هـێزی نه‌رم

رۆژی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی بۆ پێداچوونه‌وه‌

11:04 - 2024-04-22
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
555 خوێندراوەتەوە

خۆشبه‌ختانه‌ په‌رله‌مانی كوردستان 22ی هه‌مووساڵێكی وه‌ك رۆژی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردیی ده‌ستنیشان كردووه‌ و یادی ده‌رچوونی یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی كوردیی به‌ناوی (كوردستان) له‌ 22 ی نیسانی 1898دا له‌میسر، له‌سه‌رده‌ستی میقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان ده‌توانرێت به‌وشێوه‌یه‌ بكرێته‌وه‌ كه‌ رۆژنامه‌نووسان و داموده‌زگاكانی راگه‌یاندن خوازیارین. هه‌یانه‌ وه‌ك بۆنه‌یه‌كی نیشتمانی چاوی لێده‌كات و هه‌شیانه‌ چاوی ره‌خنه‌ و گازه‌نده‌كانی هێنده‌یتر زه‌قده‌كاته‌وه‌ و باسی كه‌م و كوڕییه‌كان و پاشه‌كشه‌ی ئازادیی رۆژنامه‌گه‌ریی ده‌كات. بۆ خۆم لایه‌نگری ئه‌وانه‌م یاده‌كه‌ ده‌كه‌نه‌ هه‌نجه‌تی پێداچوونه‌وه‌ به‌ مێژووی رۆژنامه‌گه‌ریدا و یاده‌كه‌ ده‌كه‌نه‌ هه‌لی وه‌رگرتنی په‌ند و عیبره‌ت بۆ به‌ره‌وپێشبردنی زیاتری كاروانی به‌شكۆی رۆژنامه‌گه‌ریمان. ئه‌و پرسیارانه‌م پێ گرنگن كه‌ یاده‌كه‌ به‌بیری پسپۆڕانی بواره‌كه‌ و ئه‌كادیمییه‌كانیدا ده‌هێنێت. بۆنموونه‌ كه‌ ده‌پرسن بۆچی قه‌ده‌ری یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی كوردیی وابووه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی خاكی كوردستان، له‌ قاهیره‌ له‌دایكببێت، یان كه‌ نووسه‌رێك وه‌ڵامده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێت هۆكاره‌كه‌ سته‌می عوسمانییه‌كان بووه‌ كه‌ به‌درخانییه‌كانی ده‌ربه‌ده‌ركردووه‌، هه‌روه‌ها دواكه‌وتوویی ناوچه‌ كوردنشينه‌كان له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه‌ له‌ڕووی هه‌بوونی چاپخانه‌ و ئازادیی بڵاوكردنه‌وه‌وه‌ زۆر هه‌ژاربوون هۆكارێكی ترن. لێتان ناشارمه‌وه‌ ئه‌و یادكردنه‌وانه‌ به‌ راست و ره‌وانتر ده‌زانم كه‌ ستایشی رۆڵی كه‌م وێنه‌ی میر میقداد به‌درخان و هه‌موو ئه‌و ناوه‌ گه‌ورانه‌ ده‌كات كه‌ هه‌ریه‌كه‌ و به‌پێی قۆناغ و سه‌رده‌می خۆیان بره‌ویان به‌ رۆژنامه‌گه‌رییداوه‌ و له‌ڕێی بڵاوكراوه‌كانیانه‌وه‌ زمانی كوردی و رێنووسی ستاندارد و ئه‌ده‌ب و فیكر و فۆلكلۆر و هه‌واڵ و به‌سه‌رهاتی ساڵانی كاركردن و ژیانی خۆیان بۆ پاراستووین. له‌و ناوه‌ له‌یادنه‌كراوانه‌ی درێژه‌پێده‌ری رێبازی میقداد به‌درخان بوون، پیره‌مێردی نه‌مر، حسێن حوزنی موكریانی، گیو موكریانی و كاكه‌ی فه‌لاح و چه‌ندانی تر بوون. باشترین كاری بۆنه‌ و یاده‌كان سوودمه‌ندبوونمانه‌ له‌ ته‌واوی ئه‌زموونه‌كانی پێش خۆمان به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌زموونه‌ هه‌وڵێكی سه‌ركه‌وتووی قۆناغه‌كانی گه‌شه‌كردنی شارستانییه‌ت بێت، ئه‌وا زۆر جێگه‌ی خۆشحاڵییه‌ و پێویست ناكات یاده‌كه‌ دراماتیكیی بكه‌ین، با له‌ خۆمان بپرسین: ئایا دووره‌ وڵاتی و ده‌ركردنی رۆژنامه‌یه‌ك بۆ نیشتمانه‌كه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و نیشتمانه‌ به‌ئازار نه‌بووه‌؟ رۆژنامه‌ی كوردستان له‌ یه‌كێ له‌ پارچه‌كانی كوردستان ده‌ربچوایه‌ زۆر باشتر ده‌ستی به‌هه‌واڵه‌ گه‌رمه‌كانی وڵات و له‌ئامێزگرتنی قه‌ڵه‌می نووسه‌رانی ناوخۆ نه‌ده‌گه‌یشت؟ به‌ڵام كه‌ی و له‌چ سه‌رده‌مێكدا رۆژنامه‌گه‌ریی، پیشه‌ی سه‌رئێشه‌ وسه‌ختییه‌كان نه‌بووه‌؟  هاوپیشه‌كانم ئه‌مرۆتان لێ پیرۆزبێت.

وتارەکانی نوسەر