هـێزی نه‌رم

شه‌ڕ به‌هێزتره‌ یان ئاشتی؟

11:53 - 2024-04-15
که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
775 خوێندراوەتەوە

له‌وكاته‌وه‌ی مرۆڤ ئامرازه‌ ساده‌ و ساكاره‌كانی راو و خۆپاراستنی داهێناوه‌، شه‌ڕ بووه‌ به‌ به‌شێك له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تی، به‌ڵام خه‌سڵه‌ته‌ سروشتی و خۆڕسكه‌كه‌ی مرۆڤ ئاشتیخوازییه‌ نه‌ك شه‌ڕخوازیی، كه‌سه‌كان كاتێك به‌ر سه‌ختی ژیان و ته‌ماعی خۆیان و توند و تیژیی ده‌ورو به‌ره‌كه‌یان و به‌رژه‌وه‌ندیخوازیی خۆیان ده‌كه‌ون، شه‌ڕ له‌ناخیاندا چه‌كه‌ره‌ ده‌كات و وه‌ك ژه‌هرێكی كوشنده‌ به‌هه‌موو جه‌سته‌یاندا بڵاو ده‌بێته‌وه‌. ئه‌وانیش دێن هه‌موو جیهانی ده‌ره‌وه‌ی و خۆشیان به‌و ژه‌هری كینه‌ و دڕنده‌ییه‌ ده‌كوژن. له‌ سه‌ره‌تای سه‌ره‌تاكانه‌وه‌ دووبه‌ره‌ هه‌بوون كه‌ به‌ره‌ی خێر و به‌ره‌ی شه‌ڕن، به‌بڕوای من له‌م سه‌رده‌مه‌دا به‌ره‌یه‌كی نه‌خێر نه‌شه‌ڕیش دروستبوون، ئه‌وانیش ئه‌و نه‌وه‌یه‌ن كه‌ له‌نێوان خێر و شه‌ڕدا راوه‌ستاون  و ته‌كنۆلۆژیا وڕ و كاسی كردوون، له‌ قۆزاخه‌كه‌ی خۆیاندان و ته‌ده‌خولی نه‌خێر ده‌كه‌ن نه‌ شه‌ڕیش، بێگومان ئه‌م ناهه‌ڵوێستییه‌ به‌ره‌یه‌كی ناڕوون دروستده‌كات، له‌كاتێكدا زۆر گرنگه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ مافی ژیان و مافی مرۆڤایه‌تی هه‌یه‌ لایه‌نگرییان بۆ ئاشتی و به‌ره‌ی خێر شاراوه‌نه‌بێت، ئه‌وانه‌شی ئاگری شه‌ڕ خۆشده‌كه‌ن و به‌نزین ده‌كه‌ن به‌سه‌ر نائارامیی جیهاندا شه‌ڕانگێزییان نه‌شارنه‌وه‌ و له‌ڕوویان نه‌یه‌ت باسی ئاشتیخوازیی بكه‌ن. له‌ناو ئه‌م ئاگربارانی شه‌ڕه‌ ئقلیمگیره‌ی جیهاندا كه‌ تا دێت په‌رچه‌كرداری مه‌ترسیدارتر به‌دوای خۆیدا ده‌هێنێت، پرسیارێك له‌ هزرمدا داگیرساوه‌، پرسیاری ئه‌وه‌ی ئایا: شه‌ڕ به‌هێز تره‌ یان ئاشتی؟  ئه‌گه‌ر مێژووی دووهه‌میان كۆنتره‌ له‌ یه‌كه‌میان، بۆچی ئاشتی وا بۆته‌ بڕیارێكی زه‌حمه‌ت و دانسقه‌ بۆ هه‌مووان و شه‌ڕ له‌پای چی بووه‌ته‌ بڕیار و هه‌ڵبژارده‌یه‌كی هێنده‌ ئاسان؟ كارێكی ئه‌ده‌بیی هه‌ره‌ گرنگ كه‌ بایه‌خی به‌م دوو چه‌مكه‌ سه‌ره‌كییه‌ دابێت تا ئێستا رۆمانی (شه‌ڕ و ئاشتی ) نووسه‌ری به‌ناوبانگی جیهان لێۆ تۆلستۆیه‌، نووسه‌ر له‌و رۆمانه‌دا نیشانمانده‌دات شه‌ڕ به‌ چ شێوازێكی دڕندانه‌ مرۆڤایه‌تی و مرۆڤه‌كان وردوخاش ده‌كات. زۆر نووسه‌ری دیكه‌یش له‌ جیهاندا باسی شه‌ڕ و ئاشتی یان خێر و شه‌ڕیان كردووه‌، به‌ڵام كه‌میان هێنده‌ی ئه‌م شاكاره‌ دووچاری تێڕامانیان كردووین.
ئێمه‌ی كورد مێژووه‌كه‌مان ده‌ڵێت میلله‌تێكی ئازاین، به‌ڵام هه‌وڵی دایگیركردن و ئازاردانی میلله‌تانی ترمان نه‌داوه‌ زۆر كه‌م نه‌بێت. له‌ ترسنۆكی و بێ چه‌كییه‌وه‌ نییه‌ كه‌ لایه‌نی خێر و ئاشتین به‌ڵكو ئێمه‌ هێشتا له‌ فیتره‌تی سه‌ره‌تا و خۆڕسكی ئینسانه‌وه‌ نزیكین و ده‌خوازین به‌هه‌موو توانایه‌كمانه‌وه‌ شه‌ڕ له‌ تخوب و ئاسمان و ئاینده‌مان دووربخه‌ینه‌وه‌. هیوادارم بتوانین.

وتارەکانی نوسەر