باکگراوند

خوێنی گەلان لە سایەی ڤیتۆی زلهێزەکاندا

09:29 - 2024-03-24
جەمال ئارێز
124 خوێندراوەتەوە

(37)

نزیکەی شەش مانگە هەردوو گەلی فەلەستین و ئیسرائیل خوێنیان لێدەچۆڕێت، بەڵام هێشتا هیچ ئاسۆیەک بەدیناکرێت بۆ وەستانی ئەو خوێن لەبەر رۆیشتنە و هیچ ئومێدێکیش نییە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی بارمتە ئیسرائیلی و بیانییەکان کە لەلای بزووتنەوەی حەماس دەستبەسەرن.
رەنگە زۆر کەس بەوە قەڵس و سەغڵەت بن ئەگەر بووترێت گرفتە گەورەکە ئەوەیە جەنگەکە جەنگێکی بە وەکالەتە و نە ئیسرائیلییەکان و نە فەلەستینییەکانیش وەک گەل دەیخوازن، بەڵکو ئەوەی هەیە جەنگی ئابووری و هەژموونی سیاسیی زلهێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکانە، یەکێک بە مەرامی سەرخستنی سەودای سەدە و یەکێکی تر بە ئامانجی دەستەبەرکردنی رێگای ئاوریشم و یەکێکی دیکەش بۆ تەواوکردنی بەرنامەی هیلال و ئەوی تریان بۆ دروستکردنی گوشار و لابردنی گوشارەکانی ناتۆ و هەندێک وڵات و رێکخراو و کەسایەتیی سیاسیش بۆ مەرامی چنینەوەی دەستکەوتی سیاسی و کەسی و گەمەکردن لەو گۆمە خوێنە لیخن و لێڵەدا.
باکگراوندی جەنگی عەرەب -  ئیسرائیل دیارە لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت، تەنانەت پرسیارکردن لەبارەی مێژووەکەیەوە وا شێوێنراوە وەک ئەو مەتەڵەی لێهاتووە کە دەڵێت: «مریشک لە هێلکەیە، یان هێلکە لە مریشکە؟»، چونکە بە گوێرەی لۆژیکی ئیسرائیلییەکان زەوییەکانی نێوان نیل و فورات، زەویی ئەوانە و خودای گەورە بەڵێنی پێداون، هەرچی عەرەب و وڵاتانی ئیسلامیشە بەو لۆژیکە دژایەتیی ئیسرائیل دەکەن کە لەدوای جەنگی دووەمی جیهانەوە بە دەستلەپشتدانی بەریتانییەکان خاکی فەلەستینیان داگیرکردووە و بەو پێودانگە لە ساڵی 1948 –ەوە تا ساڵی 1973، سێ چوار جەنگی گەورە لە نێوان عەرەب و ئیسرائیلدا روویداوە و لە هەموو ئەو جەنگانەشدا بەشکستی عەرەب کۆتایی هاتووە و بلۆکی خۆرئاواش بەگشتی پاڵپشتیی ئیسرائیلیان کردووە، هەرچی بلۆکی خۆرهەڵاتی بەرلە هەڵوەشانەوەی سۆڤیەتیشە، ئەگەرچی لە رووی میدیاییەوە و (تەنها لەبەر نیشاندانی جیاوازیی خۆیان لەگەڵ نەیارە تەقلیدییەکەیان لە خۆرئاوا) خۆیان وەک پاڵپشت و پشتیوانی عەرەب و فەلەستین خستۆتەڕوو، بەڵام لە ناوەڕۆکدا تەنها ئامانجیان بەکارهێنانی مەسەلەی عەرەب و فەلەستین بووە بۆ سەودای ژێربەژێر لەگەڵ خۆرئاوا و بەکارهێنانی ئەو کەیسە وەک کارتی گوشار.
لەدوای نزیکەی 170 رۆژ لە جەنگی ئەمجارە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی زیاتر لە چوار جار بۆ دەرکردنی بڕیارێک سەبارەت بە ئاگربەست لە غەزە کۆبۆتەوە، بەڵام هەموو ئەو لایەنانەی کە خۆیان کردۆتە ریشسپیی کەیسەکە، هێندەی لە خەمی سەپاندنی ئەجێنداکانی خۆیاندان،1 ٪ ی ئەوە لە خەمی ئەو فوارەی خوێنەدا نیین کە رۆژانە لە جەنگەکەدا ناوچەکە خوێنپڕژێن دەکات و هەرچی پڕۆژە بڕیارێک ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی ئیسرائیل دەیخەنەڕوو، لەلایەن روسیا و چین-ەوە ڤیتۆ دەکرێت و بە پێچەوانەشەوە.
هەرچی وڵاتانی ئیقلیمیشە، لەسەر ئاستی میللی، هەموان خوێن لە دڵیان دەچۆڕێت، بەڵام حکومەتەکان لەسەر ئاستی بەرژەوەندیی سیاسی و مەزهەبی  دابەشبوون بەسەر بەرەی شیعە و سوننەدا و پێدەچێت بیانەوێت چەپڵەی کۆتایی بۆ لایەنی براوەی جەنگەکە لێبدەن، هەموو ئاماژەکانیش دەڵێن: کۆتایی جەنگەکە پەیوەستە بە کۆتاییهاتنی جەنگی روسیا - ئۆکرانیا و گۆڕینەوەی رێکەوتننامەی ئەبراهام بە رێگەی ئاوریشمی و رەوینەوەی مەترسییەکانی سەر تایوانەوە، ئەوەش کەی دێتەدی؟ هێشتا دیارنییە. 

وتارەکانی نوسەر