گۆڕینی فکر یان شێوازی ژیان؟

08:34 - 2022-05-12
هەستیار مارف ئاغا
712 خوێندراوەتەوە

لە مێژە میللەتی کورد تاووتوێی فکر و ئایدیا جیاوازەکان دەکات لەم سەری چەپ بۆ ئەوسەری راست و لە خەباتی سیاسی و چەکداری و شۆڕشی رۆشنگەریدا بەکاریان دەهێنێت، توانای بیرکردنەوە و داهێنان و ئاراستەکردن لای تاکەکانی کۆمەڵگە بەگوێرەی قۆناغە جیاوازەکان پیادەکراوە بەرهەمدار بووە.
سەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاستی خوێندەواری تێیاندا بەرزە، خاوەن زانکۆ و پەیمانگاکان و شاری سلێمانی بە تایبەت، بە پایتەختی رۆشنبیری ناسراوە.
لە دوای راپەڕینەوە ئازادی فەراهەم کراوە، سەرکوتکردن نەماوە، دیموکراسی ناسێنراوە، چەندین سەنتەری گەشەپێدانی فیکری و میدیایی کراونەتەوە و کەناڵەکانی راگەیاندن و سایت و ریکخراوەکان بوون بە هێزی چوارەم لە کۆمەڵگادا.
خەڵکی لە ئێستادا کێشەی ئازادی و سەربەستی  نەماوە، خەڵك تاڕادەیەکی زۆر باش ئازادە لە دەربڕیندا و مافی هەڵبژاردن و پیادەکردنی فکری سەربەخۆی هەیە لە کۆمەڵگەدا و دەتوانێت بەرەی ناڕازی هەڵبژێرێت لە سیاسەتکردندا و ببێت بە ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر بە دەستەڵات لە پەڕلەماندا.
کێشە سەرەکییەکانی خەڵک لە رووی ژیان و گوزەرانەوەیە ، دەبینین تاکەکانی کۆمەڵگەی ئازادی کوردستان، گیرۆدە بوون بەدەست هەژاری و بێکاری و بێ مووچەیی و بێدادییەوە، ئەوەندە بێزار بوون لە ژیان، تەنانەت خۆزگە بە سەردەمی دیکتاتۆریەت دەخوازن، ئەو سەردەمە تاڵە نەگریسەی تاکەکانی کۆمەڵگەی کوردی، سەرەڕای نەبوونی ئازادی، دەکوژران و ئەنفال و کیمیاباران دەکران تێیدا.
ئەگەر سەیری مێژووی مالیزیا بکەین دەبینین لەسەر دەستی دکتۆر ماهاتیر محەمەد دا لە دوو خولی حکومڕانیدا توانی وڵاتێکی جەنگەڵستانی خاوەنی  سێ نەژادی جیاوازی (مالی و چینی و هیندی) وەک مالیزایا بگۆڕێت بۆ وڵاتێکی مۆدێرنی، ئاوەدانی، پێشکەوتووی خاوەن شارستانی و کەلتوری یەکگرتوو.
توانی پیشەسازی بەگەڕ بخات، سێکتەرەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار پێشبخات، پایتەخت دروستبکات و سەرنجی سەنتەرە جیهانییەکان رابکێشێت بۆ وڵاتەکەی.
بۆ رزگاربوون لەم دۆخە داراییە نەشیاوە، خەڵکی کوردستان پێویستی بە سەرۆک نییە بەڵکو پێویستی بە سەرکردایەتییە، سەرکردەیەک بتوانێت وڵات یەکخات، پلانی ئاوەدانکردنەوە دابنێت و ویستی دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ سەرجەم هاووڵاتیانی هەبێت، گەندەڵی بنبڕکات، شێوازی ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگە بگۆڕێت نەک فیکر، کەموکووڕی نەهێڵێت و شارەکان ئاوەدانبکاتەوە، خوێندن و تەندروستی پەرەپێبدات، مووچە دابین بکات، خەڵک ئاشتبکاتەوە و ئینتیما بۆ نیشتمان زیندوو بکاتەوە، شکۆ بگەڕێنێتەوە بۆ هاووڵاتی و واز لە دروستکردنی جیاوازییەکان بهێنێت و خۆی بە خزمەتکاری هاووڵاتی بزانێت و قەیرانەکان چارەسەر بکات.

وتارەکانی نوسەر