كاروانه‌كه‌ی كوردستانی نوێ، به‌رده‌وامه‌

09:50 - 2024-04-02
د.یاسین ره‌ئوف
374 خوێندراوەتەوە

 سەرنوسەری نوێی كوردستانی نوێ دەستبه‌كار بوو، پێش پیرۆزبایی لێكردنی بۆ وەرگرتنی ئەم ئه‌ركه‌، با كاروانە گرانبەهاو سەنگینەكەی خودی ئەم رۆژنامە خەباتگێڕە خۆی هەڵبسەنگێنم. هه‌موومان ئاگادارین كه‌ به‌ درێژایی 32 ساڵی رابردوو، هەزاران لاپه‌ڕه‌، هه‌زاران نووسەر، ملیۆنەها هەواڵی خۆش و ناخۆش، كێشه‌ و ئازاری خه‌ڵك، سەدان لێكۆڵینەوەی زانستییانە، وه‌رگێڕان، بیرەوەری، یادگارییەكانی پیشمەرگە، شیعر و ئەدەب و یادی شاعیران، پرسی هونه‌رمه‌ندان، گه‌نجان و توێژه‌كانی تر،نووسینەوەی مێژوو، كۆڕو سیمینار، دیبەیت و كۆبونەوەی فراوان، به‌رهه‌م و به‌رنامه‌ بۆ منداڵان، ره‌خنه و پلار‌، توانج و سیخورمە، گاڵتە و گەپ لەگەڵ سیاسی و سەركردەكان و هەرچی بواری تری نووسین و هەواڵ و رۆژنامە و كتێب و زانست هەیە، زۆر بابه‌تی تریش كه‌ ره‌نگه‌ ئێستا به‌بیردا نه‌یه‌نه‌وه‌، هه‌ر هه‌موویان خۆیان لە قوژبنێكی لاپەڕەكانی ئەم سیمبولی رۆژنامەنوسییەی كورد و كوردستاندا بینیووته‌وه‌ و دەبینێتەوە.
  كه‌ ئه‌و مێژووه‌ هه‌ڵده‌سه‌نگێنم ده‌بێ بڵێم به‌ حەق شایانی گەورە راگرتنه‌، هەر دەشبێت بۆ له‌مه‌ودوا سەرنووسەرەكەی و سەرقافڵەكەی بەدەستی پیاوی شارەزا و ئەكادیمیستی وەك سه‌رنووسه‌ری نوێیه‌وه‌ بێت.
 هەر لە سەرنووسەری رۆژانی سەختی خەباتی شاخه‌وه‌، وەك د. ئەرسەلان بایز، فەرەیدون عه‌بدولقادر، رۆماننووس و لێكۆڵه‌ری وەك خوالێخۆشبوو كاك مەحمودی مەلا عیزەت، کاک کاوە محەمەد تا كادری به‌ئه‌زموونی وەك كاكە ستران و ئه‌دیبی وه‌ك كاكه‌ حەمە كەریم و، تا پیاوی ئەكادیمی و مامۆستای زانكۆ و بە توانای وەك كاك د.عەدالەت، هەموو ئەمانە و ئه‌وانیتریش، چیرۆكی مێژووی پڕ لە خەبات و داهێنان و گەورەیی ئەم خوێندنگایەی كوردستانمان بۆ ده‌نووسنه‌وه‌ كه‌ رۆژنامەی (كوردستانی نوێ)یه‌.
  بۆیه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م مێژووه‌ و گۆڕانكارییه‌كانی بۆردی راگه‌یاندندا ده‌ڵێم: برای ئازیزم كاكە عەدالەت، زۆر خۆشحاڵم كە جەنابت دەبینم سەرقافڵەی كوردستانی نوێ دەگریتەدەست، وەك چۆن دەزانم و دەبینم كە چه‌خماخه‌ لێده‌ری شۆڕشی نوێی گەلەكەمان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوو و یەكەم رۆژنامەی دوای راپەڕینیش كوردستانی نوێ بوو، ئاوهاش ده‌بینم جڵه‌وی سەر قافڵه‌ی گۆڕانكاری و كاروانی ئەو رۆژنامەیە لای جەنابتانە. به‌تایبه‌تی كه‌ ئەمڕۆ رۆژی ململانێی سەختی بواری رۆژنامەگه‌ری و میدیا و تۆڕه‌ كۆمەڵایەتییەكانە، جەنابیشت سوارچاكی ئەو بوارانه‌یت و هەم ئەكادیمییانە و هەمیش هاوچەرخانە بیر لە داهێنان و ئەفراندنی نوێ دەكەیتەوە تا كوردستانی نوێ وەك پێشەنگی هەمیشە زیندووی بواری رۆژنامەگەریی بمێنێتەوە. 
   ماوه‌ته‌وه‌ بڵێم، هیوای گەشەكردنی زیاتر و پەرەپێدانی زۆرتری بواری هونەری و ئازادی و ریتمی نوێی نووسین و بڵاوكردنەوەی كەلتوری رەسەنی رۆژنامەگەریی جیهانی و كەلتوری كوردەواری بۆ كوردستانی نوێ ده‌خوازم، هەوڵیش دەدەم بتوانم، جار جارە، سەرە قەڵه‌مێك بنووسم و بیخەمە سەر خەرمانی پر پیت و بەرەكەت و كێوئاسای ئەم سیمبولەی رۆژنامەگەریی كوردی.

وتارەکانی نوسەر