باکگراوند

هەڵبژاردن و هەڵبژاردنی بێدەنگی

09:52 - 2024-03-31
جەمال ئارێز
118 خوێندراوەتەوە

(38)

خراپترین دیاردە لەم هەرێمەدا بێدەنگی کردنە لەو درۆ و بوختانانەی کە لایەنێکی سیاسی بۆ یەکێکی تری دروستدەکات، لایەنەکەی تر بە پاساوی پاراستنی ئاشتی و هێمنی یان بە کەم سەیرکردنی لایەنی بەرامبەر بێدەنگی هەڵدەبژێرێت.
رەنگە زۆرجار دەرهاویشتەی ئەو هەڵبژاردنی بێدەنگییە لەسەر لایەنی سیاسی بەرامبەر زۆر بە گران بکەوێتەوە، چونکە هاتنە دەنگی درەنگوەختە هەم کاریگەریی نابێت و هەم لە سەنگی راستکردنەوەکەش کەمدەکاتەوە بەو پێیەی ناڕاستییەکە پێشتر لەلای وەرگر دەچەسپێت، ئەگەر دەستبەجێ وەڵام نەدرێتەوە.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ باکگراوندی ئەم دیاردەیە و یەکێتی وەک سمپڵ وەربگرین لە دوای راپەڕینەوە، ئەوا دەگەینە ئەو راستییەی کە میدیا و ئۆرگانەکانی ئەم حزبە دوو فاوڵی زۆر گەورەیان کردووە، فاوڵێکیان ئەوەیە سەرەڕای ئەو ئازادییەی کە لەم حزبەدا هەبووە و خودی سکرتێری حزبەکە کە سەرۆک مام جەلال بووە لە چەند بۆنەیەکدا داوای کردووە «ئەگەر رەخنە لە یەکێتی گیرا با لە کوردستانی نوێ و میدیای یەکێتیدا بڵاوبکرێتەوە»، بەڵام بەپێی گۆڕانکاری لە بەرپرسی ئۆرگانەکانی راگەیاندندا هەندێک جار ئەو پڕەسنسیپە وەلانراوە و جۆرێک لە  لەمپەر و قەدەغە بۆ رەخنە لە یەکێتی لەناو میدیاکانی خۆیدا دروستکراوە، بەوەش رەخنەگران ئەگەر کادر یان دۆستی سەمیمیی حزبەکەش بووبن، ناچاربوون رەخنەکانیان لە شوێنی دیکە بڵاوبکەنەوە و زۆرێک لە نەیار و رکابەرەکانی یەکێتیش وەک ئەوەی هەنگوینیان لە کلۆرە داردا دۆزیبێتەوە، بە کۆڵێک ترش و خوێوە بڵاویانکردۆتەوە و ئیتر ئەو رەخنانە لە ستوون و وتارەوە کراونەتە کەرەستەی چەندین راپۆرتی رۆژنامەوانی!
فاوڵی دووەمیش ئەوەبووە کە زۆرجار ئەو ستوون و راپۆرتە رەخنەییانەی لە میدیای رکابەر و نەیارەکانەوە لەسەر یەکێتی بڵاوکراونەتەوە، 20٪ی راستی بووە و 80٪ی دیکەی پڕوپاگەندەی ناحەزانە و درۆی شاخدار بوون، بەڵام لەلایەن بەرپرسانی ئۆرگانەکانی یەکێتییەوە فەرامۆش کراون و رێگەیان نەداوە گەرماوگەرم وەڵام بدرێنەوە، بە پاساوی ئەوەی گوایە میدیای یەکێتی نەکرێتە سەکۆی شەڕە دەنووک و ریکلام بۆ ئەو میدیایانە، بەڵام ئەو فەرامۆشکردن و وەڵامنەدانەوانە، دواجار بە زیانی خودی یەکێتی کەوتۆتەوە.
ئێستا ئەگەر واز لە باکگراوندی ئەو پڕوپاگەندە و بوختانانە بهێنین کە لە چەند ساڵی رابردوودا لە دژی یەکێتی کراون و میدیای یەکێتی لێیان بێدەنگ بووە، ئەوا کاتی ئەوەیە میدیای یەکێتی بە بیستراو، بینراو، نووسراو و دیجیتاڵ میدیاوە بە سوود وەرگرتن لە لێدوانەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی حزبەکە لە پیرمام کە وتی: «لەمەودوا یەکێتی وسکوت نابێت و لە کاتی خۆیدا وەڵامی هەموو چەواشەکارییەک دەداتەوە»، لیرەوە چیتر رێگە نەدەن لە میدیای رکابەر و نەیارەکانەوە هەواڵی درۆ و تۆمەتی بێ بنەما بخرێتە پاڵ یەکێتی و گەرما و گەرم وەڵامی هەموو ئەو بوختان و دەنگۆ هەڵبەستراوانە بدەنەوە کە بە مەرامی شکاندنی یەکێتی بڵاودەکرێنەوە، بەتایبەتی لەم سەروبەندەدا کە بەرەو هەڵبژاردن دەچین کە دیارە ئامانجەکە  چییە و بشکرێتە بەرنامەی هەمیشەیی بۆ دوای هەڵبژاردنیش.

وتارەکانی نوسەر