هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە و لێکەوتەکانی

09:56 - 2024-07-07
شاڵاو عەبدوڵڵا سۆفی
293 خوێندراوەتەوە

سەرەتای تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس جەنگی دژی ئیسرائیل راگەیاند و سەدان موشەکی لە غەززەوە ئاراستەی خاکی ئیسرائیل کرد، لە وەڵامی هێرشەکانی حەماس سوپای ئیسرائیل هێرشی زەمینی و ئاسمانی دژی حەماس راگەیاند، تائێستاش بەهۆی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیلەوە زیاتر لە 38 هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، نزیکەی 90 هەزار کەسیش برینداربوون کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.
کارەساتی مرۆیی لە رەفەح
شارۆچکەی رەفەح دەکەوێتە باشووری کەرتی غەززه، لە نزیک سنووری میسر، لە سەرەتای گرژی و ئاڵۆزییەکاندا رەفەح شوێنێکی پارێزراوبوو لەشەڕ، بەڵام لە سەرەتای ئایاری 2024 ەوە سوپای ئیسرائیل هێرشی وشکانی و ئاسمانی بۆ سەر ئەو شارۆچکەیە دەستپێکرد، پێش دەستپێکردنی هێرشەکان ژمارەی دانیشتوانی رەفەح 280 هەزار کەس دەبوو، بەڵام بەهۆی شەڕەوە لە ناوچەکانی تر، زۆرینەی فەڵەستینییەکان روویان کردە شارۆچکەکە بە جۆرێک ژمارەی دانیشتوانی زیادی کرد بۆ نزیکەی ملیۆن و نیوێک، ئێستا هاووڵاتیانی مەدەنی و ئاوارەکانی رەفەح بەهۆی هێرشەکانەوە لە دۆخێکی سەخت و دژواردا دەژین و خواردن و خواردنەوەیان بە ئەستەم ده ست دەکەوێت، شوێنە مەدەنی و ئاینییەکان و دامەزراوە تەندروستییەکان و پەروەردەییەکانیش دەکرێنە ئامانج، ئەمەش پێچەوانەی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و رێکەوتننامەی چوارەمی جنێفە.

 

فەلەستینییەکان بە ئومێدبوون کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشانە بکات و پشتگیری لە کەرتی غەززە بکات، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەو هەڵوێستەیان نەنواند

 

بڕیارەکانی دادگای دادی نێۆدەوڵەتی
دادگای دادی نێۆدەوڵەتی لە 24ی ئایاری 2024دا لەسەر سکاڵای ئەفریقای باشوور دژی تاوانکارییەکانی ئیسرائیل دانیشتنی ئەنجامدا، لە سکاڵاکەدا ئەفریقای باشوور داوای لە دادگاکە کردووە، سێ رێوشوێنی کاتی بگرێتەبەر کە بریتین لە: 
ئیسرائیل دەستبەجێ بکشێتەوە و هێرشە سەربازییەکانی لە شارۆچکەی رەفەح رابگرێت، هەروەها ئیسرائیل ناچاربکرێت کە رێگە بدات بە تیمە تەندروستییەکان و رێکخراوە مرۆییەکان بێ بەربەست بچنە ناو غەززەوە، دوای سەیرکردنی سکاڵا و بەڵگەنامەکانیش دادگا رایگەیاند، دەبێ ئیسرائیل ئەو کردارانەی رابگرێت کە بوونەتە هۆی لەناوبردنی فەلەستینیەکان و دادگا داواشی کرد ئیسرائیل، دەروازەی سنووری رەفەح بکاتەوە بۆ ئەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بگەیەنرێت بە دانیشتوانی ئەو شارۆچکەیە.
لەوەڵامی بڕیارەکانی دادگای دادی نێودەوڵەتیش، ئیسرائیل ئیدانەی بڕیارەکانی کرد و بێنی گانتزی وەزیر لە کابینەی جەنگی ئیسرائیل وتی: بڕیارەکانی دادگا رەتدەکەینەوە و ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە جەنگ و هەوڵی رزگارکردنی بارمتەکان دەدات ئەمە چ جای دەستبەرکردنی  ئاسایش لە غەززە.
هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی
دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و رەفەح و بەئامانجگرتنی شوێنە مەدەنییەکان، فەلەستینییەکان بە ئومێدبوون کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشانە بکات و پشتگیری لە کەرتی غەززە بکات، بەڵام بە پێچەوانەوە وڵاتانی عەرەبی ئەو هەڵوێستەیان نەنواند، ئەمەش بەهۆی بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپا و هەبوونی چەندین رێکەوتننامە و لێکتێگەیشتن لە بوارەکانی پیشەسازی و دارایی و ئابووری و تەکنۆلۆژی و کشتوکاڵی و تەندروستی.

 

خراپی بارودۆخی هاووڵاتیانی رەفەح بەهۆی شەری ئیسرائیل و حەماس

وتارەکانی نوسەر