایە لە هەڵبژاردندا دەتوانن دەنگی پێویست بەدەستبهێنن.
رووكردن لە كاری پەرلەمانتاری بە بێ پسپۆڕی و لێزانین و خەمخۆری، ئاساییكردنەوەی كاری پەرلەمانتارییە بۆ ئاستێكی لاواز و كەم بایەخ، ئەم وێنەیەی كە بۆ كاری پەرلەمانتاری دروستكراوە، پەیوەندیی بەو شكاندنەی شكۆی پەرلەمانەوە هەیە كە لە ماوەكانی رابردوودا بەرامبەر سەرۆك و پەرلەمانتارەكان كراوە و كەسیش بە هێندەی جوانی و ئەخلاقیاتی پیشەی كاری پەرلەمانتاری دژی ئەو شكاندنەی شكۆی پەرلەمان دەنگی لێوە نەهات.
لە جیهاندا بۆچوونێك هەیە لەسەر ئازادی و دیموكراسی، زۆرجار دروست دەردەچێت و دەوترێت «هەموو جارێك ئازادی و دیموكراسی، جوانی بەرهەم ناهێنێت»، دروست ئەم قسەیە بۆ خولی نوێی پەرلەمانی كوردستان راستە و ئەو ئازادی و دیموكراسییەی بۆ ناو تۆماركردنی هەندێك كەس هاتۆتە پێش، لێكەوتەی خراپی دەبێت بۆ سەر ناو و ناوبانگی پەرلەمان و پەرلەمانتاریی لە ئایندەی كوردستاندا، بۆ نموونە ئەگەر تیكتۆكچییەك! و بەندبێژێك! بچنە پەرلەمان، ئەمە پێیدەوترێت دیموكراسی و ئازادیی، بەڵام كارەساتە بەرامبەر یاسا و كاری پەرلەمانتاری، ئەمە لەبەر ئەوە نا كە ئەو دوو شەخسییەتە مافیان نییە بۆ كارێكی لەو جۆرە، بەڵكو لەبەرئەوەی كە دەبێت ئەم جۆرە ناونیشانانە چی لە یاسا و ئابووری و نەوت و  وزە و دەستوور و ئەمنی قەومی و سیاسەت و ... هتد بزانن؟
ئەم دەركەوتە نوێیانە لە خولی داهاتووی پەرلەمان و تەواوی خولەكانی دیكەی پەرلەمانی كوردستاندا، دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر تەواوی ئەو جومگانەی حكومەت و كۆمەڵگەی كوردیش كە راستەوخۆ پەیوەندی بە پەرلەمانەوە هەیە، بەمانایەكی تر ئەم دەركەوتانە وێنەی پەرلەمان و حكومەت و سیاسی و پەرلەمانتار و روناكبیر و تەنانەت مرۆڤی شایستەش ئەوەندە سادە دەكەنەوە كە پێیان شەرم بێت باس لە كەسێتی سیاسی و كەسێتی كۆمەڵایەتی و یاسایی و ئەمنیش بكەن.
لەم دۆخەدا، ئیدی ئەوە پسپۆڕیی نییە كە كەسێك دەنێرێتە پەرلەمان و هاووڵاتیان و دەنگدەران بە سایشتەی دەزانن لە پەرلەمان بێت، بەڵكو ئەوە زۆری ژمارەی ڤیوی تیكتۆك و چۆنێتی گەعدەی بەندبێژەكانە ئەوانە دەكاتە پەرلەمانتار و فەرزی ژمارەی دەنگ دەكات بەسەر بڕوانامە و پسپۆڕی و لێزانین و ئەزموون و زۆر توانای دیكەدا، لێرەدا ئیدی كەسی روودار و بە شەخسیات نایەوێت لە وەها دۆخێكدا دەربكەوێت كە تیكتۆكچییەك 40 هەزار دەنگی هەبێت و كەسێكی دیكەش كە خاوەن چوار زمان بێت 20 هەزار دەنگی هەبێت، ئەمەش دەرئەنجامی ئەو دەرفەتدانە ناڕێكخراوەیە كە هیچ بنەمایەكی پسپۆڕی و ئەزموون و زمان بۆ كاندیدەكان بەمەرج ناگرێت و هەركەسێك تاقەتی كاری پەرلەمانتاری هەبوو، لە رێگەی حزبەوە یان سەربەخۆ، دەگاتە پەرلەمان.

وتارەکانی نوسەر