هەوێن

هێزی سیاسی و ستراتیژی نیشتمانی

09:42 - 2024-03-20
نەرمین عوسمان
304 خوێندراوەتەوە

هێزی سیاسیی بەرپرسیار، پایەیەکی گرنگە بۆ گەشەکردنی کۆمەڵگە و کایە جۆراوجۆرەکانی، لە رێگەی ستراتیژی کورتخایەن و درێژخایەنەوە، توانای گۆڕانکاریی زۆری هەیە، بەو مەرجەی پەنا بۆ مۆنۆپۆڵکردن نەبات، بەڵکو قۆناغ بە قۆناغ و پشتبەست بە دەستکەوتەکانی، خەڵک بڕوا پێبهێنێت کە ئەو دەتوانێت ژیانێکی شایستەیان بۆ دەستەبەر بکات.
لە هەرێمی کوردستان و عیراقدا هێزی سیاسیی زۆر هەن، لەسەر ئاستی گشتی گۆڕانکاریی کەمیان دروستکردووە، لەکاتێکدا خاوەن بەرنامە و ئامانجی جوانن، بەڵام بە کردار کەمترینی جێبەجێکراوە و هێشتا گرفتەکانیش زۆرن.
شەش قۆناغ گرنگن بۆئەوەی کۆمەڵگە ببێتە گۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو لە رێگەی هێزی سیاسیی بەرپرسیارەوە:
یەکەم: هێنانەکایەی سیستمێکی دیموکراسی، ئەوە تەنها پەیوەندیی بە هەڵبژاردنەوە نییە، بەڵکو کاتێک دەتوانین بڵێین خاوەن سیستمێکی دیموکراتین کە شۆڕبووبێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگە، واتە دیموکراسی بە کۆمەڵایەتیی کرابێت و خەڵک بڕوای وابێت دیموکراسی هۆکاری سەرەکیی نوێبوونەوە و گۆڕانکارییە.
دووەم: سووربوون لەسە بنبڕکردنی گەندەڵی لە هەموو بوارەکاندا لەو سۆنگەیەی گەندەڵی کات، سامانی گشتی و وزە و تواناکان بەفیڕۆ دەدات، ئەوە قۆرتی گەورە لەبەردەم پێشکەوتندا دروستدەکات.
سێیەم: یاسا سەروەریی گرنگیی زۆری هەیە، ئەگەر هێزی سیاسی بڕوای وابوو و کاریشی بۆ کرد کە یاسا لەسەرووی هەموانەوەیە، ئەوکات ئاسان ئەو ئامانجە دێتەدی، چونکە بەربەستی گەورەی بەردەم سەروەر نەبوونی یاسا هێزی سیاسیی نابەرپرسیارە.
چوارەم: یەکسانیی نێوان ماف و ئەرک یەکێکی دیکەیە لە ئەرکەکانی هێزی سیاسیی بەرپرسیار، لە ئەگەری نەبوونی ئەوەشدا، دەرفەت بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتیی دەڕەخسێت، ئەوکات فۆکەس لەسەر جێبەجێکردنی ئامانجە راستەقینەکان نامێنێت و هەر رۆژ بەڕێ دەکرێت، ئەوە جۆرێکی دیکە یان بەشە ترسناکەکەی گەندەڵییە.
پێنجەم: بڕوای تەواو بە یەکسانیی نێوان ژن و پیاو نیشانەی پێشکەوتنی کۆمەڵگەیە، بەدیهێنانی ئەو ئەرکە لە ئەستۆی هێزی سیاسیی راستەقینە و بەرپرسیارە نەک هێزی فشەڵی شێوە کۆمپانیا کە دەربەست نییە بەرامبەر داهاتووی مرۆڤی کۆمەڵگەکەی، نموونەی زۆر هەن پیشانی دەدەن کە ئەو کۆمەڵگەیانەی لەلایەن هێزی سیاسییەوە مافەکانی ژنانی پێشێلکراون، لە پێشکەوتن دواکەوتوون و وزەی زۆر بەفیڕۆ دەچن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پشتیوانییان ناکات بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکانیان.
شەشەم: ژێرخانی ئابووری و سیستمی پەروردەیی مەدەنی بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگە زۆر گرنگە، پەروەردەی مەدەنی مرۆڤی خاوەن ئیرادە و کەسێتیی باڵا بەرهەم دەهێنێت، ئابووریی سەقامگیر و بەرزیی داهاتی تاکیش، بیری مرۆڤ هاندەدات بۆ بیرکردنەوە لە داهێنان.
ئەو شەش خاڵە دەکرێ ببێتە ستراتیژی نیشتمانیی هێزی سیاسیی راستەقینە؛ ئەو هێزەی کە ئامانجی پێشکەوتنی کۆمەڵگە و داهاتووی تاکەکانێتی نەک هێزی بیرکەرەوە لە بەدەستهێنانی کورسیی زۆری پەرلەمان و مانەوە لە دەسەڵات و بژاردنی رۆژەکانی فەرمانڕەوایی خۆی.
هێزی سیاسیی بەرپرسیار چاوی لەسەر گۆڕانکارییە بۆ هێنانەکایەی داهاتوویەکی گەش و پێشکەوتوو لە کایە جۆرواجۆرەکاندا، بەربەستەکان لادەبات و خەونەکان دەکاتە کردار، مرۆڤی باڵا دروستدەکات و شەڕخوازیی وەلادەنێت بۆئەوەی ببێتە بەشێک لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانی جیهان.

وتارەکانی نوسەر