سەد پێچە بە دەورە بکەن و دوژمنی وەهمی دروست بکەن و ناو و ناتۆرەی زبر دابتاشن، خەڵک هەم مووچەی دەوێت، هەم هەڵبژاردن.. هەم نانی گەرەکە و هەمیش ئازادی، یانی وەکو دروشمەکەی سەرۆک مام جەلال؛ (نان و ئازادی). جاران بۆ نووسەران و ئەدیبان بوو ، ئێستا بۆ هەموان پێویستە.
وێڕای قوربانی و سەبری ئەیوبی، گەلەکەمان هۆشیارە و هیچ مافێکی ناخاتە بری ئەویتریان. هەردووکیان، بگرە هەموویانی پێکەوە دەوێت.
جاران خەڵک بە شێنەیی و لە دۆخی نۆرماڵی ژیان، دەیتوانی پۆلێنکردنیان یان قۆناغبەندکردنیان قبوڵ بکات و لێی تێبگات، یان چاوپۆشی لە پاش و پێشکردن و کاڵوکرچییەکەی بکات، بەڵام ئێستا مادام تێکەڵکردنی کاغەزەکان وای لێهات وەختی زۆر و رەنجی فرە بەخەسار بچێت، ئیدی کۆمەڵانی خەڵک کاتی زۆریان نەماوە، هەموویان، هەموو مافەکانیان پێکەوە دەوێت.
نە تەخوین، نە تەهوین و نە تەوهین، نابنە ئەلتەرناتیفی (تەوتین).
خەڵک لەو سەری دێتەوە.