یەکبێژ

عیراقی فیدراڵ، گۆمێکی شڵەقاو

08:41 - 2022-05-12
هیوا محەمەد
524 خوێندراوەتەوە

لە پای بزواندنی هەستە نەتەوەییەکان لەلایەن هەموو  (بزووتنەوە کوردایەتییەکان بەرامبەر بە شۆڤێنیستانی نەتەوەکانی دیکە) بە هەموو قۆناغەکانییەوە، تێیاندا کورد وەک نەتەوە زیانی پێگەیشتووە و بەشێکیش لە سەرانی بزووتنەوەکە بوونەتە قوربانی و بەشێکیشیان پێی بوونەتە سەرمایەدار و تا ئێستاش بازاڕی کوردایەتی گەرم دەکەن تا بازاڕی سەرمایەکانیان گەرمتر بێت.
ئەگەر دروشمی کوردایەتی (شێوەی ریفراندوم)نەکرێتە هۆکار بۆ راکێشانی هەزاران لاوی تازە پێگەیشتوو، ئەی چۆن خەڵک دوای خۆیان بخەن؟ ئەگەر قووڵکردنەوەی کێشەی مەزهەبی نەبێت ئەی ئەو حزبانە بە چی خەڵک کۆبکەنەوە؟
ئەمڕۆ سەردەمی لابردنی دیوارە دروستکراوەکانی نێوان نەتەوەکان و بچووک کردنەوەی جیهانە بۆ هەرچی زیاتر لە یەک نزیک بوونەوە، هەموو جیهان یەک زمانی هەیە ئەویش هی ئامێرە پێشکەوتووەکانی پەیوەندیکردنە. 
وەرگێرانی زمانەکان بۆسەر یەکتر کارئاسانیی کردووە بۆ لێک نزیک بوونەوە، مڕۆڤەکان هێندەی بیر لە خۆشگوزەرانی دەکەنەوە، هێندە بیر لە کێشە نەتەوەییەکانیان ناکەنەوە، چونکە سەرمایەدارانیش ئەمڕۆ لە وڵاتانی خۆیان کەمتر ئایین و نەتەوە دەکەنە کێشە و ململانێ بۆ پەرەسەندنی دەستکەوتەکانیان، لەبری ئەمە تەکنۆلۆژیا و شەڕەکانی بایۆلۆژیی هاتۆتەکایەوە و سیبرانی کارتی هەڕەشەیە.
 لەو وڵاتانەش کە کێشەی کوردیان تێدایە، هەروەک بڵێی لە گوێی گادا نووستبێتن، ئاوڕێک لەو دۆخە جیهانییە نادەنەوە و بە بەردەوامی کێشەی نەتەوەیی قووڵتر دەبێتەوە و دەستی دەرەکی و ناوەکی هاندەرییەتی، ئەمە لەگەڵیشیدا کێشە ئاینییەکان هەر ماون و ئەوانیش خۆیان هەوێنێکی دیکەی کێشەکانن.
ئەگەر عیراق وەک وڵاتێک بێت و تیاشیدا هەرێمی کوردستان بەشێکی بێت، ئەوا پێویستە هەموان پێکەوە لە هەر کونجێکی ئەم وڵاتە هەوڵ بدەین بۆ بنیاتنانی و تەندروستکردنی کۆمەڵگەکەی.
لێرە کێشەی نەتەوەیی و مەزهەبی هەیە، زلهێزەکانیش وەک هەمیشە هەنگاو نانێن بۆ چارەسەرکردنی، چونکە ئەوان ئەمەیان دەوێت، وڵاتانی دراوسێ بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەڕواننە عیراق، ئێمە لای هەریەک لەوان پێناسەیەکمان هەیە، کورد دەکرێت بە گژ شیعەدا، ململانێی شیعە لەگەڵ سوننە تاودەدرێ، کورد و عەرەب دەکرێنە دوژمنی دێرین، شۆڤێنیستی سوننەکان لە دژی ناسیونالیستی کوردەکان دنە دەدرێن، عیراقییەکانیش بە هەموو پێکهاتەکانییەوە دەزانن کە ئەمە گەمەیەکە پێیان دەکرێت، بەڵام چونکە خاوەنی نییە و بەشێک لە بڕیار بەدەستان بوونەتە داردەستی وڵاتانی ئیقلیمی و زلهێزەکان، ئەوا ناتوانن چارەسەری کێشەکانی خۆیان بکەن و لەدوای زیاتر لە 7 مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، حکومەتیان پێ پێکناهێندرێت.
حزبە عیراقییەکان بە راست و چەپیانەوە بەرنامەیەکی وایان نەخستۆتە روو کە چارەسەری دۆخەکە بکات، ئەوەشی لەژێر لێوەوە دەدوێت کەس گوێی لێناگرێت، چونکە پێگەیەکی هەژموونداری نییە.
لە هەرێمیش بەهەمان شێوە، پارتی لە بری هەنگاونان بۆ ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو، کەچی لەسەر پۆست و پلەکانی بەغداش کەوتۆتە ململانێی سەختەوە لەگەڵ یەکێتیی، ئەمە لەکاتێکدایە کە هەموو جومگە هەستیارەکانی هەرێمی کوردستان بە پلەی یەکەم لەدەستی ئەواندایە و دەشڵێن حکومڕانی شەراکەت.
ئەگەر عیراق یەک وڵات بێت و تیاشیدا هەرێمی کوردستان بەشێکی بێت، ئەوا پێویستە هەموان پێکەوە لە هەر کونجێکی ئەم وڵاتە هەوڵ بدەین بۆ بنیاتنانی و تەندروستکردنی کۆمەڵگەکەی، ئەمە ئەرکی نیشتمانییە، نەک قووڵکردنەوەی کێشەی نەتەوەیی و مەزهەبی.

وتارەکانی نوسەر