هەوێن

کەرکوک و کورد و پارێزگارەکەی

10:05 - 2024-03-27
نەرمین عوسمان
345 خوێندراوەتەوە

زۆرینەی پارێزگاری پارێزگاکانی عیراق هەڵبژێردران و ئیتر دەچنە قۆناغی جێبەجێکردنی بەڵێن و بەرنامەکانی سەروەختی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانەوە، ئەوە عورفی سیاسیی دوای هەڵبژاردنەکانە و لە وڵاتێکدا کە سیستمی دیموکراسی چەسپاو و بێ کێشە بێت، کارێکی ئاساییە و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات هیچ کێشەیەکی نابێت، بەڵام دەبینین لە وڵاتێکی وەکو عیراقدا ئەو پرسە تەواو قەیراناوییە، چونکە دیموکراسی نەچەسپیوە و بەشبەشێنە جێی دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی گرتۆتەوە، ئەوەش قەیرانەکانی قووڵتر کردۆتەوە.
لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دا کە یەکێتیی سەرکەوتووترین لیست بوو، کوردیش بەگشتی توانی پارێزگاری لە ناسنامەی کوردستانیبوونی شارەکە بکات، بەڵام هێشتا گرێکوێرەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات نەکراوەتەوە، لایەنی خراپی ئەوەیە دەسەڵاتدارانی شارەکە چوونەتە سووڕی بێ شەرعیبوونی دەسەڵاتەوە و بێ هیوایی جێی هیوای لای خەڵک گرتۆتەوە، خۆشبەختانە کورد لەم قەیرانەدا هۆکار نییە، بەڵکو ئەوانی دیکە رێ لەوە دەگرن کورد دەسەڵاتی راستەقینەی شارەکە وەربگرێتەوە، هەر دەبێ وەریشی بگرێتەوە.
سێ گەڕی کۆبوونەوەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق لەگەڵ سەرکردەی لیستە براوەکان و پێکهاتەکانی کەرکوکدا، تائێستا سەرکەوتوو نەبووە لە دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ دەستنیشانکردنی پارێزگار و پۆستە باڵاکانی دیکە، لەگەڵ ئەوەی هەموان داوای چارەسەر دەکەن، بەڵام ڤیتۆی ناڕەوای هەندێک پێکهاتە بە ئاراستەی بەشخواردنی کورد و یەکێتییە و دەیانەوێ لە بەشە کێکی هەر لایەکی دیکە بخۆن، ئەوەش نابێ و نابێ ببێت.
بابەتی مافی پێکهاتەکانی دیکەی کەرکوک بەلای کوردەوە گرنگبووە و لەگەڵ پاراستنی و وەرگرتنی شایستەیی خۆیانن لەسەر بنەمای رەنگ و دەنگ و رێژەیان، مەرجی ستاندار بەلای کوردەوە ئەوەیە هەمووان بسازێن بەو مەرجەی ناسنامەی کوردستانێتیی کەرکوک پارێزراوبێت، چونکە مێژوو و جوگرافیا و هەڵبژاردنیش هەر ئەوەی سەلماندووە.
کورد بۆئەوەی رێگە بگرێت لەوەی مافەکانی بخورێت، پێویستی بە سازانی بێ مەرجە، خۆ ئەگەر ئەوە نەکات، ئەوا روونە مێژوو و بەشی سەرەوژێر دەکەن. راستکردنەوەی هەڵەی لێکترازانیش هەر سازانی کوردستانیانەی بێ مەرجی دەوێ، نەک ئەوان نەسازانی کورد بکەنە دەرفەتی نالەبار و زیاتر کەرکوک و ناسنامەکەیی پێ لە قاڵب بدەن و کاڵی بکەنەوە.
کورد خاوەنی راستەقینەی دۆزی کەرکوک و شایستە بەوەیە سەرۆکاریی خزمەتکردنی شارەکەی بدرێتەوە دەست، ئەوە بانگەشەی بێ بنەما نییە، بەڵکو خاوەنی رەوایەتیی مێژوویی و ناسنامەی شارەکە و دەنگی زۆرینەیە، لە پاراستنی کەرکوک و خەڵکەکەشیدا لە بەعس و داعش، هەر کورد بوو سنگی کردە قەڵغان رووبەڕووی ئەوانەی دەیانویست کەرکوک بکەنە گۆمی خوێن، خۆ سەروەختی بەعسیش کورد بووە رێگر لەسەر سیاسەتی تەعریب و تەبعیس و ئەگەر وا نەبووایە رژێمی سەدام حسێن بەتەواوەتی کەرکوکی دەگۆڕی.
پێشمەرگە کە ئەوسا و ئێستایش بۆ پاراستنی کەرکوک درێغی نەکردووە، شایان بەوەیە پاراستنەوەی کەرکوکی بدرێتەوە دەست، ئەوەش ئەوکاتە دەبێت کە پێکهاتەکانی دیکە پێچ و دەوران بە راستییەکان نەکەن و دەرگای سازانی راستەقینە لەگەڵ کورددا بکەنەوە، دڵنیاشن هەر کورد پارێزەری پێکەوەژیانە.

وتارەکانی نوسەر