(43)
له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، مه‌سه‌له‌ی (كۆپی رایت-مافی خاوه‌ندارێتی) بۆ زۆربه‌ی بابه‌ته هونه‌رییه‌كان بۆته شتێكی حه‌تمی و هه‌ر پارچه میوزیكێك یان گۆرانییه‌ك یان فیلمێك یان هه‌ر ڤیدیۆیه‌كی ده‌گمه‌نی دیكه، كۆپی رایت بكرێت ئه‌وه ناتوانرێت بێ پرس و ره‌زامه‌ندی خاوه‌نه‌كه‌ی كه‌س بیبات یان بڵاوی بكاته‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر پێچه‌وانه‌كه‌ی رووبدات و هه‌ر كه‌سێك بێ ره‌زامه‌ندی خاوه‌نی به‌رهه‌مه‌كه، بیبات و له یه‌كێك له سه‌كۆكانی دیجیتاڵ میدیا یان هه‌ر هۆكارێكی تری میدیایی بڵاوی بكاته‌وه، ئه‌وه سزای خۆی هه‌یه كه دیارترینیان ئه‌مانه‌ن:
-كه‌مكردنه‌وه‌ی بینه‌ری بابه‌ته كۆپیكراوه‌كه.
-راگرتنی ئه‌و ئه‌كاونت و په‌یج و چه‌ناڵانه‌ی كه پۆستی كۆپیكراوی تێدا بڵاوكراوه‌ته‌وه بۆ ماوه‌یه‌كيی كاتی.
-داخستن و سڕینه‌وه‌ی بۆ هه‌میشه‌ی ئه‌و په‌یج و ئه‌كاونت و چه‌ناڵانه‌ی كه پۆسته‌كه‌ی لێ بڵاوكراوه‌ته‌وه ئه‌گه‌ر چه‌ند باره كرابێته‌وه.
- له زۆربه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی سه‌روه‌ریی تێدایه و دیموكراسی هه‌یه، سزای یاسایی قورسی هه‌یه.
بێگومان، ئه‌م خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه وایان كردووه، زۆربه‌ی سه‌كۆكان خۆیان له مه‌سه‌له‌ی بردن و پرس نه‌كردن، بپارێزن، چونكه هه‌ر به‌رهه‌مێكی هونه‌ری پێش ئه‌وه‌ی بڵاویبكه‌یته‌وه، ئاگادارت ده‌كاته‌وه كه ئه‌م به‌رهه‌مه كۆپی رایت كراوه، بۆیه ده‌بێت له به‌رامبه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی كرێ یان بڕێك پاره كه خاوه‌نی به‌رهه‌مه‌كه ده‌ستنیشانیكردووه بیده‌یت، ئینجا مافی بڵاوكردنه‌وه‌یت هه‌یه.
بێگومان، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگادار بم، به داخه‌وه له هه‌رێمی كوردستان و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی عیراقیش، تا ئێستا كۆنترۆڵ نه‌كراوه و چه‌ندین پێشنیاز و ته‌نانه‌ت پرۆژه یاساش به‌رزكراوه‌ته‌وه له‌لایه‌ن سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندان و وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و ته‌نانه‌ت له لیژنه‌ی رۆشنبیری په‌رله‌مانیش موناقه‌شه‌ی له‌سه‌ركراوه، به‌ڵام تا بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م نووسینه‌ش هیچ رێگرییه‌ك نییه بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه، ئه‌مه‌ش وایكردووه مه‌سه‌له‌ی مافی خاوه‌ندارێتی له‌جیاتی ئه‌وه‌ی خێر‌و به‌ره‌كه‌ت بێت بۆ هونه‌رمه‌ندان و به‌رهه‌مهێنه‌ران، كه‌چی بووه به مایه‌ی به‌فیڕۆدانی هه‌وڵ و كۆششه‌كانیان، بۆیه له زۆربه‌ی كاته‌كاندا به‌رهه‌می هونه‌ری به هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه، له جیاتی ئه‌وه‌ی قازانج بكات زه‌ره‌ر ده‌كات و خاوه‌ن به‌رهه‌مه‌كه، ته‌نیا ده‌ستخۆشی بۆ ده‌مێنێته‌وه و به‌مه‌ش خه‌رجییه‌كی زۆر ده‌كات و له‌به‌رامبه‌ردا خۆی هیچی ده‌ستناكه‌وێت!.
له‌م ستوونه‌وه، خوازیارم، سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندان جارێكی تر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه به جیدی وه‌ربگرن و كۆپی رایت بكه‌ن به پرۆژه‌ی یاسا و به‌رزی بكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌كرێت كۆنفرانس و دیداری بۆ ببه‌سترێت، چونكه له‌م سه‌رده‌می زیره‌كيی ده‌ستكرد و خێرایی ته‌كنه‌لۆژیا‌دا باشترین رێگری بوونی (كۆپی رایت)ه بۆ هه‌موو بواره‌كان.