چاوێکیشتان لە زۆرینەی فەقیر و فوقەرا بێت

09:47 - 2024-04-27
ستران عەبدوڵڵا
149 خوێندراوەتەوە

ستران عەبدوڵڵا

 خۆ ئێمە زۆرمان داوا نەکردووە، داواکەمان ئاسان و بەردەستە.
هەر بە قەدەر پەرۆشیتان، گوایە، بۆ کەمینە و پێکهاتەکان چاوێکتان لە زۆرینەی میللەتەکە بێت. وەک مام جەلال بە زمانی میللی دەیوت (چاوێکتان لە فەقیری خۆشتان بێت).
کارێکی باشە کە غەدر لە پێکهاتەکانی کوردستان قبوڵ نەکرێت، بەڵام ئەمە دوای دابیکردنی مافی زۆرینە دەبێت. زۆرینەی کورد و تێکڕای پێکهاتەی کوردستانی.
راستێکەی کە کۆی میللەت  شادان و خەندان بوو، مافی زەوتکراوی وەرگرتەوە و هەنگوینی ئازادی و دیموکراسی، (بێ ژەهری نابێ و لاکین و شەرتی چەقۆ)، تامکرد و چێژی لێ بینی. ئەو کاتە مافی پێکهاتەکان دەبێتە تەحسیل حاسڵ و لێی ئاسانتر نییە. میللەتی کورد چاوی تێرە و پێکهاتەکانیش لە دێر زەمانەوە ئەم راستییە دەزانن و خۆیان ساحێب ماڵن. دەیسا یانی چی بەناوی پەرۆشی بۆ بەشی کەمینەوە مافی زۆرینە دوا بخرێ و هەڵپەسێردرێ؟ 
لە کام کتێب و سیپارە و پەیامدا ئەم بیدعەیە پەیڕەو کراوە کە ماف بەرامبەر ماف رابگیرێ کە ئەسڵ لە ماف و رەوایی مافەکان  ئەوەیە تەواوکاری یەکتری بن نەک بەگژ یەکدا بچن و ببنە مەرجی ماتەڵ کردنی یەکتری؟
برایان! 
دیموکراسی و هەڵبژاردنی ئازاد بەرهەڵدا بکەن خۆی رێی خۆی دەگرێ و راستەڕێی گشتگیری مافەکان دەکاتەوە.

وتارەکانی نوسەر