دادگای فیدراڵی و دیدگای فیوداڵی

09:52 - 2024-03-25
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
138 خوێندراوەتەوە

لە رۆژانی رابردوودا ئەوەی وەک بەهێزیی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی  بینیمان، دەرهاویشتەی دیدگای فیوداڵی بوو بۆ حکومڕانی لە هەرێمی کوردستاندا، هەم دادگای فیدراڵی و هەم دیدگای فیوداڵی لە روانگەی پێویستی کۆمەڵگەوە دوو پێدراوی تەواو ناچوونیەکن بەیەکتر، بڕیارەکانی دادگا پشتبەستە بە بنەمای یاسایی و هێزی دەستووری وڵات، بەڵام دیدگای فیوداڵی بۆ کۆمەڵگەی کوردی و حکومڕانی و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، پشتکردنە لە دەستوور و پشتبەستە بە تاکبڕیاری و حیساب نەکردن بۆ هیچ شەریک و حزبێکی دیکەی کوردی، ئەوەندەش ئەم دیدگا فیوداڵییە کوردستانی بە کەناری وێرانبوون و داخوران و خەرەندی قووڵ بردووە، دادگای فیدراڵی «بە هەر کەموکورتییەکیشەوە ئەگەر هەیبێت»، کوردستانی بەو هێندەیە بەرەو مەترسی نەبردووە.
بە واتایەک لە واتاکان، ئەم دوو ئیدیۆمەی ئێمە قسەی لێدەکەین، بەهیچ کلۆجێک ناگەنەوە بەیەکتر، لەکاتێکدا دادگای فیدراڵی رێکخستنی هەموو ناڕێکییەکە بەهێزی دەستووری خۆی، بەڵام دیدگای فیوداڵی سنووردانان و دژایەتیکردنە بۆ هەر دیدگایەکی دیکە و پێکەوەییبوون لە کاردا،  تێگەشتنی دروست بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیش ئەوەیە، تا کەموکورتییەک لە گۆڕێ نەبووبێت و تا کارێکی نا یاسایی نەچووبێتە بەردەم ئەو دادگایە لە خۆوە بڕیاری دەرنەکردووە، یان ئەوە زۆری و گەورەیی قەبارەی کارە نا یاساییەکانە لەلایەن یەک هێزی کوردییەوە، بۆیە زۆرترین بڕیاریش رووی لەو هێزەیە و هەر بڕیارێک دادگا دەریبکات ئەو حزبە پەرچەکرداری دەبێت و دژی دەوەستێتەوە.
ئەم دیمەنە بە جۆرێکە، بەهێزیی بڕیارەکانی دادگا لە بێهێزی و گەورەیی قەبارە و نا یاسایی کارەکانی ئەو دیدگا فیوداڵییەوە دەردەکەوێت کە خۆی لە سەروو دادگاکانی هەرێم و دەسەڵاتی حکومەت و دەستەجەمعی نەتەوەیی و حزبیشەوە بینیووە، بۆیە کاتێک سکاڵای یاسایی دژی ئەو کارە نایاساییانە لە دادگای فیدراڵی کران و ئەنجامەکەیمان بینی، ئەوا دەرکەوت راستی و دروستی و بنەمای یاسایی لە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیدایە نەک لە دیدگایەکی فیوداڵیدا کە بۆ چەندان جارە کوردستان تووشی ئەو تاکبڕیارییە دەکاتەوە و دواجار دەبێت هاووڵاتیانی کوردستان باجی هەڵەکانی ئەو فیوداڵیییەتە بدەن.
لە ئابووری سەربەخۆوە تا ریفراندۆم و زۆر بڕیاری تاک لایەنانەی دیکە،  بە تەواوی دەردەکەوێت کە بڕیاردانی فیوداڵیانە و بچووککردنەوەی پێگەی شەریکەکانی حکومڕانی بۆ ئاستی پلە یەک و دوو، هیچی نوێی بەرهەمنەهێنا و کارێکی دروست نەبوو، بۆیە ئێستا بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیش تەنها ئەو ناڕاستی و کارە خراپانە راست دەکاتەوە کە ئەو تاکەلایەنە بەبێ قووڵاییەکی ستراتیژی بڕیاری لێداوە.
چیرۆکی ئەم «دادگای فیدراڵی» و «دیدگا فیوداڵی»یە تا ئەو کاتە بەردەوام دەبێت کە تێڕوانین و دیدگای فیوداڵی خۆی لە سەروو هەموو بڕیارە یاسایی و دەستووری و حکومییەکانی هەرێمەوە ببینێت و لە هیچ بڕیارێکدا نەگەڕێتەوە بۆ هێز و دیدگاکانی دیکەی هەرێم، تا ئەوکاتیش دادگا بەردەوام دەبێت لەسەر لە قاڵبدان و لە چوارچێوەگرتنی هەر حزبێک کە هەڵگری ئەم دیدگا فیوداڵییە بێت لە هەرێمی کوردستاندا.

وتارەکانی نوسەر