كـه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د
گرنگیی ئایدۆلۆجیا له ژیانی كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیدا مێژوویه‌كی دوور و درێژی هه‌یه،تا ئه‌و ئاسته‌ی ده‌توانین بڵێین ده‌وڵه‌تان بیرمه‌نده‌كانیان به‌ڕێوه‌یان ده‌به‌ن نه‌ك سه‌ركرده‌كانیان. ئه‌گه‌ر بیری ماركسی- لینینی به نموونه وه‌ربگرین یان لیبراڵییه‌تی ئه‌وروپی یان بیریی ئیسلامیی وڵاتانی عه‌ره‌بی، ئه‌وه‌ی دنه‌ی كاریگه‌ریی دانان له‌سه‌ر میلله‌ت و وڵاتی دیكه‌یش ده‌دات هه‌ر هزری بیرمه‌ندانی وڵاته باڵاده‌سته‌كانه. دیموكراسی ئه‌مریكی و ئه‌و ئازادییه‌ی بیرمه‌ندانی فه‌ره‌نسا بۆ مرۆڤیان ده‌خواست و ئه‌و ئیشتیراكییه‌ته‌ی سۆڤێتی جاران وه‌ك به‌هشتی مرۆڤایه‌تی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرد و كاری له زۆربه‌ی میلله‌تان كردبوو به كوردیشه‌وه، روسیای ئێستایش له‌ڕێی بیرمه‌ندێكی له‌دایكبووی ساڵی 1962 ه‌وه به‌ناوی (ئه‌لكسه‌نده‌ر دۆگین)ه‌وه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات و هه‌وڵی كاریگه‌ریی دانان ده‌دات. دۆگین خاوه‌نی تیۆری چواره‌مه (النظریة الرابعة) مه‌به‌ست له‌و تیۆره‌یه كه دوای شكستهێنان یان به‌بنه‌ست گه‌یشتنی دیموكراسی لیبرالی و ماركسی و فاشیزم هاتووه و جێگه‌ی ئه‌وان ده‌گرێته‌وه. بنه‌مای ئه‌م تیۆره‌ی دۆگین جوگرافیای سیاسییه ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت جیۆپۆله‌تیكا، ئه‌م بیرمه‌نده‌ی پوتین له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یدا پشت به تێزه‌كانی ده‌به‌ستێت پێی وایه، ململانێێ نێوان ئه‌مریكا و روسیا ململانێیه‌كی ئایدۆلۆجی نییه به‌ڵكو جێۆپۆله‌تیكییه و شه‌ڕی نێوان وشكانی و ده‌ریایه،روسیا پابه‌ندی وشكانی كراوه له كاتێكدا ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و رۆژئاوا له‌سه‌ر ده‌ریان و له خێر و بێره‌كانی سوودمه‌ندن. هه‌رده‌م روسیا هه‌وڵیداوه له‌و قه‌ده‌ری وشكانییه ده‌ربچێت و بگاته ئاوی ده‌ریاكان. ململانێكه‌یشی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا شه‌ڕی وشكانییه له‌گه‌ڵ ته‌ڕ و بڕیی. سه‌یرله‌وه‌دایه گۆڤارێكی ئه‌مریكی ساڵی 2014 ئه‌لكسه‌نده‌ر دۆگینی به یه‌كێ له باشترین 100 بیرمه‌ندی جیهان وه‌سف كردووه. ئه‌گه‌رچی ئه‌م نووسه‌ره خاوه‌نی 60 كتێبه و گرنگترینیانی ساڵی 1999 سه‌باره‌ت به ئاینده‌ی جیۆپۆله‌تیكیی روسیا بڵاوكردۆته‌وه، كه‌چی تائێستا ره‌خنه‌گران و بیرمه‌ندان و رۆشنبیرانی كورد به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، زۆر كه‌م ده‌یناسن و تیشكیان نه‌خستۆته سه‌ر تێزه‌كانی و جێگه‌ی بایه‌خ وسه‌رنجیان نه‌بووه، له‌وانه‌یشه هۆكار هه‌رئه‌وه‌بێ كه له دوای كۆتایی هاتنی بیری ماركسی، وه‌ك چۆن دنیا خه‌ڵكی روسیا و ئه‌ده‌بیاته سیاسی و رۆشنبیرییه‌كه‌یانی فه‌رامۆش كرد، كوردیش به‌هه‌مان شێوه له یادی كردبن، به‌ڵام دوای داگیركردنی ئۆكرانیا له‌لایه‌ن روسیاوه كه دووباره فۆكه‌سی رۆژگار خراوه‌ته‌وه سه‌ر ئه‌و وڵاته، پێویسته هه‌وڵی تێگه‌یشتن له هه‌نگاوه‌كانی ئێستا و ئاینده‌ی بده‌ین و به‌دوای بۆچوونی ئه‌و بیرمه‌ندانه‌دا بچین كه نه‌خشه‌ڕێ بۆ خه‌ونی سه‌ركرده‌ی وڵاته زلهێزه‌كه‌یان و ئاینده‌ی روسیا و داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی جیهان داده‌نێن. كاتی ئه‌وه‌یه نووسه‌ری كورد واز له خۆئاڵاندن له‌و تێزانه بهێنێت كه زانین و نه‌زانینیان هیچ سودێك به ئه‌زموون و ئاینده‌ی سیاسیمان ناگەیەنن و لە مەترسی سەر قەوارەکەمان ئاگادارمان ناکەنەوە.