كـه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
هه‌ر یه‌كێك له ئێمه، باسێكی تایبه‌ت به شوێنی له‌دایكبوونی هه‌یه و رێكه‌وت رۆڵی سه‌ره‌كی تێدا بینیووه، خانمه نووسه‌ری ئه‌مریكای لاتین جیۆكۆندا بیلی له كتێبێكیدا به ناوی (نیشتمانه كه‌م له‌ژێرپێستمدایه، بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆشه‌ویستی و شه‌ڕ) زۆر به‌جوانیی باسی ئه‌م لایه‌نه له ژیانی مرۆڤ ده‌كات و ده‌ڵێت: (دوو شت هه‌موو ژیانمیان پێكهێناوه به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆم ده‌ستم تێیاندا هه‌بووبێت، ئه‌وانیش شوێنی له‌دایكبوون و ره‌گه‌زه‌كه‌من) منیش خاڵێكی دیكه‌ی بۆ زیاد ده‌كه‌م و ده‌ڵێم نه‌ته‌وه‌كانیشمان. ئه‌م سێ ته‌وه‌ره (شوێنی له‌دایكبوون، ره‌گه‌ز، نه‌ته‌وه) رۆڵێكی چاره‌نووسسازیان له ره‌نگڕێژكردنی ژیانماندا هه‌یه به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆمان هه‌ڵمانبژاردبن، هه‌ر ئه‌و سێ خاڵه‌یشن هه‌ندێجار ده‌بنه هه‌نجه‌تی هه‌وڵدان بۆ سڕینه‌وه یان نادادپه‌روه‌ریی و ئازاردانی كه‌سانی سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌یه‌ك یان ره‌گه‌زێكی دیاریكرا و یان گرووپ و ده‌سته‌یه‌ك. شانازیكردن به شوێنی له‌دایكبوون و نه‌ته‌وه یان ئه‌و ره‌گه‌زه‌وه كه پێیه‌وه له‌دایكبووین و سه‌رمانكردووه به ماڵی ژیاندا، هه‌ندێجاریش په‌ستبوون و خۆبێبه‌رییكردن لێیان به‌شێكی دانه‌بڕاوه له چیرۆكی هه‌زاران مرۆڤی سه‌ر زه‌ویی. بۆخۆم له كۆتایی شه‌سته‌كاندا له گه‌ڕه‌كێكی میللیی شاری كه‌ركوك به ناوی ته‌په‌ی مه‌لا عه‌بدوڵڵا، له سه‌رده‌ستی مامانێكی ئاشووریی له‌دایكبووم، ناوی نه‌نه حه‌فره بووه. حه‌فره ژنێكی خه‌مخۆر و كارامه‌ی ئه‌و گه‌ڕه‌كه كوردنشینه‌ی كه‌ركوك بووه، هاوكاریی ژنانی دووگیانی كردووه و له‌ڕێگه‌ی پیشه‌كه‌یه‌وه بژێوی ژیانی خۆی و ماڵ و منداڵی دابینكردووه. ئه‌گه‌ر له سلێمانی سسته‌ر خاتوونه هه‌بووبێت ئه‌وا له كه‌ركوك ئه‌م خانمه و دڵنیام له شاره‌كانی هه‌ولێر و دهۆك و خانه‌قین و شوێنه‌كانی تر چه‌ندین ژنی به‌توانا له پیشه‌كانیاندا هه‌بوون، به‌ڵام كه‌متر ئاوڕیان لێدراوه‌ته‌وه. تا ته‌مه‌نی چوار ساڵی كه‌ركوك یه‌كه‌م نیشتمانی منداڵیم بووه، ئه‌م ره‌گی هاتنه دنیایه‌وه له شارێكی كێشه له‌سه‌ری گه‌واهیده‌ری مه‌زڵومییه‌تی كورد كه به‌پێی به‌ڵگه‌نامه مێژووییه‌كان شارێكی ته‌واو كوردستانییه و شاری پێكه‌وه‌ژیانی نه‌ته‌وه و ئاین و ئاینزا جیاوازه‌كانه، وایكردووه هه‌ستبكه‌م نووسه‌رێكی خۆشبه‌ختم، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌وه‌ی كه پێی وایه: به‌خته‌وه‌ره‌كان به‌ته‌نیا هه‌ر ئه‌وانه‌ن كه خاوه‌نی وڵاتی كه‌م كێشه‌ن، ناتوانم بڵێم بێكێشه چونكه مه‌حاڵه له‌م سیسته‌مه جیهانییه‌ی ئه‌مڕۆدا بستێ زه‌وی بێكێشه له جیهاندا هه‌بێت. خۆشحاڵیی ئه‌وه‌یه خاوه‌نی مه‌سه‌له‌یه‌كی ره‌وابیت و هه‌وڵ بۆ سه‌رخستنی بده‌یت، هه‌قێكی مێژوویت هه‌بێت و هه‌وڵی سه‌ندنه‌وه‌ی بده‌یت. له‌ناو ئه‌و هه‌موو شار و شوێنه‌دا،له نزیك بابه‌گوڕگوڕ پێڕه‌وكه بووبیت و زمانت گرتبێت و خه‌ونی گه‌وره له مێشكتدا چێ بووبێت.